بەرهەمی کونجیی کوردستان لە چاو ساڵان زیادی کردووە

 

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

وەرزی کۆکردنەوەی کونجییە و ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵی پار ڕێژەی بەرهەمی کونجی لە کوردستان، زیادی کردووە.

کونجی بەرهەمێکی پڕ بایەخ و خۆراکێکی دەوڵەمەندە و سەرچاوەیەکی باشی دەستکەوتنی ڕۆنە کە زیاتر لە ٥٠٪ی لە ڕۆن پێک هاتووە. بەرهەمێکی هاوینەیە کە لە مانگی شەشەوە دەیوەشێنن و لە سەرەتای وەرزی پاییزیشیەوە دەست دەکرێ بە دروێنە و بڕینەوەی؛ بە گشتی ٢٥ كیلۆ كونجی لە شەش دۆنم زەویدا، دوو تۆن بەرهەم دەدات.
بەو پێیەی کە چاندنەکەی پێویستی بە تێچوویەکی زۆر نییە و لە هەمانکاتدا بەپیتی خاکەکەش زیاد دەکات لەم ساڵانەی دواییدا خواست لەسەر چاندنی زۆر بووە و جووتیارانی هەرێم بەرهەمێکی باشی کونجییان هەیە.
کونجی دوای دروێنە، دەبرێتە سەر خەرمان تا وشک دەبێتەوە و ئامادە دەکرێت بۆ تەکاندن. دواتر بە کۆمەڵ کۆ دەکرێتەوە و بە دارێک پێیاندا دەکێشرێت بۆ دەرهێنانی تۆوەکەی هەندێک جاریش بە دەزگا تۆوەکەی لێ جیادەکرێتەوە و دەکرێتە کیسەوە و ئامادە دەکرێت بۆ بەبازارکردن.
کونجی دوو جۆری هەیە (سپی و قاوەیی) ئەو جۆرەشی لە هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی پێدەدرێت و زۆرتری لێ بەرهەمدێت، کونجی قاوەییە کە دەخرێتە چەند پیشەسازییەکی جۆراوجۆرەوە لەوانە دەرهێنانی ڕۆن، دروستکردنی سابوون و دروستکردنی ڕاشی کە دیارترینیانە و ئەو ڕاشییەی کە لە هەرێمی کوردستانیش بەرهەمدەهێنرێت، تەواو سروشتییە و هیچ ماددەیەکی کیمیایی و پارێزەری تێناکرێت.
جێی باسە ساڵانە سەدان تۆن کونجی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت و هەر لە ناوخۆش ساخ دەکرێتەوە ئەو ناوچانەشی کە بەناوبانگن بە چاندنی کونجی و ساڵانە ڕێژەیەکی باش بەرهەمدەهێنن بریتین لە دەشتی پشدەر و بتوێن کە ئەمساڵ نزیکەی ٤هەزاردۆنم زەوی بە کونجی داچێنراوە. هاوکات ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگای دهۆکیش ساڵانە کونجییەکی زۆری لێ دەچێنرێت و ئەمساڵیش بەپێی ئامارەکانی کشتوکاڵی دهۆک لەو دەڤەرە ٣هەزار و ٣٢٨دۆنم زەوی بە کونجی خۆماڵی داچێنراوە و بەرهەمەکەشی نزیکەی هەزار تۆنە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: “بەرهەمی کونجی لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە شارۆچکەی ئاکرێ و بەردەڕەش و ئامێدی دەچێنرێت و ڕێژەی هەرە زۆری لە شارۆچکەی ئامێدیە، کە تەحینی کونجی خوماڵیی لێ دروست دەکرێت و زۆر بەناوبانگە و هەندێکیشی دەخرێتە بواری پیشەسازییەوە و خواستێکی زۆریشی لەسەرە”.
گوتیشی”بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک، لە ساڵی ٢٠٢٣ بەرهەمی كونجی زیاتر لە ٤٠٠ تۆن بووە، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی کونجیی خوماڵی ٦٠٠ تۆن لەو ڕێژەیە زیاترە. بەڵام نرخەکەی هەر جێگیرە و لە نێوان ٥٥٠٠ بۆ شەشهەزار دیناردایە.