لە ڕێگای شیعرەوە کاکە (حەمەی ئەحمەد جاف)ـی شاعیرم ناسی

خالید کۆچەر

 

کۆتا ساڵانی حەفتایەکان بوو، خوێنەرێکی سەرسەختی رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو کات بووم، گەنجێکی ئاشقی خوێندنەوە بووم، چەندە ئاشقی کچی جوان بووم سەد ئەوەندە ئاشقی شیعر بووم، بیرمە تەمەنم یانزدە ساڵانیشی تێپەڕ نەکردبوو، چاوم بە کتێباندا دەگێڕا، ڕۆژانەکەم دەگرت ئەو کات چەند فلس و درهەمێک بوو، لە بەردەم جامخانەکەی چاپخانەی کوردستان و پیاوە نوورانییەکەی شاری هەولێر حوزنی موکریانی ڕاوەدەستام، بە دیار کتێبەکانی ناو جامخانەکەوە وەک مەلای مەشهوور و قەل فڕی و کتێبەکانی دڵدار و نالی و ئەوانی تر ڕادەوەستام و، بە پارەی پاشەکەوتی ڕۆژانەکەم هەر جارەو کتێبێکم دەکری، بیرمە یەکەم گۆڤاری منداڵانم بە ناوی (ئەستێرە) کڕی و سەرنووسەرەکەی دکتۆر ئیحسان فواد بوو، ئای چەندە دڵخۆش بووم و چێژم لێ بینی، کورد وەک ئێستا ئەو هەموو زانکۆ و پەیمانگە و ئەو لێشاوە بێژمارەی ئوستازی زانکۆی نەبوو، ئەو هەموو سەدان قوتابخانە و قوتابییەشی نەبوو، بەڵام بە سەردەمی خوێندنەوە دەناسرا، ئەدەب پێگەی جوانی خۆی هەبوو، لە ناو ژانرە ئەدەبییەکاندا شیعر لە هەموویان زیاتر خوێنەری هەبوو، شاعیر بە قەد سەرکردەیەکی سیاسیی ئێستا جمهوور و خۆشەویستی خۆی هەبوو، کۆڕە ئەدەبییەکان گەرموگوڕ بوون، وەک ئێستا نەبوو ژمارەی نووسەرەکانمان لە ژمارەی خوێنەرەکانمان زیاتر بێت، بە هەر حال، بیرمە یەکەم شیعرم لە رۆژنامەی هاوکاری بڵاوکردەوە شانزدە ساڵ بوو، یەکەم کۆشیعری خۆم چاپ کرد تەمەنم حەڤدە ساڵان بوو، فرمێسکی مەهاباد – 1981، هەروەک لە سەرەتا ئاماژەم بەم ڕۆژگارەدا چەند ئاشقی کچی جوان بووم سەد ئەوەندە زیاتریش عەبداڵی کتێبی باش و شیعری جوان بووم، بیرمە ئازاد عەبدولواحید نووسەر و ڕەخنەگر کاتێک بابەتە ڕەخنەییەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاو دەکردەوە دەنگدانەوەی دروست دەکرد، بابەتەکانی ئەدەبییەکانی دەخوێندرایەوە تیراژی گۆڤاری مانگانەی (بەیان) ساڵانی هەشتایەکان گەیشتە 22000 دانە، من بەخیڵیم بەو ڕۆژانەدا دێتەوە، کورد ئەو هەموو خوێنەرە جوانەی هەبوو؛ لەم سەردەمە، با بگەڕێینەوە سەر شیعر و کاکە (حەمە ئەحمەد جاف)ـی شاعیر، ئەو کات هەموو کتێبێک و بابەتێکی ئەدەبییم دەخوێندەوە بەڵام، شیعر لە هەموویان زیاتر کۆتا ساڵانی حەفتایەکان بوو ناوێکم دەکەوتە بەرچاو و شیعرەکانم دەخوێندەوە ساڵانی هەشتایەکان بە گەرموگوڕییەکی بە تینەوە شیعرەکانی لە گۆڤار و رۆژنامەکان دەکەوتە بەرچاوم دەمخوێندەوە یەکێ لەو شاعیرانە کاکە حەمەی ئەحمەد جافی شاعیر بوو، شیعر لەوەی نەدەپرسی کاکە حەمە لە قەڵادزێ نیشتەجێیە و خالید کۆچەر لە هەولێر، کاکە حەمە یەکێ بوو لەو دەنگە جوانانەی ڕوخسارێکی دیکەی دەبەخشی بە شیعر لەناو ریتم و کێش و ئاواز و ئیلهام و بەهرەدا دەنگ بوو، گەلێک جار وتوومە: دنیای ئەدەب و رەخنە و نووسین چەندە سەیرە دەیان کرانە لووتکە و لووتکەش نەبوون، دەیان دەنگی جوانیش غەدریان لێ کرا، حەمەی ئەحمەد جاف خەسڵەتێکی سەیر و تایبەتمەندی بە خۆی هەیە جوان دەنووسێت، بە بێدەنگیش دەنووسێت، خۆیشی ناسەپێنێت بە سەر کەسدا، یەکێکە لەو شاعیرانەی لە کۆتاییەکانی حەفتایەکان دەنووسێت و بە نەوەی هەشتایەکان دەخوێندرێتەوە، ساڵان هات و ساڵان تێپەڕی و ڕۆژگارێکی دیکەمان لە خەزانی تەمەن هەڵوەراند، پتر لە بیست زیاتر بەر لە ئەمڕۆ چوومە ناو دنیای ڕۆژنامەنووسی و کارم کرد، ڕێکەوتێکی سەیر و یادەوەرییەکی جوان بوو، کاتێک دەستبەکار بووم لە رۆژنامەی خەبات، نەژاد عەزیز سورمێ ئەو کات سەرنووسەری رۆژنامەی خەبات بوو، بەشی هەڵەچنی و زمانەوانیی بۆ هەڵبژاردم و، پێی گوتم: پێم باشە لەم بەشە کار بکەیت؛ منیش ڕەزامەند بووم، کە چوومە ئەو ژوورە چەند مێزێک بە دەورەی یەکدا بوون و هاوکارانم لەم بەشە کاریان دەکرد، دوای سڵاو و چاکوچۆنی و خۆناساندن و تۆقەکردن، ڕوخسارێکی بێگەرد بە رووما پێکەنی و وتی: ساڵانێکە من و تۆ یەکتر دەناسین و هەر لە کۆتا ساڵانی حەفتایەکان، حەمەی ئەحمەد جافم کاکە خالید کۆچەر باوەشمان بە یەکتردا کرد و یەکترمان ماچ کرد، زیاتر لە بیست ساڵی تەمەنمان بەڕێ کرد تا ئەم ساتەش هەر پێکەوە لەم رۆژنامەیە کار دەکەین، کاکە حەمە شاعیرێکی بەئەزموون، نووسەرێکی لێهاتوو، ڕۆژنامەنووسێکی بەئەزموون، مرۆڤێکی بێگەرد، بە بێدەنگی دەخوێنێتەوە و دەنووسێت، وەک خۆم ئاسا بێ ئەوەی منەت بەسەر ئەم و ئەودا بکات، بە ڕەوای خۆم زانیی ئەم چەند دێرەی لەسەر بنووسم، داوای لێبوردن لە کاکە حەمەش دەکەم ئەگەر هەقی تەواوم پێ نەبەخشیبێت و دەڵێم: قوربان بمبەخشە تۆ لەمە زۆر گەورەتری .