کتێبی “فەلسەفەی بیرکردنەوە”کەی دڵشاد کاوانی چاپ و بڵاو بووەوە

پوختەیەک دەربارەی کتێبەکە
فەلسەفەی بیرکردنەوە، سەرەتایەک بۆ بیری فەلسەفەی کوردی

فەلسەفەی بیرکردنەوە، کتێبێکی هزری‌فەلسەفیی کوردییە؛ 253 لاپەڕەیە و لە دووتووێی بەرگێکی جواندا خۆی دەبینێتەوە. ئەم کتێبە لە نووسینی دڵشاد کاوانییە و لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سۆرانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و هونەری هەرێمی کوردستانەوە بە زنجیرەی ژمارە (19) بۆ ساڵی 2024 بۆ یەکەم جار چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. کتێبەکە (22) وتاری فەلسەفی لەخۆ دەگرێت، کە تێیدا ڕەگ و ڕیشەی سەرهەڵدانی فەلسەفە بۆ فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی، وەک بنەچەی دایکی فەلسەفەکان گەڕاندۆتەوە. باسی قوتابخانە سەرەتاییەکانی فەلسەفەی یۆنانی دەکات. هۆکاری نەبوونی قوتابخانەیەکی فەلسەفی و ئاریشەی فەلسەفە لە بیری تاکی ئەوسا و ئێستای کورددا خستۆتە بەرباس.
دڵشاد کاوانی ڕایگەیاند: دوای ئازادیی لێپێچینەوە، ئەمە دووەمین کتێبی چاپکراوی ژانری فەلسەفی و هەروەها دەیەمین کتێبی چاپکراویەتی، کە ئێستا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. بۆ یەکەم جار لە پێشەنگای نێودەوڵەتی سلێمانی دەکەوێتـە بەردیدی خوێنەران.
ئەمەشی خستە ڕوو: گرنگی بە چەمکەکانی بیرکردنەوە، فەزیلەتەکان، هەقیقەت، بەختەوەری، ڕەوشت، ئەندرۆجینیزم و چەمکە ئەخلاقییەکانی دیکەیش داوە. بە پشتبەستن بە تیۆرییەکانی فەلسەفە و بۆچوونی فەیلەسووفەکانی گریک و بیرمەندانی ڕۆژهەڵاتی و پێگەی ئەفسانەکانی ڕۆژهەڵاتی کاریگەری لە ڕەوتی فەلسەفەدا دیاری کردووە. بە تایبەتی قوتابخانە فەلسەفییەکانی وەک میلیتۆس و ستۆیکی، بە دیاریکراوی فەلسەفەی پێش سوقرات و سەردەمی سوقرات، کراوەتە ئامانج. هەروەها ئەرک و ڕۆڵی ڕەوشت لە سەردەمی مۆدێرنیتە خراوەتە بەرباس. هەورەها نووسەر باسی لەوە کردووە، کە مرۆڤ و ئاکارەکانی دەخاتە بەر ڕەخنە.
ناونیشانی کتێبەکە لە ناونیشانی وتارێکی ناو کتێبەکەوە وەرگیراوە، کە نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەدا پەنجەی خستۆتە سەر ئاریشەکانی بەردەم کایە مەعریفییەکان و کتێب و نووسەرانی بابەتی بواری فەلسەفی لە کۆمەڵگەی کوردیدا، نائامادەگی بیرکردنەوەی فەلسەفی، لە سەردەمی ئێستا و وەک پرسێکی هەنووکەیی جیهان دەبینێت. بە تایبەتی بیرنەکردنەوەی بابەتییانە لەناو گەلی کورد و ڕووخانی شارستانیەتە یەک لە دوای یەکەکانی کورد، بەدەر لە هۆکاری لوجستیک و داگیرکاری و کوشتن و بڕین و سڕینەوەی شوناسی کورد لەسەر دەستی داگیرکەرانی، بیرکردنەوەی ڕووکەشیانە و نەبوونی ڕوانینی فەلسەفەکاری و قوتابخانەیەکەی فەلسەفی و بە گەورەترین گرفتی بەردم گەلی کورد دەزانێت.
لە کۆتاییدا دڵشاد کاوانی نووسەری کتێبی فەلسەفەی بیرکردنەوە، گرنگیی کتێبەکە لەوەدا دەبینێتەوە کە جیاواز لە کتێبە فەلسەفییەکانی دی، کە تەنیا وێنا و ئاوێنەی گواستنەوەی ڕەنگ و ڕووی فەلەسەی ڕۆژئاوایی بوون، کەچی ئەم کتێبە بە بیرێکی کوردانە و ڕۆژهەڵاتیانە و تێگەیشتنێکی فەلسەفیانە لە ژیان و چەمکە فەلسەفییەکان دەڕوانێـت.
کتێبەکە پشتی بە ٢١ سەرچاوەی فەلسەفی لە زمانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی، بەستووە. ئیستا بۆ خوێنەران و هەوادارانی فکر و فەلسەفە بەردەستە.