هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 1, 2024
Image default

مەسخ لە کافکاوە بۆ ئەوانی تر

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

تێکستە داهێنەرەکان هەمیشە کاریگەریی گەورە لە دوای خۆیان بەجێدەهێڵن و سەدەکان دەبڕن و کاریگەرییەکەیان هەر بەردەوام دەبن، بەشێکیان دەبنە تێکستی دایکانە چەشنی ئیلیاد و ئۆدێسە-ی هۆمیرۆس، یان کۆمیدیا-ی دانتێ و میتامۆرفۆسی ئۆڤید و زۆر تێکستی دیکە. چیرۆک ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی دەبێتە قوتابخانەیەکی نوێ بۆ چیرۆکنووسان و ڕۆماننووسان و هاوکات چیخۆف لە شانۆ و چیرۆکدا چەشنی مۆپاسان و ئیدگار ئالان پۆ و بۆخیس دەبنە قوتابخانەی دیکەی دونیای گێڕانەوە. مەسخبوون لە کافکاوە دەست پێ ناکات، بەڵام کافکا قوتابخانە نوێ و مۆدێرنەکەی مەسخبوون دادەهێنێت و لە ڕێی نۆڤلێتێکەوە بناغەی ئەم قوتابخانەیە لە سەدەی بیستدا دادەنێت. دەنا پرۆسەی مەسخبوون بۆ “میتامۆرفۆس”ی ئۆڤید دەگەڕێتەوە و ڕیشەکەی لەنێو ئەو دەقە دایکانەدایە.

گابریل گاریسا مارکیز لەو نووسەرانەیە، کە نۆڤلێتی مەسخ کاریگەریی زۆری لەسەر هەبووە و خۆی ئەمەش نەشاردووەتەوە. لێرەدا دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی کە تێکستی داهێنەرانە هەمیشە پرسیاری وەڵام نەدراوەی پێیە بۆ نووسەرانی دیکە و ئەمەش دەبێتە کەڵکەڵە بۆ ئەوان و دواتر دەبێتە هەوێنی نووسینی نوێ.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک نۆڤلێتی مەسخم خوێندووەتەوە ماوەیەک لەمەوبەر دەمویست جارێکی دیکەی ئەم نۆڤلێتە بخوێنمەوە، بەڵام ئەو وەرگێڕانەییم لە کتێبخانەکەمدا لێ بزربوو، کە ڕاستەخۆ “پێشەوا فەتاح” لە ئەڵمانییەوە کردوویەتی و حەزم کرد ئەمجارە وەرگێڕانەی ئەو بخوێنمەوە. کاتێک لە زۆرێک لە کتیبخانەکانیشدا بۆی گەڕام بۆ ئەوەی نووسخەیەکی دیکەم دەست بکەوێت و بیکڕمەوە دوای گەڕانێکی زۆر دواجار نوسخەیەکم دەست کەوت. لەگەڵ خوێندنەوەی نوێی ئەم نۆڤلێتەدا چەند چیرۆکێکی ترم خوێندەوە، کە گوزارشتیان لە هەمان دۆخی مەسخبوونی گریگۆری نێو نۆڤلێتی “مەسخ”ی کافکا دەکرد. یەکێک لەو چیرۆکانە، چیرۆکی “مانگا”دا غوڵام حسێن ساعیدییە، کە نووسەر لە ڕێی گێڕانەوەی چیرۆکێکی سادەی کابرایەکی گوندنشینی عاشق بە مانگاکەی دەیەویت دۆخی مەسخبوونی مرۆڤ و ئاوێتەبوونی لەگەڵ شتە دونیاییەکاندا (ماددییەکاندا) بخاتەڕوو، چیرۆکەکە گەلێک سەرنجڕاکێشە و درێژترین چیرۆکی کۆمەڵەکەشە، بەڵام جوانترین و سەرنجڕاکێشترین چیرۆکی ئەم کۆمەڵەیەشە. ئەوەی ساعیدی لەم چیرۆکەدا کردوویەتی پیشاندانی ئەو دۆخەیە، کە مرۆڤی گیرۆدەبووی شتە ماددییەکان چۆن لە پێستی خۆیان دەردەچن. گرنگی چیرۆکەکە لەوەدایە کە ئەوەی ساعیدی کردوویەتی پیشاندانی دیوێکی دیکە ئەو وێنەیەیە بەو پێیەی نووسەر نایەوێت لەنێو شاردا کە هەموو مرۆڤەکان بەر سەرمایەداریی و ئەو دونیا دڵڕەقە دەکەون دونیاکە بنەخشێنێت، بەڵکو لەم چیرۆکەدا دێت و لەنێو گوندێکدا بەناوی “بەیەل” وێنەی مرۆڤێک دەکێشێت، کە هۆگربوونی بە مانگاکەیەوە کردوویەتییە کەسێکی ماددی. تەکنیکی چیرۆکەکە گەلێک سادەیە، بەڵام لە چەشنی ئەو چیرۆکانەیە کە مرۆڤ یەکجار بیخوێنێتەوە هەرگیزاوهەرگیز لەبیری ناچێتەوە.
لە چیرۆکی “کافکا لە سابوونکەران”دا ئارام کاکەی فەلاح دیسان پەنا بۆ تێمانی مەسخبوون دەباتەوە و ئەمجارە پاڵەوانی چیرۆکەکە نابێت بە قالۆنچە، بەڵکو بەیانییەک، کە لە خەو هەڵدەستێک نزیکەی 50 ساڵ پیر دەبێت و سەر و ڕیشی سپی دەبێت و دەنگی دەگۆڕێت لە کوڕێکی گەنجەوە بۆ پیاوێکی پیر. ئەم مەسخبوونەش دۆخێکی نوێی مەسخبوونی مرۆڤی مۆدێرنە کە کافکا دەرفەتی نەبوو ئەمە تەوزیف بکات و چیرۆکنووسێکی وەکو ئارام کاکەی فەلاح دوای ساڵانێکی زۆر دێت و ئەم وێنەی مرۆڤ دەنووسێتەوە کە لە دونیای مۆدێرندا بەسەر مرۆڤدا دێت.
ئەگەر ئەو چیرۆک و ڕۆمانانە بنووسمەوە کە لەژێر کاریگەریی “مەسخ”دا نووسراون لیستەکە گەلێک درێژ دەبێت، بەڵام ئەم دوو نموونەیە سەلمێنەری ئەوەن کە “مەسخ”ی کافکا لە چەشنی ئەو تێکستە گرنگانەیە کە بووتە تێکستی دایکانەوە و لە هەناوییەوە تێکستی دیکە لەدایکبووە، چونکە تایبەتمەندی تێکستی دایکانە ئەوەیە کە دەبێتە داینەمۆی لەدایکبوونی تێکستی نوێ.