ئارام کۆشکی
لەنێو ئەو لێشاوە قەیرانەی بۆ هەرێمی کورستان دروست کراوە و هاوکات بە کۆمەڵێک قەیرانی دیکە دەورە دراوە، کردنەوەی پێشانگەی کتێب و بیرکردنەوە لە پێشانگەکانی وەبەرهێنان و گەشتیاریی و پێشانگەی سێکتەرەکانی دیکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، جۆرێک لە ڕیسک و ئاڵەنگارییە بەڕووی ئەو زنجیرە نەهامەتیانەی ڕووبەڕووی ئەم ناوچەیە بووەتەوە. کورد وەکو گەلێکی زیندوو کە بەهۆی جەنگ و ماڵوێرانی و سیاسەتەکانی دیکتاتۆری پێشوەوە هەست بە دواکەوتن و لە کاروانجێمان دەکات، ئێستا بە وزەیەکی نوێ و زیندووێتییەکی زۆرەوە باوەشی بۆ دونیای نوێ و ئەو گەشەکردنانە کردووەتەوە، کە دونیای نوێ دەیخوازێت. یەکێک لەو هەنگاوانەش کردنەوەی پێشانگەکانی کتێب و سێکتەرەکانی دیکەیە.
کردنەوەی پێشانگەی کتێب لە هەر شارێکی هەرێمی کوردستان جۆرێک لە زیندووێتی و جوڵە و وزەی نوێیە بۆ کۆمەڵگەی کوردی. جۆرێک لە هێمایە بۆ ئەوەی گەلێک هەیە زیندووە و جەنگ و ماڵوێرانییەکانی ئەم ناوچەیە و ئەنفالکردن و قڕکردنەکانی چۆکیان پێ دانەداوە و هێشتا لە خەمی فێربوون و گەشەسەندندایە. کردنەوەی خولی شەشەمی پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی، سەرەڕای ئەو لێشاوە قەیرانەی ئەم ناوچەیەی گرتووەتەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەلماندنی ئەوەی گەلێک هەیە هێشتا زیندووە.
ئەگەر ورد سەرند بخەینە سەر پێشانگەی کتێبی ئەمساڵ لە سلێمانی ئەگەرچی لەڕووی بەشداریی خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و ژمارەی سەردانیکارانەوە بەراود ناکرێت بە خولەکانی دیکە، بەڵام ئەوەی ئەم پێشانگەیەی سەر خست ئەو وزە و جوڵەیە بوو، کە سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانە سیاسی و داراییە ناوخۆییە و نێوچەییەی لە وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان هەیە کردنەوەی ئەم پێشانگەیە جۆرێک لە هێمای بەردەوامی و زیندووێتی ئەو گەلەیە کە دەخوازێت ئارامیی و ئاسایشی هەمیشەیی بۆ ناوچەکە مسۆگەر بکرێت و هەموان بگەڕێنەوە بۆ لای کتێب وەک سەرچاوە ڕەسەنەکەی مەعریفە و گەشەسەندن و پێشکەوتنی کۆمەڵگە.
خولی ئەمساڵی پێشانگەی کتێب سەرەڕای تێبینییەکان و کەموکوڕییەکان، بەڵام کردنەوەی پێشانگەکە وزەیەکە بۆ کۆمەڵگەیەک، کە ساڵانێکی زۆر، دوورە کتێب بووە و ئێستا دەیەوێت لە ڕێی ئەم پێشانگایانەوە قەرەبووی ئەو دوورییە بکاتەوە و هەنگاوێک لە بەکولتوورکردنی خوێندنەوە و ئاشنابوونەوە بە کتێب نزیک بێتەوە. کاتێک باس لە نزیکبوونەوە لە بەکولتوورکردنی خوێندنەوە دەکەین بیرمان لای ئەو سوودە سەرەتاییانەی پێشانگەی کتێبە، کە دەکرێت ببنە هاندەر بۆ خوێندنەوە لە چەشنی ژوانی نووسەران و خوێنەران، یان ئەو زنجیرە سیمینار و کۆڕانەی بەدرێژایی هەر 11 رۆژی پێشانگەی کتێب ڕێک دەخران.
دەشێ وێنای ئەوە بکەین، کە فێرخوازێک هەرگیز کتێبی نەخوێندووەتەوە و ڕێی دەکەوێتە پێشانگەی کتێب و بەهۆی قەیرانی داراییەوە توانای ئەوەی نییە هیچ کتێبێک بکڕێت. دوای دوو کاتژمێر لە پێشانگە لەگەڵ هاوڕێکانی دێتە دەرەوە. بەڵام ئەم فێرخوازە، کە هیچ کتێبێکی نەکڕیوە بە ویست، یان بەبێ ویستی خۆی (بە گریمانەیی) ناونیشانی سەد کتێبی خوێندووەتەوە و ئەگەری ئەوەی هەیە بەشداری یەکێک لە پانێڵەکانی کردبێت و دەشێ لەگەڵ هاوڕێکانیدا گفتوگۆی لەسەر کتێبی نووسەرێک کردبێت. خۆ ئەگەر پێشانگەی کتێب نەکرایەتەوە ئەم فێرخوازە بەر هیچ کام لەوانە نەدەکەوت، کەواتە کردنەوەی پێشانگەی کتێب هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاشتکردنەوەی کۆمەڵگە بە کتێب و مەعریفە. بەڵام ئەوەش ڕوونە کە ئەم پێشانگایانە تەنها ڕەهەندێکی ڕۆشنبیریی و مەعریفیان نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی گەشتیاریی و ئابووریی و سیاسیشیان هەیە و هێماشن بۆ زیندووێتی کۆمەڵگە. مادام دەمانەوێت کۆمەڵگەکەمان زیندووبێت، گرنگە کردنەوەی ئەم پێشانگایانە بەردەوامی هەبێت، چونکە بەردەوامیان، بەردەوامیدایە بە گەشەسەندن و داهێنان و پێشکەوتن، کە دواجار چەشنی وزەیەکن کە زیندووێتی دەبەخشنە کۆمەڵگەی کوردی.