مامۆستا نەشمیل شوان: بە جەنتیرفیكاسیۆن، شار نوێ دەبێتەوە و، كێشە چارەسەر دەبێ

دیمانە: هێمن خەلیل

نەشمیل شوان عەبدولڕەحمان مامۆستا لە بەشی تەلارسازی كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەلاحەدین، ناونیشانی ماستەرەكەی بریتیە لە گۆڕانكاری شارستانی (كاریگەری توانای زەوی لەسەر چالاكیە ئەنجامدراوەكان و پلەی جەنتیرفیكاسیۆن (gentrification) لە شاری هەولێر) بۆ ئەم مەبەستە دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد..

سەرەتا لە (مامۆستا نەشمیل)مان پرسی جەنتیرفیكاسیۆن چییە؟ لە وەڵامدا گوتی:”
جەنتیرفیكاسیۆن ئاماژەیە بۆ ئەو پرۆسەیەی كە بەهۆیەوە گەڕەکێكی شارستانی و كەمداهات گۆڕانكاری بەسەر دا دێت بەهۆی گۆرینی دانیشتوان لە كەسانی كەمدەرامەت بۆ كەسانی دەوڵەمەند ئەم گۆڕانكاریە بە شێوەیەكی گشتی دەبێتە هۆی نۆژەنكردنەوە یان باشتركردنی كوالێتی خانووەكان و ژێرخانی گەڕەكەكە و بەرزبوونەوەی بەهای مڵک، كرێی خانوو؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا رەنگە ببێتە هۆی لە ئەنجامدا دەتوانین دانیشتوان ماوەدرێژ و كەمداهات ئاوارە بكات و پەیكەری کولتووری و كۆمەڵایەتی ناوچەكە بگۆرێت.”
لە پرسیارێكی تر لەو مامۆستایەمان پرسی تیۆریەكانی جەنتیرفیكاسیۆن چیە؟ لە وەڵامدا دەڵێ:
“من وەك توێژەك ناتوانم بە دیدی خۆم تیۆرەكانی جەنتیرفیكاسیۆن دیاری بكەم، چونكە لە ڕاستیدا ئەو دیاردەیە لە سەرەتای ساڵانی (1950) لە لەندەن سەری هەڵداوە و لەسەر بنەمای چەند تیۆریەك كە دیاریكراوە و لە ڕێگای ئەو تیۆریانە بەدواداچوون بۆ هۆكارەكان و پرۆسەكان و دەرئەنجامەكانی دیار دەكرێت و هەوڵ دەدرێت لێكۆڵینەوە بۆ چۆنیەتی و چەندایەتیی پرۆسەكە بكرێت.
تیۆرەكانی جەنتیرفیكاسیۆن بریتیە لە تێكەڵەیەكی ئاڵۆز لە هێزی ئابووری و کولتووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین لەژێر دوو چەتر كۆیان بكەینەوە ئەویش تیۆرەكانی لایەنی بەرهەمهێنان سەرنج دەخەنە سەرمایە و خانووبەرە، تیۆرەكانی لایەنی بەكاربردن جەخت لەسەر شێوازی ژیان وەكو کولتوورو هەڵبژاردنی كەس دەكەنەوە، بە ڕای من تێگەیشتن لە جەنتیرفیكاسیۆن لە چەند ڕوانگەیەكەوە یارمەتیدەرە لە چارەسەركردنی كێشەكان و سوودەكانی نوێكردنەوەی شارەكان و كەمكردنەوەی تاوان و ئالنگاریەکانی ئاوارەیی و نایەكسانی.”
مامۆستا نەشمیل باسی لە مەبەستەكانی گۆڕانی جەنتیرفیكاسیۆن كرد و گوتی:
“جەنتیرفیكاسیۆن بریتیە لە نۆژەنكردنەوەی گەڕەكە شارستانیە كەمدەرامەتەكان لە ڕێگای هاتنی دانیشتوانی دەوڵەمەندتر، ئەم گۆڕانكاریانەی بەسەر ئەم گەڕەكانە دێن لەژێر سایەی پرۆسەی جەنتیرفیكاسیۆن بریتین لە نۆژەنكردنەوەی خانووبەرە و باشتركردنی ژێرخانی ئابووری و زیادكردنی بەهای مڵکەكان، هەرچەندە جەنتیرفیكاسیۆن دەتوانێت گەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی بووژانەوەی گەڕەکەکان بهێنێتە ئاراوە، بەڵام زۆر جار دەبێتە ئاوارەییی دانیشتوانی درێژخایەن و كەمداهات كە چیتر توانای بەرزبونەوەی كرێ یان باجی مڵک و ماڵیان نیە.”

ئەو مامۆستایەی زانكۆ باسی لە گۆڕانی جەنتیرفیكاسیۆن كرد و ڕای وایە:
“لە راستیدا تەنها ڕای من نا بەڵكو ڕای زۆربەی توێژەرانی ئەم بوارە هاوڕان لەسەر ئەوەی كە لایەنە سەرەكیەكانی گۆڕانی جەنتیرفیكاسیۆن بریتین لە:

  1. گۆڕانكاری ئابووری: بەهای مڵک و ماڵی و تێچووی ژیان بەرز دەبێتەوە لەگەڵ گۆڕانكاری لە دانیشتوان و چوونەژوورەوەی تاكی دەوڵەمەندتر.
  2. ئاوارەیی: دانیشتوانی ڕەسەن بەهۆی بەرزبوونی تێچووی ژیان پاڵ دەنرێتە دەرەوە.
  3. گۆڕانكاری کولتووری: پەیكەری كۆمەڵایەتی و کولتووری گەڕەكەكە دەگۆڕێ لەگەڵ گۆڕانكاری جۆری دانیشتوان.
  4. وەبەرهێنان و گەشەپێدان: دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی كوالێتی گەڕەکە شارستانیە نەگەشەپێدراوەكان و بەرزبوونەوەی كوالێتی ژیان و كڕین و فرۆش.”
    تایبەت بە پێوانەكردن ئەو مامۆستایەی زانكۆ گوتی:
    “لە ڕاستیدا پێوانەكردنی پرۆسەی جەنتیرفیكاسیۆن كەمێك ئاڵۆزە بەهۆی سروشتی فرەلایەنەوە، كە گۆڕانكاری ئابووری و كۆمەڵایەتی و کولتووری لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەگەر بە پوختی باسی بكەم سەبارەت بە گۆڕانكاری ئابووری دەكرێ ئاستی داهاتی ماڵەكان بەراورد بكرێ بە تێپەڕینی كات هەڵکشانی ئاستی داهات دەكرێت ئاماژە بێت بۆ ئەوەی كە دانیشتوانی دەوڵەمەندتر دەچنە ناوچەكە، هەروەها بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو دانیشتوانەی كە بڕوانامەی كۆلێژ یان پلەی بەرزتریان هەیە. لە هەمان كاتدا گۆڕانكاری بازاری خانووبەرە بەرزبوونەوەی بەهای كرێ و مڵک. گۆڕانی جۆری دانیشتوان لە دانیشتوانی كەمدەرامەت بۆ دانیشتوانی دەوڵەمەند. زیادبوونی ڕێژەی نۆژەنكردنەوەی خانووبەرە. لە كۆتاییدا دەتوانم بڵێم پێوانەكردنی جەنتیرفیكاسیۆن پێویستی بە رێبازێكی فرەڕەهەند هەیە كە هۆكارە بۆ ئابووری و دیموگرافی و نیشتەجێبوون و كولتووریەكان لەخۆ بگرێت.”
    لە دوا پرسیار مامۆستا نەشمیل باسی لە جەنتیرفیكاسیۆن كرد و ئاماژەی دا:
    “هەرچەندە جەنتیرفیكاسیۆن دەتوانێت گەشەسەندنی ئابووری و بووژانەوەی شارەكان بهێنێتە ئاراوە، بەڵام زۆرجار بە تێچووی ئاوارەیی و نایەكسانیی كۆمەڵایەتی و لەدەستدانی ناسنامەی كۆمەڵایەتی دێت. بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و كەمبوونەوەی خانووبەرەی گونجاو زیاتر ئەو تەحەدیانە خراپتر دەكات كە رووبەرووی دانیشتوانی ماوەدرێژ و كەمداهات دەبنەوە، سەرەڕای بوونی چەند خاڵێكی زیانبەخش لە پرۆسەكە، بەڵام لایەنە ئەرێنیەكانی زۆر زیاترە بۆیە ئێستا كراوەتە بەرنامەی سیاسی زۆربەی وڵاتان بۆ هاندانی روودانی پرۆسەی جەنتیرفیكاسیۆن لەبەر قورسایی سوودەكانی لەچاو زیانەكانی.”
ھەواڵی زیاتر