هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

کتێبی “ئەستێرەکانی گەردوون” كەوتە بەردیدی خوێنەران

کتێبی “ئەستێرەکانی گەردوون” لە نووسینی “خەلیل عەبدوڵڵا”ـیە و، كتێبێكی تایبەت بە كولتووریی جیهانییە و 54 ناونیشانی جیای لە خۆگرتووە، ئەم كتێبە لە دوو بەش پێكهاتووە، یەكەمیان: كەسایەتییە كولتوورییەكانە‌ و تێیدا تیشك خراوەتە سەر ژیان‌ و بەرهەمەكانی 38 ئەستێرەی ڕۆشنبیری‌ و هونەریی جیهانی. دووەمیان: سیما كولتوورییەكانە، لەم بەشەدا ڕۆشنایی خراوەتە سەر 16 شوێن‌ و سیمای كەلەپووری‌و شارستانی لە سەرانسەری گۆی زەویدا.

لە پێشەكیدا، نووسەر ئاماژەی بەوەكردووە:” زانیاری ناو ئەو كتێبەم لە چەند سەرچاوەی جیاوازەوە وەرگرتووە و دوای شەن‌ و كەوكردنی زانیارییەکان، بە کوردییەکی پاراو دامڕشتوونەتەوە، هەروەها ئەم کتێبەم هاوشێوەی ئینسكلۆپیدیا ‌و بەپێی زنجیرەی ئەلف ‌و بێی كوردی ڕێكخستووە، تاوەكوو خوێنەر بە ئاسانی ناونیشانەكان لە پێڕست بدۆزێتەوە ‌و زانیاری لێوەربگرێت.
لە بەشێکی دیکەدا، خەلیل عەبدوڵڵا، دەشڵێت:”ئامانج لە نووسینی ئەم كتێبە ئاشناكردنی خوێنەری كوردە بە ژیان ‌و بەرهەمی كەسایەتییە ڕۆشنبیری‌ و هونەرییەكانی جیهان، كە هەریەكەیان لە بواری خۆیدا خزمەتی بە كاروانی كولتووریی جیهانی كردووە. هەروەها ناساندنی شوێن ‌و سیما كەلەپووری ‌و شارستانییە جیهانییەكان بە خوێنەری كورد‌و هەوادارانی ئەو بوارانە.