پاشای باران هەندەرسن

مرۆڤ بوونەوەرێکی بزێوە، بەوە ڕازی نییە کە هەیەتی، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی گەڕان و کۆچی بەردەوام و کنەوپشکنینی سەرزەمینی دیکەدایە بۆ ئەوەی بگات بە جێگەیەکی جیاواز لەوەی لەسەری نیشتەجێیە و پێشتر نەیبینیوە. هەموو شارستانیەتەکان، هەموو پێشکەوتنەکان، بەرهەمی ئەو ناڕازیبوونەی مرۆڤن بەوەی کە هەیبووە، بۆیە پێشکەوتنی نوێ و داهێنانی نوێ پەرەی سەندووە. نووسەرەکانیش ئەگەر بە یەکەم بەرهەمی نووسراویان ڕازی بن، ئیدی بەرهەمی نوێتر نانووسن. بۆیە فرەیی بەرهەمەکان و زۆری بەرهەمەکانی نووسەرێک پەیوەندی بە ناڕازیبوونی نووسەرەکەوە هەیە لە بەرهەمی پێشووتری، واتە هەرچەندە پێیوابێت بەرهەمێکی گرنگی نووسیوە، بەڵام ئەو هەستەشی هەیە، کە شتێک هەیە و نەیوتووە، بۆیە دەبێت لە بەرهەمێکی نوێتردا بیڵێت.

ئەم هەفتەیە ڕۆمانی “پاشای باران هەندەرسن”ی سۆڵ بێڵۆ-م خوێندەوە کە “دیلان قادر” کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. نووسەرەکەی وەرگری خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئەدەبیات لە ساڵی 1976دا. ڕۆمانەکە هەوڵێکە بۆ نووسینەوەی ژیانی کەسێک بەناوی “هەندەرسن”، کە بە جێگەی خۆی و وڵاتی خۆی ڕازی نییە و سەفەر بەرەو کیشوەرێکی تر دەکات.
هەندەرسن، سەربازێکی دەوڵەمەندی خانەنشینە و لە ژیانێکی گەلێک ناوازەدا دەژی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕۆژێک ئیدی لەو ژیانە ڕۆتینەی دوای خانەنیشبوون بێزار دەبێت و هەموو سامان و موڵکوماڵی بەجێ دەهێڵێت و بەرەو کیشوەری ئەفریقا دەڕوات. ئەم ڕۆیشتنە تەنها ڕۆیشتنی مرۆڤێکی سادەی بێ پرسیار نییە بەرەو کیشوەرێکی دیکە، بەڵکو ئەو کۆمەڵێک پرسیار و کەڵکەڵەی هەیە کە دەیەوێت دوای ساڵانێک بە وەڵامەکانی بگات. ئەم پاڵەوانە دەیەوێت دوای ساڵانێک لە خزمەتی سەربازی و ژیان لە بێواتاییدا بەدوای واتایەکی دیکەدا بگەڕێت بۆ ژیان و ئەمەش لە سەفەر و ئەو گەشتەدا دەبینێتەوە، کە بەرەو ئەفریقا دەیکات.
رۆمانەکە گەشتێکی وشکی پیاوێکی تووڕە نییە، کە بۆ وەڵامی پرسیارە فەلسەفییەکانیدا دەگەڕێت، بەڵکو گەشتی پیاوێکی ئازارچەشتووی ئەزمووندارە، کە کەڵکەڵەی دۆزینەوەی واتای نوێ و ئەزموونکردنی ژیانی نوێی هەیە و دەیەوێت بە وەڵامی ئەو پرسیارانە بگات، کە پێشتر دەرفەتی ئەوەی نەبووە بەدوایاندا بگەڕێت. ئەم گەشتەی هەندەرسن، گەشتی مرۆڤێکی بیرکەرەوەیە، کە بە پرسیارەوە گەشت دەکات، نەک بەبێ پرسیار ملی ڕێگە بگرێتە بەر.
کێشەیەک کە بەشێکی زۆری کۆچبەری کورد هەیەتی ئەوەیە بە پرسیار و خەونەوە کۆچ ناکات، بەڵکو یان دوای تێرکردنی کەپتەکانی دەکەوێت و ئیدی بیر لە هیچی دیکە ناکاتەوە، یان تەنها لە خەمی گۆڕینی شوێندایە، نەک لە خەمی گۆڕینی ڕوئیادا بێت. گەشت و کۆچ بەر لەوەی گۆڕینی شوێن بێت و بۆ بەسەربردنی کاتی پشوو، یان شوێنگۆڕین بێت، دەروازەیەکی نوێیە لەبەردەم گەشتیار و کۆچبەردا کە دەکرێت دەروازەیەکی نوێی ڕوئیا گۆڕین بێت. ئەوەی هەندەرسن بەدوایدا دەگەڕێت تەنها شوێنگۆڕین نییە، بەڵکو لە هەوڵی بەدەستهێنانی وەڵامی پرسیارەکانیدایە و دەیەوێت ڕوئیای بۆ دونیا و شتەکان بگۆڕێت. ئەوەی گەشت و کۆچ تەنها بۆ شوێنگۆڕین بکات هیچی ئەوتۆ ناچنێتەوە و بە هەگبەیەکی بەتاڵەوە دەگەڕێتەوە، بەڵام کە ئامانجی گەشت و کۆچ بۆ گۆڕینی ڕوئیا بوو، ئیدی مرۆڤ بە هەگبەیەکی پڕەوە وەڵامی هەندێک لە پرسیار و کەڵکەڵەکانی چنگ دەکەوێت.
بێگومان ئەم نووسینە تەنها داوەتکردنێکی خوێنەرە بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە و ناتوانم ناوی ڕانانیشی لێ بنێم، چونکە لە ڕاناندا کەمێک زیاتر لەبارەی ڕۆمانەوە دەخرێتەوە ڕوو، کە من نامەوێت لە چێژی خوێندنەوەی رۆمانەکە کەم بکەمەوە. تەنها ئامانجی من داوەتکردنی خوێنەرانە لەگەڵ هەندەرسن بۆ گەشتێکی بەسوود، کە کاریگەریی لەسەر گۆڕینی ڕوانین هەیە، نەک تەنها جێگا.

ھەواڵی زیاتر