سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

گەڵاڕێزان؛ بەر لە دواهەناسەی ویڵ دیورانت

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

گەڵاڕێزان؛ ناوی کتێبێکی ویڵ دیورانت_ـە. کتێبێک، کە دەتوانم بڵێم کۆکراوەی کۆی ئەزموونی نووسین و بیرکردنەوە و گەشەی فیکریی ئەوە. ئەم کتێبە کۆتا کتێبیەتی بەرلەوەی دواهەناسە بدات، دیورانت بیری لەوە کردووەتەوە ئەزموونەکانی، تێبینییەکانی، سەرنجەکانی، وردبوونەوەکانی، لەنێو کتێبێکدا بخاتەڕوو. کتێبەکە لە 22 بابەت و ئەنجامگیرییەک پێکهاتووە، کە نووسەر سەبارەت بە کۆمەڵێک پرس و چەمکی گرنگی پەیوەست بە ژیانی مرۆڤەکانەوە نووسیوویەتی. هەر لە پرسی ژیان و گەنجی و پیریی و مەرگ و ڕۆح و خودا و ئایینەوە تا پرسی ئەخلاق، سێکس، ڕەگەز، ژن، جەنگ، سیاسەت، سەرمایەداری، هونەر، زانست و پەروەردە.. کتێبەکە چڕ و وروژێنەر و بروسکەئاسایە و کاریگەریی لەسەر خوێنەر جێدەهێڵێت.

ئەگەرچی هەموو کتێبەکانی ئەزموونی مرۆڤ دەوڵەمەند دەکەن، بەڵام ئەم کتێبە وەکو کۆکراوەی دەیان کتێب وایە و بۆیە خوێندنەوەی ئەزموونی مرۆڤ زیاد دەکات، بەڵام بە ڕێژەیەکی زیاتر لە کتێبی ئاسایی، چونکە نووسەرەکەی کۆکراوەی 90 ساڵی تەمەن و ئەزموونی لەم کتێبەدا بۆ خوێنەر خستووەتە ڕوو.
لە دەستپێکی کتێبەکەدا دیورانت ئاوڕ لە پرسی نووسین و ژیان دەداتەوە و پێوایە هەندێک نووسەر کە بەردەوام دەبن لە نووسین ئیتر ناتوانن نەنووسن، چونکە خوێنەران بەردەوام چاوەڕوانی بەرهەمی نوێ و دیدگاکانیان دەکەن لەسەر پرسە هەنووکەییەکان. قۆناغێک هەیە کە نووسەرە داهێنەرەکان پێی دەگەن ئەو قۆناغەیە کە ناتوانن نەنووسن، چونکە نووسین دەبێتە بەشێک لە بوون و ژیان و هەناسەیان. “گەڵاڕێزان” جۆرێکە لەو هەناسەیەی دیورانت دەیەوێت بەر لە دواهەناسە بۆ خوێنەری بخاتەڕوو. هەر لە پێشەکییەکەدا لەبارەی ژیانەوە دەڵێت: “ژیان خۆی لە خۆیدا نهێنییەکە.” لە دواتردا ئەوە دەخاتەڕوو ژیان بۆ بیرکردنەوە زۆر ئاڵۆزە و بۆ دەربڕینیش ئاڵۆزتر. لێرەدا گرنگە بیرمان نەچێت ئەم نووسەرە خاوەنی زنیجرە کتێبی “مێژووی شارستانییەت”ـەکانە، کە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوە مێژووییەکانی سەدەبی بیست لەسەر شارستانییەتە جۆراوجۆرەکانی دونیا.
لەم قسانەی دیورانتەوە هەست بەوە دەکەین نهێنی بەردەوامبوونی مرۆڤ بۆ درێژەدان بە ژیان کەشفکردنی ئەو نهێییەیە، کە ژیان لە هەناویدا هەڵی گرتووە، مرۆڤ بوونەوەرێکە عەوداڵی نهێنییە و ژیانیش پڕ نهێنیتریین و لوغزاویترین شتێکە مرۆڤ بەری بکەوێت.
لەبارەی زانین و زانستەوە ئەوە دەخاتەڕوو، کە زانین و زانست گەشە دەکەن بەڵام ئەوەی ژیان هاوپێچی سەدەکان بەرەو پێشەوە ناچێت. لێرەدا ناڕوونییەک لە قسەکانی ئەم نووسەرەدا هەیە و نایەوێت دان بەوەدا بنێت کە پێشکەوتنی زانست و زانین پێشمەرجی پێشکەوتنی ژیان نییە، بەڵکو ئەوە پێشکەوتنی ڕووکەشی کۆمەڵگەیە و جەوهەرەکەی تێڕوانینی مرۆڤە بۆ پێکەوە ژیان و نەمانی جەنگ و وێرانکاریی، ئایا مرۆڤ واز لە وێرانکاریی دەهێنێت. هەر لەم کتێبەدا هەست بەو بێئومێدییەی دیورانت دەکەین، کە دوای دوو جەنگی گەورەی جیهانی (کە خۆی هەردووکیان بینیوە)، بەڵام مرۆڤ سەرسەختانە بەردەوامی بە جەنگەکانی دەدات و دەستبەرداری وێرانکاریی و جەنگ نابێت.
“گەڵاڕێزان” لەسەرەتاوە تا کۆتایی تژییە لە پێناسەی جۆراوجۆر بۆ ژیان لە بەشێکی دیکەدا دیورانت دەڵێت “ژیان هیچ نییە جگە لە ناڕازیبوون، هەوڵدان، گەڕان، ئازار و ئەفراندن.” لەم پێناسەیەشەوە دەشێ ئەوە بخوێنینەوە کە گرنگی و بەهای ژیان لەوەدایە بۆ هەر یەکەمان جۆرێک گرنگی و بەرکەوتن و بەهای هەیە. ژیان ئەگەر بۆ هەموان یەک واتای هەبوایە ئەوا بێواتا دەبوو. بۆیە ئەوە ئێمەین لەنێو بێواتایی ژیاندا واتا دەدەین بە ژیان ئەویش بە چالاکی و داهێنان و ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەین.
کتێبی “گەڵاڕێزان” گەشتێکی چێژبەخشی خوێنەرە لەگەڵ نووسەرێک کە لە دواهەناسەکانی نزیک دەبێتەوە و خۆیشی وشیارە بەو نزیکبوونەویە، بۆیە هەرچی هەیە بە جورئەتەوە دەینووسێت و دەیەوێت بازنەی ئەفراندنەکانی بەم کتێبە بگەیەنێتە کۆتایی، کە بازنەیەکی بە بەرهەمە و سەرجەم مرۆڤایەتی لێی سوودمەندبوون.
دەستخۆشی بۆ “ئیکرام حەمە”، کە کردوویەتی بە کوردی و کتێبخانەی ڕۆمان بۆ چاپکردنی ئەم بەرهەمە، کە دەتوانرێت خوێنەر لە هەموو تەمەنێکدا کەڵکی لێ وەربگرێت و ئەزموونەکانی پێ دەوڵەمەند بکات. ماوەتەوە بڵێم ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها گفتوگۆ و سەرنجێکی کورتە لەسەر چەند ئایدیایەکی دیاریکراوی کتێبەکە، نەک ڕانانێک بێت بۆ تەواوی بەشەکانی کتێبەکە.