خالید کۆچەر
شیعر ئەو ژانرە جوانەیە، خۆی جودا کردۆتەوە لە ژانرەکانی دیکە، لە سنووری خەونە پەمەییەکاندا خۆی نادات بە دەستەوە، ئێستاتیکایەکی ڕاکێشاوە زمانی ئاخاوتنی لە خۆی دوور خستۆتەوە، چەندە خۆشبەخت دەبین هەرکە گوێمان لە نەغمەی شیعرێکی بێگەرد دەبێت تا تەواو دەبێت لەناو قووڵایی مەستیی ئەودا دەتوێینەوە، زمان ئەو بناغە پتەوەیە لە یەکەم هەنگاودا بە ئاسوودەیی ڕەنگڕێژمان دەکات و مژدەمان پێ دەبەخشێت، بە خودی نووسەرەکە دەڵێت: ئاگادار بە خۆت بە ساکاری ڕادەستی ژانرێک مەکە تیا سەرکەتوو نەبیت، شیعری جوان وەک دیتنی ئاسمان وایە لە شەوانی مانگەشەودا ئەستێرەکان رووناکی خۆیان بە زەمین نیشان دەدەن، ناخی هەست، قووڵایی دڵ، ئەفراندنی سۆز، بەهای گەوهەر، لەنێو هاوسەنگیی هەناسەبڕکێی گریانێکی ناخهەژێندا دێڕی جوان دەنووسێتەوە بۆ ناونیشانی شیعرێکی دیکە و قەسیدەیەکی دیکە، لەناو ئاپۆڕای دەنگەکاندا با ژمارەی شاعیرەکان هەر زۆر بن، ئەوەی دەنووسێت، هەرهەموویان دەبنە شاعیری باڵابەرز لە ڕاستیدا دەڵێین نا، شیعرنووسین پیشەی سەنعەتکارێک نییە بە زەخرەفەی سەرنجڕاکێش سەرنجی دەوروبەری بۆ خۆی ڕاکێشێت، گەلێک جار شیعرێکم پێ تەواو نەبووە و بێزاری کردووم هیچ لەزەتێکی پێ نەبەخشیوم، چەندین جار لە خوێندنەوەی قەسیدەیەک بێزار بوومە، کاتی لێ گرتووم لە قەسیدە نەدەچوو، بەڵام دەیان جاریش لە خوێندنەوەی دیوانێکدا بڕی تێنوویەتیم پێ نەشکاوە، دووبارە و سێبارەم کردۆتەوە لە خوێندنەوە، لەم سەردەمەدا چاپکردنی کتێب ژمارەی پێوانەیی شکاندووە لە بری سپاردنی کتێب، لەناو ئاپۆڕا و ڕەشبەڵەکی تەواوی ژانرە کتێبەکاندا خوێنەرمان نییە، ئەوەش مەسەلەیەکی دیکەیە و جارێکی تر باسی دەکەم، لەناو جیهانی شیعردا لە گەل ناسینی کتێبێکی دیکەدا لاپەڕەکان هەڵدەدەمەوە و دەیخوێنمەوە، شاعیری ڕاستەقینە گرەو لە گەورەیی خۆی ناکات و خۆی بە گەورە نازانێت، وەک خۆم ئەو دەنگانەم خۆش ویستووە بە سادەیی و بە خاکەڕایی پێ دەنێتە شەقام، گۆرانیی خۆی دەڵێت و لەناو سەمای وشەکاندا خۆی بۆ خوێنەر جێ دێڵێت، لەم ڕۆژانە کۆشیعرێکی دیکە خۆی ناساند، وتی: تەشییەکەی بەختم خۆشەویستیت بۆ دەڕێسێ، ئەوە ناونیشانی کتێبێکی دیکەی (بورهان بەرزنجی) شاعیرە لە دووتوێی 258 لاپەڕە بە قەبارەی گەورە و بە کوالییتەکی باش لە چاپخانەی تاران چاپ کراوە بە تیراژی 1000 دانە، شاعیر لەسەر گیرفانی خۆی ئەم کتێبەی چاپ کردووە، پتر لە 16 نووسەر پێشەکییان بۆ نووسیوە هەریەکەو سەرنج و خوێندنەوەی خۆیان بۆ ئەم کتێبە کردووە، 97 لاپەڕەیان داگیر کردووە لەم کۆشیعرەدا، وەک خۆم لەگەڵ زۆری و بۆری ئەو قەڵەمانە نیم بۆ پێشەکی نووسین، دوای بڵاوبوونەوە و چاپکرانی هەر کتێبێک هەموو قەلەمێکی ڕەخنەگڕ ئازادە چۆن کتێب هەڵدەسەنگێنێ و چۆنی دەخوێنێتەوە و چی دەنووسێت، ئەم کۆشیعرە 128 شیعری لە باوەش گرتووە، لە ناسینی کتێبدا هەموو جوانکاریی نووسین ئەو هەستە گەرمەیە تۆ بە لای خۆیدا ڕاتدەکێشێ و دەتباتە ناو دۆڵی خانی سەمایەکی ئاودا سەوزایی پێ شین دەکات، فێنکایەک بە تەزووی گەرمی کتێبدا تێپەڕ دەبێت، سروشتی خۆم ئاوایە شیعری جوانم خۆش دەوێت، کتێبی جوانم خۆش دەوێت، شاعیری جوانیشم خۆش دەوێت، ئەوەتا بورهان بەرزنجی لە شیعری ‘ئەی گۆچانی شاخی پیریم’ـدا دەڵێت:
کەی ئاوازی سپێتی پرچم دەژەنی
کەی ترپەی بێنازی دڵم
لە کۆشتا کۆ دەکەیتەوە
کەی لە چاوتا جێگەی بەختم بۆ ڕادەخەی
تۆ بڵێی ڕۆژێ لە ڕۆژان
ڕوبار بدا لە دەرگام و
سوراحی ئاوازی جوانم بۆ پر بکات
تۆ بڵێی تۆ بێییتە خەوم و
بە گوڵێکی جوانی دەنگت بانگم بکەیت و
ئەلفوبێی عەشقم فێر بکەی !
لە شیعرێکی دیکە، تیشکی خۆر بویتایە، بە بێدەنگی ئەم چەند دێڕانە دەنووسێت:
تیشکی خۆر بوویتایە
بەشی کەسم لێ نەدەدای
شەوانیش
ناوی تۆم لەسەر سینگی هەموو ئەستێرەکان دەنووسی
کراسی ڕۆشنایی تۆم پێ لەبەر دەکردن
منیش لەنێو جەرگەی
گەرمی ئەم خۆشەویستییەت
دەتوامەوە!
قسەکردن بۆ ئەم کۆشیعرە کاتی دەوێت و بۆ جارێکی دیکەی هەڵیدەگرم، کۆشیعری: تەشییەکەی بەختم خۆشەویستیت بۆ دەڕێسێ یەکێکە لە کۆشیعرەکان جوانەکان، لەم سەردەمەدا لە سەردەمی قەیرانی شیعری جواندا، شایانی خوێندنەوەیە، وەک خۆم چێژم لێ وەرگرت، بە ئومێدیشم ئێوەش لە خوێندنەوەی بە تامی لەزەت ئارامییەک بە رۆحی بێگەردا جوانییەکی دیکەتان پێ ببەخشێت .