ئەمڕۆ پێشانگای هاوبەشی ڕەنگەکانی پێکەوەژیان لە هەولێر دەکرێتەوە

 

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٢ـی دیسەمبەری ٢٠٢٤ لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانی یەکەمین پێشانگای هاوبەشی پێکەوەژیان، کە بەرهەمی ڕێکخراوە هونەرییەکەی ڕەنج و هاوڕێیانی هونەر و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بە سپۆنسەری کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی و زاگرۆس لە بارەگای ڕێکخراوی هونەریی ڕەنج لە گەڕەکی موفتی بکرێتەوە و ماوەی دوو ڕۆژیش بەردەوام بێت.

پێشانگاکە چەندین تابلۆی هونەری لەخۆوە دەگرێت، کە گوزارشتن لە کەسایەتی ڕۆشنبیر و نووسەر و سروشتە دڵڕفێنەکەی کوردستان و ئافرەت وەک نیوەی کۆمەڵ و ڕەنجی گەنجان لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیان له هەرێمی کوردستاندا.
هونەرمەندانی بواری شێوەکاری لەم پێشانگایەدا ئامانجیان نیشاندانی توانا و سەلیقه و بەهرە و داهێنانە لە هونەری ڕەنگ و پێشکەوتنەکانی هونەری شێوەکاری، کە ئێستا بە شێوەیەکی زانستی کار بۆ وێنەکێشانی کەسایەتیە ناودار و پڕ لە بەخششەکان دەکەن، هەروەها دەیانەوێت جوانیەکانی ژیان لە هونەری ڕەنگاڵەدا کۆ بکەنەوە و جوانیەکی دیکە بە سروشت ببەخشنەوە.