پەری محەمەد
ئێمە هەموومان تائێستا وامان زانیوە کە نەزانی دەردێکی کوشندەیە بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگا بەڵام چی دەبێت ئەگەر بڵێین خۆشبەختی لە فەرامۆشکردن و بێباکیدایە، رەنگە تۆی خوێنەر هاوڕا نەبیت لەگەڵ قسەکانم بەڵام تا کۆتایی ئەم وتارە بخوێنیتەوە رەنگە بیروڕات بگۆڕێت چوونکە لەم کتێبەدا ئاماژە بە شتی زۆر جیاواز دراوە لەم بارەوە، ئەم کتێبە تەواو بە جیاواز باسی ئەم بابەتە دەکات و ئەم کتێبە تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ ئەم کتێبانەی کە بۆ گەشەپێدانی مرۆیین.
لەم کتێبەدا باس لە هەندێک بابەت دەکەین کە زۆر ئاشنایە لەگەڵ ئێمەی مسوڵمان بۆ بیرکردنەوە لە شتی دنیایی، کە فێری وانەیەکی گرینگمان دەکات کە دەڵێت تا زیاترت هەبێت ژیانت قورستر دەبێت؛ هەروەکو خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرمێت: (ألهاكم التكاثر) واتە (سەرقاڵی زیادکردنی شتی دنیایین کە وای لێ کردوون ئاگاتان لە هیچ شتێک نەمێنێت و بەڵایەکی گەورەی بەسەرتان هێناوە). ئەمەش لێرەدا ستۆپێک بە ئێمە دەکات کە جارێکی تر چاو بە خۆت و ژیانتدا بخشێنیتەوە. هەربۆیەش لێرەدا یەکەم بەشی ئەم کتێبە ناو نراوە هەوڵ مەدە.
لە سەدەی رابردوودا کەسێک هەبوو بە ناوی چارلز بۆکۆڤسکی کەسایەتیەکی ناسراو کە شاعیر و نووسەر و فەیلەسوف بوو، بەڵام سەرەتای ژیانی پڕاوپڕ بووە لە شکست بە هۆی ئاڵوودەبوون بە مەی و رابواردن و ئافرەتانەوە هەتا ببوە بارگرانیەک بەسەر کۆمەڵگاوە، چارلز حەزی دەکرد ببێ بە شاعیر یان نووسەرێکی بەناوبانگ لە رێگەی ئەو نووسینانەی کە دەینووسی، بەڵام هەرچی شتێکی دەنووسی لەلایەن چاپخانەکانەوە رەت دەکرایەوە هەرگیز دەستخۆشیەکی بۆ نەدەهات لەسەر نووسینەکانی و، هەموو نووسراوەکانی بە خراپ و بێسوود لەقەڵەم دەدران، هەرجارێک چارلز هەوڵی سەرکەوتنی دەدا شکستی دەهێنا، ئەمەش خراپتر پاڵی دەنا بەرەو مەی و خراپەکاری؛ بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ بەم شێوەیە سەرگەردانیە ژیانی بەسەر برد بەڵام وەک خولیایەک بەردەوام بوو لە نووسین، پاشان شتێکی سەرنجڕاکێش رووی دا؛ لە لێواری شکستدا بە رێکەوت، ئۆفەرێکی لە دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەوە بۆ هات ئەم ئۆفەرە زیاتر وەکو بەزەیپێداهاتنەوە دەهاتە پێش چاو بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە سەختەی کە پێیدا تێپەڕدەبێت، ئۆفەرەکە مووچەی کەمتر بوو لەو کارەی کە هەیبوو بەڵام ئیتر حەزی لە کارەکەی جارانی نەمابوو بۆیە بڕیاری دا بە مووچەیەکی کەم یان هەتا ئەگەر بەبێ مووچەش بێت پەیوەندی بە دەزگای بڵاوکردنەوەکە بکات؛ بیری لەوە کردەوە و گوتی من خۆم کەسێکی سەرگەردان و هەژارم ئەگەر لە کارەکەی پێشووم بمێنمەوە ئەوە رەنگە بە تەواوی شێت ببم بەڵام بەردەوام دەبم لە نووسین گەر برسی و بێپارەش بم ئاساییە، هەر کە دەستی کرد بە نووسین بۆ ئەم دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەیە یەکێک لە کتێبەکانی بووە جێی سەرنجی خەڵک هەرچەندە کتێبێکی زۆر سادە بوو و، لە یەکەم پەڕی کتێبەکەیدا نووسیبووی: پێشکەش بە هیچ کەس؛ دواجار دوای سی ساڵ شکست هێنان و هەوڵدان ئەو قبووڵکردن و سەرکەوتنەی دۆزیەوە کە بە دوایدا دەگەڕا.
رەنگە پێت وابێت کە ئەم چیرۆکە باسی هەوڵدان و کۆڵنەدان دەکات بەڵام ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی ترەوە لەم چیرۆکە بڕوانین ئەوا چی وای لە چارلز کردووە کە لەسەر گۆڕەکەی بنووسرێت “هەوڵ مەدە” لێرەدا بۆکۆفسکی کە دەڵێ هەوڵ مەدە ئەوەیە کە دەڵێت هەوڵ مەدە ببیتە کەسێکی سەرکەوتوو بە واتایەکی تر هەرگیز هەوڵ مەدە خەونەکانت بهێنیتە دی، لێرەدا نووسەری کتێبەکەش پێی وایە کە دەبێت دان بە شکستدا بنێین و قبووڵی بکەین؛ سەرکەوتنی بۆکۆڤسکی لە سووربوونی بۆ سەرکەوتنەوە سەرچاوەی نەگرتبوو، لە هەقیقەتی هەستکردن بە شکستی خۆی و قبووڵکردنی ئەو راستیە و نووسینی لەسەر سەرچاوەی گرتبوو، لێرەدا تێدەگەین کە دەبێت ئێمە ئەو توانایەمان هەبێت کە دانی پێدا بنێیت و بڵێیت کە من شکستخواردووم.
مۆڵگەی مۆدێرن مێشکی ئێمەیان شوشتۆتەوە کە دەڵێن دەبێت گرینگی بە هەموو شتێک بدەین بە تایبەت جەختکردنەوە لەسەر زیاتر و زیاتر و پارەی زیاتر، هاوڕێی زیاتر، زیاتر بکڕە، زیاتر کاربکە، خاوەنی زیاتر بە و، دڵخۆشتر بە و، هتد؛ راهێنەرانی گەشەپێدانی خود هەمیشە ئامۆژگارمان دەکەن کەوا بەردەوام ئەرێنی بین بەڵام ئەم ئەرێنیبوونە وامان لێ دەکات کە هەست بە ناتەواوی بکەین لە خۆماندا، لێرەدا مەبەست ئەوە نیە کە تۆ کەسێکی رووکەشی بیت و لە هەموو شتێک خەمسارد بی، بێهەست بی بەرامبەر هەموو شتێک، بەڵکو نووسەری کتێب دژی هەستی ئەرێنیە و پێی وایە کە دڵەڕاوکێ و ترس و ناخۆشی ئەمانەش بەشێکن لە ژیان، کاتێک فەیسبووک دەبینی هەموو خەڵک خەریکی رابواردن و گەشت و سەفەرن، یاخود چەندەها هاوڕێت هاوسەرگیرییان کردووە بەڵام تۆ لە ماڵەوە دانیشتوویت و هەست دەکەی کە ژیانت هیچ بایەخێکی نیە و، سەرکۆنەی خۆت دەکەی، ئا لێرەدا فەرامۆشکردن گرینگترین شتە پەیڕەوی بکەی و، زیادەڕەوی نەکەی لە بایەخدان بەشتەکان و بەراوردکردنی خۆت بە کەسانی تر. ژیان ئەوە نیە کە بەردەوام ئەرێنی بی، تەنها تێکەڵەیەکە لە شیرین و تاڵ، باش و خراپ، خۆشی و دڵتەنگی، سەرکەوتن و شکست؛ ئەلێرەدا گرینگترین ئامۆژگاری ئەوەیە زیادەڕەوی لە ئەرێنیبووندا نەکەین، چوونکە دەکرێت کاریگەریی نەرێنی هەبێت؛ ئاساییە کاتێکی خۆش بەسەربەریت و گرینگی بە شتەکان بدەی بەڵام نەک تا ئەو رادەیەی ببێتە شتێکی ناواقیعی، مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە بایەخدانی زۆرتر بە دەستکەوتی زیاتر ژیانت خۆشتر ناکات، بەڵکو ئەو شتانەی کە هەقیقەتە هەنووکەییە و، بە راستی دەتوانین کۆنترۆڵیان بکەین و، چەند شتێک بۆ خۆمان هەڵبژێرین کە گرینگن و ئەوەی تر پێویستە پشتگوێ بخرێت؛ چڕکردنەوەی هێز و توانامان لەسەر ئەم شتە گرینگانە و، لەبری ئەوەی بە دوای ئایدۆلۆژیا قووڵەکاندا بگەڕێین بەختەوەریەکی راستەقینە بدۆزینەوە و، هەوڵدان بۆ دوورکەوتنەوە لە ئازارەکان لە راستیدا خۆی جۆرێکە لە ئازار یان شەرمکرن و لە ترسی ئەوەی کەسانی تر شەرمەزارت بکەن خۆی بریتیە لە فۆرمێکی تری شەرمەزاری.
خاڵێکی بەهێز و وانەیەکی گرینگ کە لەم کتێبەدا هەیە ئەوەیە کاتێک بە خۆت دەڵێی پێویستت بە شتێکە ئەوا دانپێدانانە یەکەمی خۆت بۆ نموونە ئەگەر بڵێیت پێویستە کەسێکی دڵخۆش بم ئەوا مانای وایە کە دان بە ئەوەدا دەنێیت کە ئێستا دڵخۆش نیت، یاخود لانیکەم ئەوەندە دڵخۆش نیت کە ئامانجتە؛ ئەم قسەیە بۆ جوانییش دروستە؛ کاتێک دەڵێیت پێوویستە ئەو شتە بکەم یاخود ئەو نەشتەرگەریە بکەم بۆ ئەوەی جوان ببم ئەوە مانای ئەوەیە کە تۆ هەست بە جوانبوونی خۆت ناکەی. لێرەدا نووسەر وەک ئەوەی لەناو ئێمەی کورددا بژیێت، نموونەی بە مکیاژکردن هێناوەتەوە کە دەڵێت کەسێکی جوانسروشت پێویست ناکات دایمە خەمی دەرکەوتنی هەبێت تەنها بیر لەوە بکەرەوە کە بۆچی پێویستە بەردەوام مکیاژ بکەیت تەنانەت لە هەندێک شوێن و کاتدا کە رەنگە هیچ پێویست نەبێت کە تۆ مکیاژ بکەی، وەکو بەشداری لە پرسە و میوانداری و چوون بۆ بازاڕ، رەنگە زۆرێک لە ئافرەتان بڵێن کە مکیاژ دەکەن بۆ خودی خۆیان یان هەست بە دڵخۆشی بکەن بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە مکیاژکردن وەکو هۆکارێک یان هەوڵێک دەبینن بۆ دڵخۆشکردنی کەسانی تر یان سەرنجڕاکێشانیان بۆ ئەوەی لە ئاست چاوەڕوانی ئەو کەسانەدا بن کە بیانبینن، لێرەدا ئەوەی کە گرینگە بیری لێ بکەینەوە کە بۆچی هەندێک شت ئەنجام دەدەین لە ژیانماندا ئایا هەر بە راستی کردنی ئەو شتانە دەبنە هۆی دڵخۆشکردنمان یان پاڵنەری سەرەکی بۆ ئەنجامدانیان خەڵک و کەسانی دەوروبەرمانن.
ژیان ئاسان نیە بەپێچەوانەوە ژیان پڕیەتی لە قورسی کە زۆر جار بۆ گەیشتن بە خەونێک دەبێ رووبەرووی ئاستەنگی و ناخۆشی ببیتەوە لەبری ئەوەی بێهیوا بیت، لێرە ئامۆژگاری ئەوەیە کە هەموو ئەو ئاستەنگانە قبووڵ بکەین و بە بەشێکی ژیانی بزانین کە دەتگەیەنێت بە ئارەزوو و خەونی راستەقینەمان؛ بۆ دەستپێکردنی ئەمە بیر لەوە بکەرەوە کە دەتەوێت چی پێشکەشی کۆمەڵگاکەی خۆت و جیهان بکەیت لە دوای خۆت و، حەز دەکەیت کە لە دوای خۆت خەڵک گۆڕەکەت دەبینن چۆن تۆیان بیر بکەوێتەوە و باست بکەن.
لە کۆتاییدا مانسۆنی نووسەر دەڵێت بۆ بەدەستهێنانی هەر شتێکی بەنرخ لە ژیانتدا پێویستە زاڵ بیت بەسەر ئەو لایەنە نەرێنی و ناخۆشانەی کە بەشێکن یاخود لەگەڵ ئەو شتەدا دێن، بۆ نموونە ئەگەر بتەوێت لە شوێنێکدا ببی بە بەڕێوەبەر ئەوا کۆمەڵێک ئاستەنگ و ناخۆشی دێتە رێت، وەکو کارکردنی زیادە و بڕیاردانی قورس و چارەسەرکردنی کێشەی کارمەندان و پەیوەندی و کۆبوونەوەی زۆر و دەیان شتی تر، ئەگەر بتەوێت لەشولارێکی جوان و رێکت هەبێت دەبێت بەرگەی وەرزشکردنی قورس و بەرزکردنەووی قورسایی بگریت، هەوڵی نەهێشتنی ئازار و ناخۆشی دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو شتانەی کە دەتەوێت بەدەستیان بێنی سەرکەوتن یان بەدەستهێنانی ئەو شتەی کە دەتەوێت، دوای ئەوە دێت کە زاڵ بوویت بەسەر هەموو ئەو ئاستەنگ و ئازار و ناخۆشیانەی مەرج نیە تەنها سەرنجت لەسەر هیوای ئەرێنی بێت بەڵکو هەستە نەرێنی و بێسوودەکانیش دەکرێت سوودیان هەبێت و تەرکیزکردن لەسەر خەونەکانت کە رەنگە دەیان خەونت هەبێت لەو ژیانە کورتە وات لێ دەکات هەست بە نەقس بکەیت هەتا ئەگەر لە دۆخێکی داراییی زۆر باش بی تەنها تەرکیزت لەسەر ئەوە بێت کە هەموو خەڵک تۆیان خۆش بوێت، وات لێ دەکات هەست بە تەنهایی بکەیت هەندێک جار شتەکان زۆر باشتر دەڕۆن بەڕێوە؛ کاتێک وەسوەسەمان نیە کە هاوکارمان دەبێت بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ ئاستەنگەکان و ناخۆشیەکان بکەین و، کەمترین دڵتەنگیمان هەبێت و شکستەکانی خۆمانمان قبووڵ بێت و، بە کەمترین بێزاری و بێتاقەتیەوە هەر ئەمەش مانای فەرامۆشکردن و بێباکیە.
نووسەر: مارک مانسۆن