مامۆستا گۆرانی شاعیر و شیعری منداڵان

فەرهاد قادر ئۆمەر

رۆژتان باش گوڵە تازەپشکووتوەکانی کوردستان، من گۆرانی شاعیرم. من ناوم عەبدوڵای کوڕی سلێمان بەگ کوڕی عەبدوڵا بەگە و ناسراوم بە گۆران. ئەمڕۆ بە مێوانی بۆ لای ئێوەی قەشەنگ وخوێن شیرین هاتووم، من لەسەردەمی زوودا سوارچاکێکی کەموێنەی شیعر و ئەدەبی کوردی بووم پێم وا نییە کەسێکی سەلیقەداری شیعر و ئەدەب و هونەری هەبێ ناوی منی نەبیستبێ و، شتێکی دەربارەی من لە کتێب و گۆڤار و رۆژنامەکاندا نەخوێندبێتەوە. بەڵێ، من یەکێکم لە شاعیرە پێشەنگەکانی کورد، هەمیشە ناوم هاوشانی شاعیرە مەزنەکانی وەک قانیع و مەحوی و حاجی قادر و ئەو پیاوە مەزنانە هاتووە کە رۆژگارێک پێشەنگ و چاوساغی ئەو میللەتە بوون، ئێستاکە زانیتان من کێم؟ گەر پێتان خۆش بێ و حەز بکەن شتێکتان لە هۆنراوە و نووسینەکانی خۆمتان بۆ باس دەکەم:
خونچە گوڵە تازەپێگەیشتووەکانم، من شاعیرێکی نەتەوەیی و نوێخواز بووم؛ کولتوور و رابردووی نەتەوەکەم لا گرنگ بووە، بەڵام وا تێنەگەن لەنێو هۆنراوە و شیعرەکانمدا ئێوەی ئێسکسووکم بیر چۆتەوە، راستە من لە بواری ئەدەبی منداڵاندا کارم نەکردووە، بەڵام ئێوەیشم بیر نەچۆتەوە، بەڵکو چەپکێک هۆنراوەی جوانم بۆ ئێوە نووسیوە، لەوانە: (ساوای ئاشتیخواز)، (بەرخەکەم)، (گۆرانی دەنکە گەنم)، (پشیلەکەم)، (بەفر)، (کەروێشک) و گەلێکی دیکەش، هەرکە ئێوە تۆزێک گەورە بوون، ئەو کات لە
قوتابخانە ئەو هۆنراوانە دەخوێننەوە کە بە درێژای ژیانم هۆنیومەتەوە و، هەندێ دێڕی جوانیش لە هۆنراوەکە لەبەر دەکەن. گەر پێتان خۆش بێ هۆنراوەیەکتان بە ناونیشانی (بەرخەکەم) بۆ دەخوێنمەوە:
ئەی بەرخۆڵەکە
نەرم و نۆڵەکە
سپی و خرپنی
وەک کولووی لۆکە
دەستەمۆ و چەشی
فێرە باوەشی
دەنگی باڕە خۆش
جوان و چاوڕەشی
بۆ هەرکوێیەک چووم
تۆش وەرە لە دووم
ئەتلەوەڕێنم
هەروەکو بێچووم
وەرە خلەخل
بچۆ نەرم و شل
بباڕێنە: باع…
بەرخی چاوبەکل
خونچە گوڵە جوانەکانم، واهەست دەکەم، بەوەندە دڵتان ئاوی نەخواردۆتەوە، هۆنراوەیەکی دیکەیشتان بۆ دەخوێنمەوە، بەڵام بەر لەوەی هۆنراوەیەکە بخوێنمەوە دەڵێم کە هەمیشە سروشتی کوردستان هەوێنی شیعرەکانم بووە و بۆ ساتەوەختێکیش بیرم نەچۆتەوە، بڕوانە چۆن وەک تابلۆیەک بە وشەی ناسک و جوان وەسفی سروشتی کوردستانم کردووە بە هۆنراوەیەک بە ناونیشانی (بەفر) کە گوتومە:
ئای بـابـە گیان! بەفر ئەبارێ، تەماشا
جـێگـا نەما پێـیـەک دانـێی لە حـەوشـا
کلوو کلوو دێـتە خـوارێ سپـی و جـوان
دەنکە دەنکەش با ئەیهێنێ بۆ هەیوان
ئـەڵـێـی وردە پـەڕی سپـی دەعـبـایـە
یا لـێشـاوی پـەپـوولـەی نـاو هـەوایە
ئـەهـا بـابـە ئـەو ریــشــۆڵـە هـەژارە
کـز کـز نـیشتـۆتەوە لـەو بن پـاسارە
ئـێستا مشتێ گـەنم دێنم رۆی ئـەکەم
بـا بـێ بیـخـوا و نـەجـاتی بێ لە ماتەم

رۆڵە چاوگەشەکانم! هەست دەکەم تۆزێک ماندوو بوونە و خەو چاوی داگرتوون، بەڵام بەر لەوەی بە کۆپەڵە هۆنراوەیەک ماڵئاواییتان لێ بکەم، دەمەوێ بڵێم کە لە دوای خۆمدا دیوانێکی شیعریم بۆ ئێوەی ئێسکسووک جێ هێشتووە بە ناوی (دیوانی گۆران)، کە محەمەدی مەلا کەریم کۆی کردۆتەوە و پێشەکیی بۆ نووسیوە، ئێوەش بە خوێندنەوە و لەبەرکردنیان سوودی لێ وەربگرن و ئەم هۆنراوەیەش دەکەمە دوا دیاری قسەکانم وبەخوای گەورەتان دەسپێرم:
ناوی خوای لێ ئەهێنم
دەرکی عەمار ئەشکێنم
بە بار گەنم دەردێنم
لەناو وەردا ئەیچێنم
ئێستا وشکە، بێگیانە
ئەو دەنکە گەنمە جوانە
دوو رۆژی تر بڕوانە
تەلیسمێکی ژیانە
خوا ئەفەرمێ
ئەویش ئەڕوێ
ئەبێ بە قەرسیلی شین
بەرز ئەبێتەوە چین‌چین
دیمەنێکی چەند شیرین
ئەبەخشێ بە سەرزەمین
خوا دای گیانی
خوا نەخشانی
ئەی خوای گەردوونە بەرزە
دەغڵەکەم بپارێزە
لە سن و کوللە و تەرزە
هەر دەنکە بوو بە هەزار
سوپاس بۆ تۆ کردگار
بەشی تۆ و بەشی عەمار
بەشی دەستکورت و هەژار
هاتە بەرهەم
سوپاس ئەکەم

ھەواڵی زیاتر