پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 14, 2024

پیرداود مەخمووری ئەو پیاوە جوانەی گورچیلەی هێزی لێ بڕیوە، هێشتا بە ئومێدەوە تەماشای ژیان دەکات

 

خالید کۆچەر

قەڵەمێکی جوان، نووسەرێکی هەڵکەتوو، خەمخۆری حەیران و بەیت و لاوکی کوردەواری، لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانەوە دەیناسم، حەز دەکەم باس لە شکۆ جوان و گەورەکەی ئەو قەڵەمە بکەم، هەرچەندە ئەو پێویستیی بە قەڵەمی من نییە تا چەند دێڕێکی لەسەر بنووسم، خۆی جوانە و قەڵەمەکەی جوانتر، ئەو پیاوەی گوندێک لە کوردستان نەما سەردانی نەکات لەگەل ڕیشسپی و مامە پیرەکان ئەوانەی شەیدای لاوک و حەیرانن لەگەڵیان دانەنیشێت و بەیت و باڵورەیان لێ وەرنەگرێت، دەیان بابەتی جوانی نووسیوە، چەندین گەوهەرە کتێبی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە؛ ئەو پیاوە جوانە، پیرداود مەخمووریە.
هەرچەندە لە زەحمەتە ژیانێک کاتژمێرەکان بە ڕێدەکات بە دەم سستیی گورچیلەکانی تەماشای ڕۆشنایی ژیان دەکات، بەڵام هێشتا بەدەم ئومێدی جوانی ژیانەوە تەماشای ژیان دەکات، هەفتەی سێ جار پێویستە گورچیلەکانی بشۆرێت، نزای چاکبوونەوە بۆ ئەم نووسەرە جوانە؛ پیرداود مەخمووری وەک نووسەر و رۆژنامەنووس و فۆلکلۆرپەروەر جێی پەنجەی دیارە لەسەر نەخشەی ئەدەبی کوردیدا؛ ئەو نووسەرەی لە پێناو زیندووکردنەوەی کلتوور و لاوک و حەیرانی نەتەوەکەی ژیاوە و درێغی نەکردووە، ئەویش وەکو سەربازە ونەکانی دیکە، بەشێکیان لە فەوتان ڕزگار کرد، دروود بۆ هەموو ئەو قەڵەمانەی لەم بوارەدا کاریان کرد و چەند خشتێکیان ڕێز کرد و ماڵێکی جوانیان دروست کرد و چەند ڕەفەیەکیان دروست کرد بۆ کتێبخانەی کوردەواری و چەند گەوهەرە کتێبکیان پێشکێش بە کتێبخانەی کوردی کرد، ئەرکی هەر هەمووانە هەموو ماڵە کوردەوارییەکانی دەشتی کاکی بە کاکی قەراج و کەندیناوە و مەکیە و شەمامک، هەموو ماڵێک لەم کوردستانە بە چەپکە گوڵێکیش بێت ڕێز لە شکۆی ئەم پیاوە مەزنە بگرین، دەیان بەیت و لاوک و حەیرانی لە فەوتان ڕزگار کرد، ئەرکی سەرشانی هەمووانە، هەر لە بەرپرسانی دەوڵەت و دۆستانی، ڕێزیان لێ بگرێت و پێیان بڵێین: لە کاروانی ژیان، جێتان ناهێڵین و لەگەڵ ئێمەدا بزەیەک بکەن بۆ جوانی ژیان و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، بەڵام ئێمە وا ڕاهاتووین، ئێمەی کورد مردووپەرست و زیندووکوژین، لە کۆتا وشەدا بە هیوای سەلامەتی بۆ مامۆستا پیرداود مەخمووری؛ لە خودای میهرەبان دەپاڕێمەوە تەمەنی هەزار ساڵ بێت بە ئاسوودەیی و تەندروستییەکی باش، بمبەخشە ئوستازی هێژا؛ لەم کوردستانە، تۆ زۆر گەورەتر و باڵاتری لە قەڵەمە لەرزۆکەکەی من .