شیعرەکانی عەبدول شارباژێڕی وەک گەواڵەی پەڵە هەورن ڕوویان سپیەو چەشنی گوڵە کێوی دەردەکەون

شاعیرێک هەیە هەناسە شیعرەکانی لەنێو ئارامی ڕۆحی پەپولەدایە گەر بەدڵ هەزمت کردو بە ئەندێشەت نەرم و نیان بووی لەتەکیدا بێ ئەوەی خۆت ماندوو بکەیت هەرکۆپلەیەکی دەبنە پەپولەیەک و لەسەرشانت دەنیشنەوە و بەختەوەری لەنێو ڕۆحتدا چرۆ دەکات.
هەرکات لە میحرابی نازەوە ڕۆحمان ڕادەخەین و دەیکەینە فەرشەکەی دایکی سوهرابی سوپهەری لەبەردەم عیشقی شیعرەکانی ئەم شاعیرە ئەوا بێ دودڵی ڕۆحمان دەفڕێ بۆ
ئەو پیاوەی کە هەستی بەدەنگی پێی ئاو دەکرد زۆر جوان دەیووت دایکم ئەوەندە میهرەبان بو ئاوی گوڵی فەرشەکانیشی دەدا.شیعرکانی ئەم شاعیرەش ئەوەندە میهرەبانن ئاوی ڕۆحی ووشک هەڵاتومان دەدەن، ئەی ئەوەنیە هەمو جارێ ووشەکانی دەکاتە ئنجانەو ڕستەکانی دەبنە گوڵستان و دەیان ڕووێنێ لەهەناوی کێڵگەی ئاواتماندا.
مرۆڤێک کە حزوریان و شیعرەکانی بۆتە گوڵی یەخەی میلەت و هەرتێکستێکی بۆتە چرای شەوقی ڕۆشنایی هەژاران و هاوخەمی پەیامیشیان بەرەو ئاسۆی گشت مەردومێکن.
شاعیرێک کە لەنێو مەقامی شیعرەکانیدا دەستی چەندەها منداڵانی ئازار چەشتو دەگرێت و هەر پەیڤێکیان بۆدەکاتە پاسکیلێک دەتوانم بڵێم بوکە شووشەیەک وە دواجاریش هەقیقەتی تابلۆیەک تابتوانین بەرامبەر نەیارانی نیشتمان بیکەینە قەڵغانی ئازادیمان.
(عەبدول شارباژێڕی) شاعیری نەتەوە پەرست و عیشق و وێناکراوی دیوە جوانەکەی هەردوو دیوی ژیان شیعرەکانی لەنێو ڕوەزە شاخێکدا سەر دەردەهێنن و شنەبای ئارام بەزەوی بەیارو بەوکوێستانەدا وەک وردە باران بڵاوەیان پێدەکات تاوەکوو لەهەناوی هزری مێژووی مرۆڤایەتیدا ببنە گڕی خۆڕاگری و عیشقو ئەوین عەبدولی شاعیر، ئەوەندە دێوانە بوە بۆشیعر هەمیشە گوێی لەچرپەچرپی خۆیی و دڵیەتی دەردی خۆی دەبێژێ نەفەرهادم و نەمەجنون کەچی شێتی شیعرم بۆیە خامەو ئەندێشەیان هەمیشە بونەتە سەرمەشقی هەوا. هەرئەوەشە لەنێو ئەم خاکی ئێش و ژانەدا هەمیشە هەنگاو بەرەو ئاسۆ دەنێت،ئای هەرلەخۆیان جوانە کەلەنێو تولە ڕێگاکانی ئاوایی گوندو ڕەزەکان و بناری چیاکانی بست بەبستی شارباژێڕەکەی بەدەم بیرکردنەوەی قوڵەوە گۆرانی خۆش نودی بۆعیشقی خۆیی ویارانی دەچڕێ و پڕ بەزایەڵە لەکڵاو ڕۆژنەی بەتاسەوەبوون زۆر بەنەرمی خەیاڵی دێتە ژووری هەمو دڵەکانەوە .
شاعیر بەوەشەوە ناوەستێ شیعرەکانی لەبری هەزاران ناپاڵمە بۆ نەیارو دوژمنانی ئەم نیشتمانە ئەوەتا زۆرجوان دەڵێ،،،
گۆرانیم ئەوێ
ئەو نەورۆزە بێ
تاهێزی زاڵمم پێ بناسێنێ

ئەو ئاگرە بێ
مژدەی چەوساوەکان وگەلم
بۆبهێنێ،گەر ئەوپەیامە بێ
ئەوا مرۆڤایەتیم لائەچەسپێنێ،،،
کەواتە ئەمە شیعرێکە لەچریکە کاریگەریەکانی و دەنگو فیغانی هەمو دڵسۆزێکی ئەم خاکەیە کەبۆ هەمیشە زامی دڵیان ساڕێژ دەکات تا پەیامەکەی بگات.
هەڵبەتە ئەم شاعیرە ناوازەیە گەرەکیەتی لەجەوهەری خوڵقاندنی شیعرەکانیدا پەیامێک ئاراستەی مرۆڤایەتی بکات،وای کە ناخ هەژێنە لەنێو ئەومیحرابەی بیرە جوانەیدا دەیەوێ دەستی هەمومان بگرێت و بەرەو حوجرەی پەیامی عیشق بۆ خۆ سڕینەوەو دواجار خۆنووسینەوەو کردنەوەی نامەی مەتاڵای خودای عیشقی مەزن و وە بەبوێریەوە بەسەرخاک ڕۆشتندا بکاتە دواویستگەمان تا زاڵم گرەومان لێ نەباتەوە.
ئاخر شاعیرێک کوڕی وڵاتێکی بەفرو خوێن بێ لەناو شاخدا بینایی تەمەنی کردبێتەوەو بەڕۆژگارە سەختەکاندا تێ پەڕیبێ چۆن شیعرەکانی نابنە پەیژەی ژیان و پیاهەڵناگەڕێ و هەمیشەش هیلاکی پێوە دیار نابێ،
شارباژێڕی . لەوشاعیرە دەگمەنانەیە کە لێبڕاوانەو بەپاکی دەنووسێت سپی سپی کۆپلەکانی وەک ناخی خۆی سپی بۆیە خوازیارە هەموان وک ئەو گۆرانی بەبەژن و باڵای نیشتمانەکەیاندا بڵێن گۆرانی بەجەربەزەیی و کۆڵنەدانی نەتەوە چەوساوەکەماندا بڵێین، دەشی هەوێ گۆرانی بەباڵای هەقیقەت و گەڕان بەدوای تریفەی مانگ و درەوشانەوەی ئەستێرەکاندا بکەینە پیشەمان تا هەموان لەکۆتاییدا عاشقێکی مەزن بین .
ئاخر بەشێتم مەدەن لەقەڵەم،کە لەهەناوی (پۆلوو و کوانوی شەوانی بێ ئاگر) هەڵوێستەم وەرگرت ئیدی بەبەرچاومەوە شەماڵی ووشەکانی دەستیان دەهێنا بەسەر لق وپۆپی درەختە بێ نازەکاندا ڕستەکانیشی هەرکات دەبوونە کۆپلە شیعرێکی تەژی لەشعور ڕوویان دەکردە هێلانەکان و سڵاویان لەباڵندە تەریوەکان دەکرد، بەدەردی شوانەکان دەیان ووت شارباژێڕی هەرلەخۆت جوانە شیعر بهۆنیتەوەو بیکەیتە ئاوازێکی نەمری بۆ ژەنینی شمشاڵەکانمان.
ئەو ئێوارەیەی ڕابردوو نم نم باران دای دەکرد ئەم پیاوەم بینی لەبەرگی شیعرو نەتەوە پەرستیدا لەبەرزایی ئاواییەوە هاواری دەکرد پڕبەگەروی،
ئای گوندەکەم بست بەبستت بەنێو سۆمای یادی مندا ئەچێ ئەوە تۆبویت کەمن وابم لەناوکۆشی گەرمی تۆدا چاوی ژینم کردۆتەوە دڵنیابە لەگەڵ هەڵچونی تەمەنی خۆم وشیعرەکانمدا تۆم لەیاد ناچێ و حەزم وایە لەشەوی تارتدا ببمە چراو لەنێو سۆنگەی شیعرەکانمەوە لەهەناوی تۆوە تیشکم بڕوا بۆگشت سوچی تاری ئەم دونیایە، ئای چ دونیایەکی سەیرە یاران هەواڵەکان گەرمن لەخواردن و پڕن لەهەواڵی مان ونەمان و دونیای مادیەت کەچی بێ ئاگان لەوەی شاعیرێک هەست ونەستی تەژیە لەگۆڕانکاریەکی جاویدانی لەنێو ژیانێکی قەتیس ماودا.
ئەوە هەرخۆیانن کاتێ کەشەوانێ با هەڵدەکاو بەناو گوندی ئاوەدانی ناخی دڵیدا گوزەر دەکاو بەدیار (دڵدارانی خۆرەوە) پێمان دەڵێ،،
داخی دوریت
مۆتەکەی شەوی تاریکەو
یەخەی زۆربەی شەوم دەگرێ
چۆک لەسەرسنگم دائەدا
وەختە تەڕاییم لێ ببڕێ
هەڵبەتە شاعیر لەشەوانی سەهۆڵ بەندانی ناخی تەزیویدا لەنێو شەوە بێ ئاگرەکانیدا تەنهاو تەنها شیعرەکانیەتی کەداخی دووری و چاوەڕوانی و لەئاقاری ئەو ڕێگا سەختانەدا کە هەنگاوی شیعری بۆدەنێ تا ببنە پشکۆی چاوەکانی و تاوێک هەست بەگەرمی ناخی بکات، ئایا شاعیر داخ لەدڵە بۆ گوندەکەیان یاخود دووری نیشتمان و ئازاردانی بەبەرچاوی خۆی وشیعرەکانیەوە یان بۆ ئەو یارەی کەبۆخۆی لەماڵی ئاگردانی شیعرەکانیدا بۆخۆی دروست کردوە، ئەشێ ئازاری شاعیر شمولی بێ بۆ هەمو ئاراستەکان و زۆرشتی تریش کەتەنها بەبێ دەنگی لەناو وجودیدا شاردویەتییەوە.
ئاخر شارباژێڕی بڕیاری داوە کەمن تا لەڕێگەی شیعرە ناسکەکانیەوە هەموان سەرکەوون بۆسەر لووتکەی ماڵ ئاوایی، خۆشیان نایەنەوە تا ڕێ بۆ (زێ) نەکەنەوەو کوێرە گوندی ناو دەروونەکان نەژێنێتەوە. بەڕاستی تێڕاماوین بەدیار وێناکراوی شیعرەکانیەوە، ئۆو نەکەیت نەیەیتەوە ئاخر کەتۆ بڕۆی دەرونمان دەگری، لافاوی ئەسرین لەناخماندا هەڵدەستێت بەڵێ ئەوە ئێمەین لەبێ شیعریت بەبێ خەو لەبن داری حەوشەو هەیوانی سەرماندا دانیشتوین و بەدیار شیعرێکی تازەت بیری تێکستەکانت دەکەین بەدیار ووشەیەکی ناخ هەژێنت سەبوری بەسەر ناخماندا وەک باران دەبارێ.
ئاخر وەک (دڵۆپی خوێن) یەک یەک لەدەرگای کۆشکی قەسیدەکانت دەدەین تا بەهیواوە تەخت و تاراجی بۆرجوازەکان لەبنەوە هەڵتەکێنین ئەوە شیعرەکانتە ڕای هێناوین کەچاو نەترس بین و بەقوڕ سیواخی دەمیان بدەین تابوێری نەکەن دەست بەن بۆ وەتەن.
بەڵێ ئەم شاعیرە بەئەزمونە ساڵانێکی نەبڕاوە شەپۆلێکی بێ ووچانە هەمیشە هەرکەس شیعرەکانی بخوێنێتەوە حەز بە ژووانی جێ نزرگەی ناو باخەڵی کەناری ئارامی کۆپلەکانی دەکات،عەبدول شارباژێڕی شیعرەکانی شەوقی لالەی دیوەخانی بێ خەوشی هزرەکانن وە ئەوین زادەن و بونەتە چقڵی چاوی دوژمنان.
(کچێ مەڕۆئائەو قژە خەنەییە بئاڵێنە لەملمەوە) تا لە (کوانوی شەوانی بێ ئاگر) و لە یادی ( نەورۆز نامە) دا کەچەشنی ئەوەی ( تۆ هەڵۆ بوی)با ئێمەش وەک (شەهیدانی قڕگە) لەنێو ( لاپەڕە پرشنگداڕەکانی (پۆلوو) دا خەون و شانازیمان بەدەستی تۆ لەچاپ بدرێت.
ئیدی لەتوانامدا نەما یەک یەک ڕیشاڵی ناخمم دەرهێنا هەرئەوەندەم توانی لەسەر ئەم شاعیرە بە هەڵوێستە،،، هەڵوێستە بکەم .
کۆتایی