هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 1, 2024
Image default

هان کانگ؛ وەک نووسەرێکی مینیماڵیست

 

 

ئارام كۆشكی – سلێمانی

دروشتمی سەرەکی مینیماڵیستەکان “کەم زۆرە”یە، ئەم دروشمە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەدەب و شیعر هەیە و ئەوان بە وشەی کەم گوزارشت لەو بابەت و ئازارانە دەکەن کە دەیانەوێت بۆ بینووسنەوە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا دەکرێت مینیماڵیزم لە ڕۆماندا پەیڕەو بکرێت؟ بێگومان رۆماننووسەکانیش بەدەر نین لە کاریگەرییەکانی دونیای نوێ، ئەگەرچی بەشێکیان گوێ بەو کاریگەرییانە نادەن و لەسەر ڕێڕەوی نووسین و داهێنانی خۆیان بەردەوامن، بەڵام بەشێکی دیکەیان هەولی خۆگونجاندن دەدەن لەگەڵ ئەم دونیا نوێیەی کە هەست بە خێرایی و بێکاتیی دەکرێت. مینیماڵیزم بەرهەمی ئەو خێرایی و بێکاتییەی مرۆڤە، کە پێیوایە کاتی کەمی لەبەردەستە بۆ ژیانکردن.

لە 20 ساڵی ڕابردوودا گەلێک نووسەری مینیماڵنووس پەیدابوون و ئەدەبی مینیماڵی بەربڵاوبووە و ئەمەش پەلی هاتووشتووەتە نێو دونیای ڕۆمان. دەکرێت بەشێک لە بەرهەم و ڕۆمانەکانی “ماکسینس فێرمین، ئەلیکساندرۆ باریکۆ، ڕەسووڵ یۆنان، ئانی ئیڕنۆ، هان کانگ” و چەند نووسەرێکی تر بە ڕۆمانی مینیماڵی پۆلێن بکەین. ئەگەر بمانەوێت پێناسەیەکی ڕۆمانی مینیماڵی بکەین دەتوانین بڵێین ئەو ڕۆمانەیە کە بەش و پاژەکانی کورت کورت و ژمارەی وشەکانی لە دە هەزار وشە تێناپەڕێت، کە بەسەر بەشی کورت کورتدا دابەش کراون.
ئانی ئیڕنۆ لە چەند ساڵی ڕابردوودا خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی وەرگرت، لەو نووسەرانەیە، بەشێکی زۆر لە رۆمانەکانی دەچنە خانەی رۆمانی مینیماڵییەوە. هان کانگ ئەو نووسەرە کۆرییەی ئەمساڵ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی وەرگرت، ئەویش بەشێک لە بەرهەمەکانی دەچێتە هەمان خانەوە بەتایبەت رۆمانی “کتێبی سپی”.
رۆمانی “کتێبی سپی” لە وەرگێڕانی سابیر مەلول و ستار محەمەدە و ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاوی کردووەتەوە و ئەم رۆمانە دەچێتە خانەی ڕۆمانی مینیماڵییەوە. لەم رۆمانەدا نووسەر لەڕێی ڕەنگی سپییەوە دەیەوێت ژیانێک بنووسێتەوە و کاریگەریی ئەم ڕەنگە لەسەر مرۆڤ بخاتەڕوو. زۆرجار مرۆڤەکان بیر لەوە ناکەنەوە کە ڕەنگەکان چ پێگە و کاریگەرییان لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە. سپی ئەو ڕەنگەیە کە مرۆڤ لە لەدایکبوونییەوە و لە یەکەم ساتەکانەوە (وەک لە رۆمانەکەدا هاتووە) یەکەم بەرکەوتنی لەگەڵیدا هەیە و تێوەی دەپێچرێت. دواساتی ژیانیشی “خام”ی سپی تێوە دەپێچرێت و تەسلیمی خاک دەکرێتەوە.
ڕۆمانەکە گەشتێکی گرنگی شیعریی و تیژتێپەڕە بە ژیانی مرۆڤدا لە جێگەیەکدا نووسەر دەنووسێت:
“هەموو ساتێک بازدانێکە بەرەو پێش بەسەر خەرەندێکی نەبینراودا، کە بەردەوام لێوارەکانی زەمان لەوێدا تازە دەبێتەوە. پێمان لەسەر ئەو زەویە سەختەی ژیان هەڵئەبڕین، کە تا ئێستا تێیدا ژیابووین و هەنگاوێکی دیکەی پڕ لەترس بەرەو نادیار، بەرەو هەواری خاڵی دەنێین. ئەوە ناکەین تا بیسەلمێنین ئازایەتیەکمان تێدایە، ئازایەتییەک لە جۆرێکی تایبەت، چونکە لە بەرامبەرماندا هیچ ڕێگایەکی دیکە شک نابەین تا بیگرینە بەر، ئێستا لەم ساتەدا خرۆشانێکی کەلەتەزێن بەناخمدا ڕادەبرێ لەکاتێکدا هەنگاوێکی شێتانە بەرەو زەمەنێک دەنێم کە هێشتا تێیدا نەژیاوم، بەرەو کتێبێک کە هێشتا نەمنووسیوەتەوە.” مرۆڤ هەمیشە شتێکی هەیە بۆی بژی، کتێبێکی هەیە نەینووسیوە و ژیانێک هەیە نەژیاوە و عەشقێک هەیە نەیکردووە و ئەم رۆمانە تیشک دەخاتە سەر ئەو لایەنەی ژیان، کە خۆزگەکانی مرۆڤ هەمیشەیین و هەرگیز تەواو نابن.
لە جێگەیەکی دیکەدا نووسەر ئاماژە بۆ دەکات کە “کاتێک ڕۆژە درێژەکان کۆتاییان دێ، مرۆڤ پێویستی بەتاوێک بێدەنگیە. لەکۆتایی ڕۆژێکی وادا، خۆم لەبەرامبەر ئاگردانێکدا دەبینمەوە وەستاوم دەستە ماندووەکانم بەبێدەنگی بۆ ئاگرەکە درێژ دەکەم و پەنجەکانم واڵا دەکەم و لەکەمترین تینی گەرما دەگەڕێم.” ئەمەش دیسان جۆرێکی دیکە گەڕانی مرۆڤ کە لەنێو ژاوەژاوەکانی ڕۆژگاردا بەدوای بێدەنگیدا وێڵە و دەیەوێت بیدۆزێتەوە، چونکە لێی دزراوە.
ئەم رۆمانە لەڕێی بەشی کورت و کەمترین وشەوە دەیەوێت پەیامی گەورە بە مرۆڤ بگەیەنێت، پەیامگەلێک کە مرۆڤ لەبەردەم ژیاندا ڕابگرێت و بیر لە خۆی و ژیانی بکاتەوە. دەستخۆشی بۆ هەردوو وەرگێڕ و ناوەندی ڕەهەند بۆ چاپکردنی ئەم بەرهەمە ناوازەیە.