چنار عەلی ئەو ژنە شاعیرەی جوان دەنووسێت

خالید کۆچەر

هەموو بەهرەی جوانی شیعر ئەو ساتانەیە تۆ شیعرێکی جوان دەنووسیت، لەناو ئینجانەی شیعرێکدا عەترێک خۆی پەرتدەکات و بۆن و گوڵاوەکەی وەک نمەی باران دادەبارێت، لە هەر کوێ شیعری جوان بنووسرێت هەر جوانە، گرنگ نییە کێ دەنووسێت، ناپرسم لە ڕەگەزەکەی، ناپرسم لە تەمەنەکەی، دەپرسم لە جوانی شیعرەکەی، پێیدەڵێم: ئافەرم جوانت نووسیوە، ئێستاش لە نێو ژانرە ئەدەبییەکاندا شیعر هەر سەر قافلەکەی جارانە، لە لام گرنگ نییە ژمارەی شاعیرەکان لە زۆری ژمارە نایەن، چیرۆکیش هەمان خەمی هەیە، ڕەخنەش بە هەمان دەرد هیڵاکە، بابەتی ئەدەبیش غەدری لێدەکرێت، ئەوەم دێتەوە مەحموود زامدار رۆحی شاد بێت کاتێک شیعرێکی خراپی بەرچاو دەکەوت و دەیخوێندەوە بە قاقاو پێکەنیینە سیحراوییەکەی دەیگووت: شیعر نا میعر، لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا میعرەکان لە دەشتایی نووسیندا غار غارنێ دەکەن، گەلێکجار گووتوومە: ئەو دەنگانەی نەبوون بە دەنگی شیعری جوان سەد ساڵی دیکەش بنووسن نابن بە شاعیر، هەرگیز لە گەل ئەو شیعرانە نیم و هەرگیز نایخوێنمەوە ئەو شاعیرانەی بە ناوی نوێبوونەوەو خۆرسکی خۆیان شیعر دەنووسن بەدوای وشەی نامۆو هەر دێرە شیعرێک لەناو پەنجەرەی نووسینکدا خۆشیی نازانێت چی نووسیوە خۆی بە بەهرەدار دەزانێت ئەمانە ناخوێنمەوە، بەڵام تا کڕۆکی ئاشقبوون بە شیعری جوان شیعری جوانم هەر خۆشدەوێت، دەیانجار شیعرێکی جوانم بەرچاوکەتووە لە لاپەڕەی رۆژنامەو گۆڤارەکان بە شەوقەوە خوێندوومەتەوە، دەستخۆشیم لە شاعیرەکە کردووە بێئەوەی دەستم بیگاتێ، دەمێکە چاوم لە سەر شاعیرێکە جوان دەنووسێت، بە ویقاری حەزێکی گەورە خۆی تێکەڵ کردووە بەناو ڕەنگەکاندا و ڕەنگی پەمپەیی شیعری هەڵبژاردووە، کورتەشیعر دەنووسێت، بەڵام خوێنەر حەز دەکات چەند جارێک بیخوێنێتەوە، ئەمڕۆ لاپەڕەی فەیسەکەی (چنار عەلی) ییم هەڵدایەوە، بەناو باخچە جوانەکەی ئەو شاعیرە جوانە پیاسەیەکم کردو شیعرەکانم خوێندەوە، لەناو ڕەگەزی مێینەی خۆییدا ئەگەر شاعیرە ئافرەتەکان لێم نەڕەنجێن، دەڵێم: ڕەنگە تەمەنی چنار عەلی ئەوەندە لە شیعر درێژ نەبێت لە گەل هاورێ شاعیرەکانی، بەڵام، جوان دەنووسێت، کورتە هەناسەکانی پرە لە ئیحساسیی جوان، پرە لە خەونی جوان وەک شیعری جوان، چنار عەلی ڕەنگە بە لای هەندێ برادەران هێشتا ئاشنا نەببووێت، بەڵام یەکێکە لەو دەنگە شیعریانەی غەدر لە شیعر ناکات و بە زۆر شیعر نانووسێت، شیعر بانگی ئەو دەکات ئەو بانگی شیعر ناکات، شیعر ئەو دەنووسێتەوە، ئەو شیعر نانووسێتەوە، تا بە هەردووکیان دەست بە شکۆفەی خونچە شیعرێک دەبەن و دواتر دەبنە جوانترین گوڵ، گەڵای گوڵەکانیش دەبنە گوڵاوی عەتر، ئەگەر مێژووی شیعر بە خەتابارم لە قەڵەم نەدا دەڵێم: دروود بۆ جوانییەکانی چنار عەلی، لە کورتەشیعرێکدا دەڵێت:
تۆ وەرە
من لە پێش چاوی تریفەی مانگدا لێت دەئالێم
نغرۆ دەبم
کە نیگات دەست دەدا لە روومدا

نغرۆبوون ئەو سۆفییە وێلەیە لەناو تەکییەی ئەشقێکی ئەبەد لە حاڵی زکردایە بۆ مەعشووقەکەی، ئەوەتا شاعیریش بە شەرمەوە پێیدەڵێت: لە پێش جوانی ڕۆژدا لە کەمەرت دەئالێم و خۆم لوولدەم لە باوەشتاو کە نیگات دەست دەدا لە روومدا دەبمەوە بە شەرمنێک چیم لە دەست نایەت هەر ئەوەندەم لە دەست دێت بۆتم نووسیوە.
لە شیعرێکی دیکە لەناو شێتی خۆشەویستیدا دەڵێت:
ژنێکم
بە خۆشەویستی خۆم دەشۆم
بە سروشت خۆم دەڕازێنمەوە
لە شەودا دەبمە تریفەو مانگ
لە ڕۆژدا گزنگ و خۆر

چەند جوانە لەناو سیحری جوانیدا ئاشق بە ئاوی بێگەردی خۆشەویستی خۆی بشوات و دواتر وەکو بووکێ خۆی بڕازێنێتەوە ئەوە ئەو پەری بوێرییە لەناو ویژدانی ئەشقێکی بێگەردا شاعیر ڕاستگۆیانە دەریدەبڕێت؛ ئەوەتا لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێت:
لە خەو ڕاتناچەڵەکێنم
بەڵام ئەم نەهێنییەت پێ دەڵێم:
بیرت دەکەم
زۆر نا
لەگەڵ هەر هەناسەیەکدا!

لە شیعرێکی دیکەدا دەڵێت:
ئیرەیی بە جگەرە دەبەم لە نێو پەنجەکانت هێندە بە هێمنی ڕاوەستاوە و نازی دەکێشی
توند لە ئامێزی لێوی دەگری وردەماچی دەکەیت
هەر کات لە ڕۆژگار بێزار دەبیت
بۆ لای ئەو ڕادەکەیت و
هەرچی لەناو جانتایە بۆی هەڵدەڕێژی
هێندە بە تاسەوە هەڵیدەمژی
بۆنی لەسەرت لێوت جێ دەمینێ
لە هەناسەتا سەما دەکات
ئازارەکانی ناخت لە یاد دەکات
ئیرەیی بە جگەرە دەبەم
لە من زیاتر هاودەمتە