پەروەردە و بەکولتوورکردنی خوێندنەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

هەنگاوە بنەڕەتییەکانی پرۆسەی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە لە سێکتەری پەروەردەوە دەست پێ دەکات. بەبێ پەروەردە ناتوانین هەنگاوی گەورە لەم پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە بەرینە پێشەوە. ئەوکاتەی پەروەردە هەنگاوی یەکەمی لەم پرۆسەیەدا، نا ئەوسا هەنگاوی دووەم دەکەوێتە سەر خێزان، وەکو یەکێک لە کایە گرنگەکانی پەروەردەکردن و ئیدی کایەکانی دیکەی پەروەردەکردن لەپلەی سێیەم و چوارەم و دواتردان.

هەمیشە بڕوام وەها بووە کە گۆڕینی کۆمەڵگەیەک لە بوونی سیاسەتێکی پەروەردەیی مۆدێرن و نوێوە دەست پێ دەکات. بەبێ بوونی سیاسەتێکی پەروەردەیی نوێ و هاوچەرخ گۆڕینی عەقڵیەتی دواکەوتوو و تێپەڕاندنی خەوشەکانی نێو کولتوور کۆتایی نایەت. هەمیشە پێمانوابووە، کە پەروەردە لە گەورەکانەوە بۆ بچووکەکان شۆڕ دەبێتەوە، بەڵام چەند ڕۆژی ڕابردوو لە پێشانگەی کتێب بەر چیرۆکێکی پێچەوانە کەوتم، کە دوو منداڵ هانی دایکیان داوە کتێب بخوێنێتەوە و دوای ساڵانێک دابڕان دایکیان لەگەڵ خوێندنەوە ئاشت کردووەتەوە.
چەند رۆژی ڕابردوو لە میانەی پێشانگەی کتێب لە سلێمانی لە یەکێک لە خانەکانی چاپ بەدوای کتێبی دڵخوزای خۆمدا دەگەڕام و وەک هەمیشە سەرقاڵی دنیای پەنهانی کتێبەکان بووم، بە سوتفە هاوڕێیەکی سەردەمی خوێندکارییم بینییەوە، کە لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا بەدوای چەند کتێبدا دەگەڕا، سەرەتا من وەکو کردەیەکی ئاسایی وەرمگرت، چونکە دەمێک ساڵبوو ئاگاداری دۆخی هاوڕێکەم نەمابووم، بەڵام ئەو لێم نزیک بوویەوە و ناوی چەند کتێبێکی پێ گوتم تا هاوکاریی بکەم لە دۆزینەوە. لە ژێر لێوەوە ئەوەشی گوت کە ئەو کتێبانەی پێشنیاری ئەو دوو منداڵەی خۆیین، کە بە ئینگلیزی خوێندوویانەوە و ئێستا پێشنیاریان کردووە تا دایکیشیان بیخوێنێتەوە. لێرەدا ئیستێکم کرد گوتم بۆ خۆت ناخوێنیتەوە. گوتی ساڵانێکی زۆر بوو نەمدەخوێندەوە، کە هاوسەرگیرییم کرد ئیتر بە تەواوی لە خوێندنەوە دابڕام، بەڵام کاتێک منداڵەکانم گەورەبوون و فێری خوێندنەوە و نووسین بوون، ئیدی ئەوان بوونە هاندەرم تا بخوێنمەوە و ئێستا مامۆستا و ڕێنیشاندەرمن و پێشنیاری خوێندنەوەی کتێبم بۆ دەکەن.
ئەو هاوڕێیەم دوای کەمێکی دیکە گفتوگۆ و دواتر منیش کتێبەکانم بۆ دۆزییەوە و ئیدی بە ڕوونتر گوتی: ئەگەر منداڵەکانم نەبوونایە ئێستا من خوێنەر نەبووم، ئەوان پاڵنەری سەرەکیم بوون و ئێستا هەر پاڵنەری سەرەکیمن و ئیدی خەریکە خۆیشم وردە وردە بە تەواوی لەگەڵ دونیای خوێندنەوەدا ئاشت دەبمەوە.
پاش ئەم قسانە ئیدی کەوتمە بیری پرۆسەی پەروەردەکردن، کە چەندە لە هەناویدی ئاڵۆزی هەڵگرتووە و ئەوانەی بڕوایان بە یەک میتۆ و یەک شێوە پەروەردەکردن هەیە لە چ تاریکاییەکدا دەژین و پێیانوایە لەنێو نووردا نوقمبوون. لە پرۆسەی پەروەردەدا یاساکان جێگیر نین و لە هەر جێگە و هەر دۆخێکدا دەشێ گۆڕانکاریی لەو یاسایانەدا ڕوو بدات کە ئێمە لامانوایە جێگیرین. بۆ نموونە مەرج نییە هەمیشە گەورەکان منداڵان پەروەردە بکەن و دەشێ ئەم پرۆسەیە ئاوەژوو بێتەوە. ئەگەر سیستمێکی گرنگ و هاوچەرخی پەروەردەییمان هەبێت، دەشێ پەروەردەبوونی نەوەکانمان کاریگەرییان لەسەر ئێمەش هەبێت. بۆیە هەمیشە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پەروەردەوە دەست پێ دەکات. کاتێک سیاسەتێکی پەروەردەیی هاوچەرخ پەیڕەو دەکرێت ئیدی دوای چەند ساڵێک کۆمەڵگا بەرەو هاوچەرخبوون هەنگاو دەنێت و لە نەزانی و دۆگماکان دوور دەکەوێتەوە.
ئەگەر لە ڕووبەرێکی فراوان و بە چاوێکی گەورەترەوە سەیری ئەم چیرۆکەی سەرەوە بکەین؛ ئەو دوو منداڵەی هاوڕێکەم تەنها کاریگەرییەکەیان بۆ سەر دایکیان نییە، بەڵکو لە توانایاندایە زۆنێکی کۆمەڵگە وشیار بکەنەوە، کە خۆیان لە داهاتوودا کاری تێدا دەکەن، بۆیە پەروەردەکردنی نەوەیەکی وشیار پێشمەرجی بوونی کۆمەڵگەیەکی وشیارە. ئەو دەسەڵاتەی خەونی پەروەردەیەکی هاوچەرخ و پەروەردەکردنی نەوەیەکی وشیاری نەبێت، مەحاڵە خەونی پێشخستنی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ و نەوەیەکی وشیاری هەبێت.
لەم نموونەیەی سەرەوە تێدەکەین، کە چ پەیوەستییەک لەنێوان سیستمی پەروەردەی هاوچەرخ و خێزاندا هەیە لە پرۆسەی بە کولتوورکردنی خوێندنەوەدا. بەبێ هەمانگی نێوانیان ناتوانرێت باس لە پێشخستن و سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بکرێت. بۆیە هەموو کارکردنێک بۆ پرۆسەی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە لە سێکتەری پەروەردە و خێزانەوە دەست پێ دەکات، بەڵام هەر لەوێدا کۆتایی نایەت و دەیان لقی دیکەی لێ دەبێتەوە. بەڵام سەرچاوە بنەڕەتییەکەی ئەم پرۆسەیە پەروەردە و خێزانە.