هونەر، یان شێواندنی هونەر بەناوی نوێگەرییەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

کارکردن لەنێو دونیای هونەرییدا هەمیشە لە گۆڕاندا بووە. فۆڕمە نوێکانی کاری هونەریی لە هەموو لقەکانی هونەردا نوێگەریی و شێوازی تازەیان لەخۆ گرتووە. هونەر بەبێ نوێبوونەوە دەمرێت. یەکێک لەو شتانە ڕۆحی هونەر بە بەرزی دەهێڵێتەوە ئەوەیە کە هەمیشە لە هەوڵی خۆ نوێکرنەوەدا بێت. بەڵام چ جۆرە نوێکردنەوەیەک؟ لەسەر چ بنەمایەک؟ ئایا ئەو بنەمایانە چین کە کارێک دەکەن بە کارێکی هونەریی؟

لێرەدا دەمەوێت لە وەڵامی پرسیاری کۆتاییەوە دەست پێ بکەم. ئەو شتەی بەرهەمێکی هونەری دەکات بە بەکاری هونەریی، بنەما و قاڵبێکی دیاریکراو و جێگیریی نییە، بەڵام کۆمەڵێک پێوەرە، کە لە هەموو سەردەمێکدا کاری خۆی دەکات. یەکێک لەو پێوەرانە ئەوەیە کە هێزی داهێنەرانەی تێدابێت. واتە شتێک بێت بە ئاسانی لاسایی نەکرێتەوە، یان لاسایکردنەوەی سەخت بێت. هونەری ڕاستەقینە بە ئاسانی لاسایی ناکرێتەوە (بێگومان ئەمە بە هەموو لقەکانییەوە). خاڵێکی دیکە دەشێ وەکو پێوەر سەیری بکەین دروستکردنی سەرسامییە. کاتێک بەرامبەر تابلۆ، پارچە مۆزیک، کارێکی نواندن، دەقێکی شیعریی، یان هەر بەرهەمێکی دیکەی هونەریی دەوەستین ئەگەر هەستی ئەوەی پێدایین، کە دەتوانین بیکێشین، بیڵێین، یان بینووسین، ئەو بەرهەمە نەبووە بە کاری هونەریی.
سەبارەت بە پێناسەی هونەر یەکێک لە پێناسە گرنگ و جێبایەخەکان ئەوەی نێو فەرهەنگی ئۆکسفۆردە، کە تێیدا نووسراوە: وشەی هونەر بەواتای کارامەیی و داهێنان دێت. ئەم پێناسەیە ڕەنگە سادەتریین و پوختەترین پێناسەی هونەر بێت. بەجۆرێک کە کرۆکی هونەریش دەخاتەڕوو. لەم پێناسەیەوە دەتوانین بڵێن هەر کار و بەرهەمێکی هونەریی کارامەیی و داهێنانی تێدا نەبێت کاری هونەریی نییە، یان نەبووە بە کاری هونەریی. بێگومان ئەم پێناسەیە ئەگەرچی پێناسەیەکی کلاسیک بێت، بەڵام پێناسەیەکی گشتگیر و هەمیشەییە بۆ پۆلێنکردنی هەموو کارێکی هونەریی و ناهونەریی. بۆیە ئەم پێناسەیە بۆ فۆڕمە تازەکانی هونەر، یان هونەری هاوچەرخیش گونجاوە. چونکە ئەگەر کارامەییەک نەنوێنرابێت کەواتە هونەرێک لە ئارادا نییە. هەموو هونەر نواندنێک دەبێتە کارێکی هونەریی. لەگەڵیشیدا داهێنان پێیەوە پەیوەست دەبێتەوە، چونکە هونەر وەکو ئەریستۆ دەیگوت تەنها لاساییکردنەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە داهێنانەوە. لاساییکردنەوە هونەر نییە، بەڵکو کۆپی هونەرە و کۆپیکردنیش نابێتە هونەر.
لەژێر رۆشنایی ئەم پێناسەیەی سەرەوەدا هەموو تێکەڵکردنی ڕەنگێک تابلۆ نییە، هەموو کۆکردنەوەی جلوبەرگێکی دڕاو، یان ڕیزکردنی کۆمەڵێک پشتی ڕەنگاوڕەنگ بەشێوەیەکی ئاسۆیی نابێتە کارێکی هونەریی، یان چڕینی هەر شیعرێک بە میلۆدییەکەوە و هەموو نواندنێک نابێتە کاری هونەریی. کاری هونەریی بە کارامەیی و داهێنان دەبێتە کاری هونەریی.
ئەوەی زۆرجار بەناوی نوێگەرییەوە وەکو کاری هونەریی بە بینەر و بیسەر و خوێنەر دەدرێت کاری هونەریی نییە، بەڵکو جۆرێک لە سەرقاڵبوونە بە کارێکەوە کە دەیەوێت لە هونەر نزیکبێتەوە. هونەر تەنها بە حەز و هەست دروست نابێت، هونەر و هونەرمەندبوون پێویستی بە خۆپەروەردەکردن و کارکردن و قووڵبوونەوە هەیە. پێویستی بە جۆرێک لە کارامەیی و تواناییە، کە ئەوانی تر نیانە و لە کەسی هونەرمەنددا هەیە.
فرۆشتی تابلۆی ئەو مۆزەی بە تیپێکەوە بەستراوە بە دیوارێکەوە بە بڕی زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلار، جگە لەوەی بێبەهاکردنی هونەرە، هاوکات سووکایەتیشە بە هەموو هێز و وزەیەکی نوێگەرانەی هونەریی. هونەر بریتییە لەوەی تەنها کەسی هونەرمەند توانایی ئەو کارەی هەبێت، نەک هەموان بتوانن ئەو کارە بکەن. کاتێک ساڵانێک زۆر لەمەوبەر مارسێل دۆ شامپ، واژووی لەسەر سیفۆنێکی تەوالێت کرد و وەکو کارێکی هونەریی پێشکەشی کرد. ئەمە هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی دیدێکی جیاواز لەسەر جوانی. واتە هونەر بریتییە لە داهێنانێک ئیدی لە واتادا بێت یان لە فۆڕمدا. دۆشامپ ڕاستە کارێکی سەرسامکەرانی نەکرد لە ڕووی ئەوەی هەموان دەتوانن واژوو بخەنە سەر سیفۆنی تەوالێت، بەڵام مەبەستی پشت کارەکەی گرنگ بوو بەوپێیەی کە ویستی سەرنجی هەموان سەبارەت بە جوانی بگۆڕێت و درزێکی خستە ڕوانینی باو و کلاسیکیانە سەبارەت بە جوانی.
تابلۆی مۆزە هەڵواسراوەکە بە تیپەکەوە، نەک هونەرێکی هاوچەرخ نییە، بەڵکو شێواندنی هونەر و سوکایەتییە بە هونەر، چونکە نە کارامەیی تێدایە و نە داهێنان، بەڵکو جۆرێک لە پاتاڵگەریی بەناوی هونەرەوە دەخاتەوە کە جگە لە سوکایەتیی بە هونەر هیچی دیکە بەرهەم ناهێنێت.