سەرنجێکی کورت سەبارەت بە کتێبی “سنۆپسس”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

ئەگەر بە وردی سەرنج لە دۆخی سینەمای کوردی بدەین دەبینین هۆکارەکانی بەرەوپێشنەچوونی سینەمای کوردی تەنها نەبوونی سیناریۆ و ناکارایی ئەکتەر و نەبوونی کادێری فیلمساز نییە، بەڵکو نەبوونی پاشخانێکی تیۆریی و نەبوونی ڕۆشنبیرییەکی سینەماییە، کە ڕوئیایەک بداتە فیلمسازان، کە چۆن لەنێو فیلمەکاندا نواندن بکەن، یان لۆکەیشن هەڵبژێرن، یان دەرهێنان و هەر کارێکی دیکە، کە ئەم هونەرە لە خۆیدا هەڵی گرتووە بە شێوەیەکی ئەکادیمی سەر ڕێی بخەن.

بەدەر لەلایەنی تیۆری کە کتێبخانەی کوردی لەم لایەنەوە زۆر هەژارە، هاوکات کتێبی ڕەخنەیی و خوێندنەوە و شیکاریی بۆ فیلمیش زۆر زۆر کەمە، کە هانی خوێنەران و شەیدایانی سینەما بدات بۆ ئەوە باشتر لە فیلمەکان و چۆنێتی کارکردنی دەرهێنەرەکان تێبگەن، چونکە تێگەیشتن لە فیلم و کارکردنی دەرهێنەرەکان دەشێ ببێتە دەروازەیەک بۆ دروستبوونی ڕۆشنبیرییەکی سینەمایی، کە دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕوئیایەکی نوێ بۆ کارکردن لەنێو سینەمای کوردیدا.
یەکێک لەو هەوڵە گرنگانەی چەند ساڵێکە هەندێک ناوەندی چاپی کتێب دەستیان پێ کردووە گرنگیدانە بە کتێبی سینەمایی و ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە. کتێبی “سنۆپسس”ی شادمان محەمەدی نووسەر و سینەماکار، کە لە زنجیرە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕەهەندە یەکێکە لەو کتێبە گرنگانە و لە ڕێی خوێندنەوەی چەند شاکارێکی سینەماییەوە دەیەوێت بناغەیەک بۆ ڕۆشنبیرییەکی سینەمایی دابنێت بە زمانێکی سادە. کتێبەکە بە گشتی خوێندنەوەی 50 فیلمە، کە لە ڕیزی شاکارە سینەماییەکاندان و نووسەر بە شێوەیەک شیکاریی بۆ فیلمەکان کردووە، کە تەنها بۆ نوخبەی خوێنەری سینەما نەبێت، بەڵکو بۆ هەموو خوێنەرێک و هەموو کەسێک بێت کە حەز بکات زیاتر لەبارەی فیلمەکان و کرۆکی فیلمەکانەوە بزانێت و تێگەیشتنێکی زیاتر لەسەریان دروست بکات.
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەیدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “بابەتەکانی سنۆپسس، خۆی لە پەنجا دانە شیکاری و خوێندنەوەی فیلمی سینەمایی هەمەچەشنە و هەمەجۆر دەبینێتەوە و دەبێتە بەشی دووەم لە چوار بەشەی پەیوەستە بە پڵات و ڕووداو و گێڕانەوەی نێو فیلمە سینەماییەکان. هەربۆیە زۆر بە کورتی دەمەوێت ئاماژە بە دوو خاڵی گرنگ بدەم؛ یەکەمیان، هەڵبژاردنی ناوی کتێبەکەیە کە بە واتای؛ پوختە، یاخود کورتە دێت.”
نووسەر ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئاساییە گەر لای خوێنەر، بینەر، خوێندنەوەیەکی جوداتر و جیاوازتر و بۆ فیلمەکان ھەبێت و لە ھەمانکاتدا فیلمی جوانتر و شایستەتر بناسن و ئێمە باسمان نەکردبێت، چونکە ھەر کام لە ئێمە روئیا و دونیابینینمان بۆ فیلم و سینەما جودایە، ئەوەیش بۆ خۆی بەشێکی لە جوانی جیاواز بیرکردنەوە.
نووسەر سەبارەت بە ناونیشانی کتێبەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات “کە من لێرەدا زاراوەی “سنۆپسس”م، هەڵبژاردووە، تاوەکو زاراوە سینەماییەکان ماناکانیان وەک خۆیان بە خوێنەرانی سینەما بگات، چونکە بە هیچ جۆرێک ماناکەی وابەستە نیە بە لایەنی کورت باسکردنی ڕووداوەکانی نێو فیلمەکانی ئەم پەڕتووکەوە. دووەمیان، ئەو فیلمانەی لەم کتێبەدا بۆ شیکاری هەڵبژێردراون، یاخود باسکراون، مەرج نیە سەر بە بازنە و خانەی شاکارە سینەماییە جیهانییەکان بن، بەڵکو تەنها ڕای تایبەتی خۆمی لەسەر بووە و وەک دڵخوازێکی خۆم پەسەندم کردووە و پاشانیش باسکردن و شیکردنەوەی جیاوازم بۆ ئەنجامداون.”
دوای چاپبوونی ئەم کتێبە لە ساڵی 2023، بڕیارە ئەمساڵیش کتێبێکی دیکەی هەمان زنجیرە بەناونیشانی “شیکاری فیلم”ی هەمان نووسەر چاپ و بڵاوبکرێتەوە کە ئەویش خوێندنەوە شیکاری بۆ 50 فیلمی دیکە کردووە و نووسەر بەڵێنی بەردەوامی ئەم زنجیرەیەشی داوە و بڕیارە خوێندنەوە و شیکاری فیلمەکان بەردەوامیان هەبێت.
کاتێک لە نیگایەکی سەرەتاییەوە سەیری پرۆژەکەی شادمان محەمەد دەکەین، ڕەنگە گەلێک سادە دەربکەوێت، بەڵام کاتێک لە نیگایەکی قووڵەوە لە پڕۆژەکە دەڕوانین، دەبینین کە پرۆژەکەی (کە تا هەنووکە دووکتێبی لێ بڵاوکراوەتەوە) هەوڵێکە بۆ سەرپێخستنی رۆشنبیرییەکی سینەمایی و دروستکردنی کولتووری فیلمناسی، کە تا ئێستا لای ئێمە ئەم پرۆژەیە نییە و کاری لەسەر نەکراوە. بۆیە دەشێ ئەم پرۆژەیە ناوبنرێت هەوڵێک بۆ نزیکبوونەوە لە کولتووری فیلمناسی، کە ئەم کتێبانە دەبنە سەرچاوەیەکی گەلێک بایەخدار بۆ خوێندکارانی کۆلیژی سینەما و بەشەر هونەرییەکانی دیکەش.
دەستخۆشی بۆئەم هەوڵەی نووسەر و دەرهێنەر “شادمان محەمەد” و بەهیوای بەردەوامی و هەوڵی نوێتر لەم بوارەدا.