هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

كۆمه‌ڵناسیی مۆدێرن

دانا شوانی

له‌م وتاره‌ باسی گرنگی كۆمه‌ڵناسی مۆدێرن و ئه‌و بابه‌ت و پرسانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ سه‌رنجی جۆرج زیمڵی (Georg Simmel) به‌ره‌و لای خۆی ڕاكێشاوه‌. جۆرج زیمڵ لە ١ی ئازاری ١٨٥٨ لە شاری بەرلین لەدایک بووە. لە زانکۆی شاهانەی فرێدریک ویلیامی یەکەم (١٧٤٠-١٦٨٨) لە بەرلین، مێژوو، دەروونناسی، فەلسەفە و مێژووی هونەری خوێندووە. خوێندنه‌كه‌ی لە ساڵی ١٨٨٥ کۆتایی هاتووه‌ و دەستبەجێ دەستی بە چالاکیی وانەوتنەوە کردووه‌. ژینگەی کۆمەڵایەتی بەرلین لە سەدەی بیستەمدا، کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و شێوازی ژیان و ئارەزووی زیمڵ بۆ چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان به‌جێهێشت.

لە ڕوانگەی زیمڵەوە، کۆمەڵناسی بابەت و میتۆدێکی دیاریکراوی هەیە و بەم تایبەتمەندییە لە زانستەکانی تر جیا دەکرێتەوە، بابەتی ئەم زانستە بریتییە لە “کۆمەڵگە” و میتۆدەکەی شیکارییە. پێویستە سەرەتا بابەتەکانی توێژینەوە لە کۆمەڵناسیدا شیبکرێنەوە و دواتر بە بەکارهێنانی چەمکی تایبەت شیبکرێنەوە. سەرچاوەی تایبەتمەندیی میتۆدی کۆمەڵناسی دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی مرۆڤ، کە بوونەوەرێکە لە پەیوەندییەکی هاوبەشدا لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا دەژی. کاریگەری هاوبەشی مرۆڤەکان لەسەر یەکتر بۆ زیمڵ گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، چونكه‌ لەژێر ئەم کاریگەرییەدا، تایبەتمەندییەکی کۆمەڵناسی هەیە. بۆیە بابەتی کۆمەڵناسی زیمڵ کاریگەریی دوولایه‌نه‌ى هه‌یه‌، بە واتایەکی تر، فۆرمى پەیوەندییەکان، دەرئەنجامی کارلێکی مرۆڤه‌كانه‌. لە ساڵی ١٩١٧ – ساڵێک پێش مردنی – زیمڵ گەیشتە وێنەیەکی ڕوونی کۆمەڵناسی زانستی و لە وتارەکەیدا بە ناوی “بواری کۆمەڵناسی” (Das Gebiet der Soziologie) پێشنیاری کرد و ڕوونیکردەوە. ئەو باوەڕی بە تیۆری پەرەسەندنی هێڵی و تەنانەت پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسا تایبەتەکاندا نەبوو، ڕێبازێک کە لە بەرهەمەکانی وەک “پرسه‌كانى فەلسەفەی مێژوویی”، “ڕەخنە لە پەرەسەندنگەرایی سپێنسەر” و تەنانەت “پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ فه‌لسه‌فه‌ى کانت”دا ڕەنگ دەداتەوە”. جۆرج زیمڵ بۆ یەکەمجار لە وتاری “پرسی کۆمەڵناسی”دا کە لە ساڵی ١٨٩٤دا بڵاوکرایەوە، تێگەیشتنە جیاوازەکەی خۆی لەباره‌ى کۆمەڵناسی خستەڕوو. لەم نووسینەدا کۆمەڵناسیی بە زانستی کاریگەریی دوولایه‌نه‌ى مرۆڤەکان لەسەر یەکتر و فۆرمە جۆراوجۆرەکانی پێناسە کردووە. لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤەکان – بە واتایەکی تر کردەی مرۆڤەکان – بۆ کۆمەڵناسی گرنگن به‌تایبه‌ت کاتێک بەر کاریگەریی یەکتر دەکەون.
کۆمەڵناسی جۆرج زیمڵ بەم پرسیارە دەست پێدەکات: لە چ بارودۆخێکدا کۆمەڵگا پێکدێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، سێ گریمانەی پێش ئەزموون بۆ کۆمەڵناسی لەبەرچاو گرت. گریمانەکانی پێش ئەزموون ئەو گریمانانەن کە لە بوارێکی زانستی دیاریکراودا بە به‌ڵگه‌نه‌ویست دادەنرێت و پێویست ناکات لەو زانستەدا بسەلمێنرێن.
بابەتی گریمانەی یەکەم مەرجەکانی پەیوەندی نێوان کەسەکانە، مرۆڤ دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا ببه‌ستێ تەنها لە بارودۆخی گشتگیرکردنی ئەوانی تردا.
بابەتی گریمانەی دووەم تاکە، تاک لە کۆمەڵگادا دوو پێگەی هەیە: تاک بەشێکە لە کۆمەڵگا و لە هەمان کاتدا به‌شێكیش نییە.
ئەم دوالیزمه‌ کاریگەری لەسەر جۆرەکانی کۆمەڵگا هەیە، بەجۆرێک کە کاریگەریی هاوبەشی تاكى کۆمەڵایەتی و تاک لاده‌ر، ژیانی کۆمەڵایەتی دیاری دەکات. بابەتی گریمانەی سێیەم ئەوەیە کە تاک چۆن پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە هەیە، بە واتایەکی تر پەیوەندی بەش به‌ گشته‌وه‌.
دووەم دیدگای گرنگ کە زیمڵ لە کانتەوە وەریگرتووە، جیاکردنەوەی شیکارییە لە نێوان “فۆڕم” و “ناوەرۆک” لە کاتێکدا ئەم دووانە مەرجدارن بە یەکتره‌وه‌. سێیەم کاریگەری کە کانت لەسەر زیمڵ هەیبوو، درککردنە بە گرنگی پرسەکانی فەلسەفەی مێژوو بۆ کۆمەڵناسی. زیمڵ لە ژێر کاریگەری ئەم پرسانەدا درکی بە گرنگی چەمکی کاریگەریی دوولایه‌نه‌ بۆ کۆمەڵناسی کردووه‌.
هه‌روه‌ها کۆمەڵناسی زیمڵ لە ژێر کاریگەری ویلهێلم دیلتای (١٨٣٣-١٩١٨) ) بوو. زیمڵ ڕەخنەگری کۆمەڵناسی دێلتایە. ڕەخنەکانی لە دێڵتاى هەم لایەنی کەسی و هەم لایەنی زانستییان هەیە. دێڵتای تاک و کۆمەڵگا بە یه‌كێتییه‌كی گشتی داده‌نێت. لە هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانە و تەنانەت دوژمنکارانەشدا، ڕاڤه‌ى دێڵتای بۆ “یه‌كێتی” (Einheitlichkeit) بە ڕوانگەیەکی دۆگماتیک و ناعەقڵانی و ڕەتکراوە دەزانێت. بە پێچەوانەی (دڵتای)، (زیمڵ) تاک و کۆمەڵگا بە یەکەیەکی گشتی و تایبەت و داخراو نازانێت، چوونکە هەم تاک و هەم کۆمەڵگا دەرئەنجامی کاریگەریی یەکترن. بۆیە ئایدیای کۆمەڵگا وەک یەک یەکە تەنیا بەهای شیکاری هەیە، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا شتێکی بابەتیی نییە بە ناوی کۆمەڵگا.
وێڕای ئه‌وه‌ش، لە ڕوانگەی زیمڵەوە، وته‌زای “کاریگەری دوولایه‌نه‌ ” لانیکەم سێ تەحەدای ستراتیژيی لەخۆدەگرێت ئه‌وانیش:
تەحەدای یەکەم بریتییە لە توێژینه‌وه‌ لە پەیوەندییە دوولایه‌نه‌كانی نێوان تاک و گرووپ وەک یەکەیەکی شیکاری، لە کاتێکدا تەحەدای دووەم ئاماژەیە بۆ ئەو ڕاستییەی کە چەمکی کاریگەریی دوولایه‌نه‌ پێویستی بە جۆرێکی دیاریکراوی ڕوونکردنەوەی هۆکارییانه‌ هەیە کە باڵاتره‌ له‌ ده‌ركی باو له‌ په‌یوه‌ندیی هۆكاریی. پەیوەندی هۆکارییانه‌ پەیوەندی بە کاریگەریی دوولایه‌نه‌ هەیە، بەو مانایەی کە شوێنی هۆکار و به‌رهۆ هەمیشە لە گۆڕاندایە. تەحەدای سێیەم ئەوەیە کە کاریگەریی دوولایه‌نه‌ وەک ڕەوتی “داینامیک” لەبەرچاو بگیرێت.
زیمڵ لەسەر ئەو بۆچوونەیە کە هەموو شتێک شل و نه‌رمه‌، ئامانجى زیمڵ لە پێدانی ئەم پێگەیە بە کارلێککردن ئەوەیە کە نیشانی بدات تێگه‌یشتنی گشتی کارلێککردن دەتوانرێت بۆ توێژینه‌وه‌ لە به‌ستانه‌وه‌، جێگرەوەیی و داینامیکی پرۆسەی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت. ئەکتەرەکان لە ڕەوتی پەیوەندی و کارلێککردندا، فۆرمەکانی پەیوەندیکردن دروست دەکەن. ئەوان ئەم فۆرمە خۆبیناكراوانه‌ “دەخەنە ناوەوە” و “ئەزموونی” دەکەن.
مرۆڤ پێویستی و حەز و ئارەزوو و هەست و سۆزی مرۆییانه‌ى هەیە. زیمڵ ئەو جۆرە دیاردانانە بە ناوەڕۆک ناودەبات. فۆرمە کۆمەڵایەتییەکان مەرجی وەدیهاتنی ناوەڕۆکەکەن، واتە ناوەڕۆکەکە لە فۆڕمی کۆمەڵایەتیدا بەدی دێت. ئامانجی زیمڵ لە جیاکردنەوەی فۆرم لە ناوەڕۆک، گەیشتن بە فۆرمە جیاوازەکانی به‌کۆمەڵایەتیکردنە. ڕەنگە هەمان فۆرم، ناوەڕۆکی تەواو جیاوازی هەبێت. ڕکابەری فۆرمێکە، بەڵام ڕەنگە ناوەڕۆکەکەی تەماح، قازانجی ئابووری، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆ یان خەباتی حزبیی بێت. هەروەها ڕەنگە ناوەڕۆکەکە، فۆڕمی تەواو جیاوازی هەبێت. ڕەنگە ناوەڕۆکی خۆشەویستی یان ویستی سێکسی لە شێوەی هاوسەرگیری، هاوڕێیەتی یان لەشفرۆشیدا بێت. ئەگەر ناوەڕۆکێک ببێتە هۆی سەرهەڵدانی فۆرمێک، بۆ نموونە پێویستی سێکسی فۆرمێکی تایبەت وەردەگرێت، بۆ نموونە هاوسەرگیری سپی پێستەکان، لە حاڵەتێکی وادا پێی دەوترێت “ناوەڕۆکی سەرەتایی” (primäre Inhalte) و ئەگەر فۆرمەکە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناوه‌رۆكه‌كه‌، بۆ نموونە ناوەڕۆک دەبێتە فۆڕمی ئامرازەکان بۆ تێرکردنی پێویستی سێکسی، لەم حاڵەتەدا، باس لە “ناوەڕۆکی لاوەکی” دەکەین (sekundäre Inhalte). بۆ نموونە، کاتێک کێبڕکێ لە ڕێگەی سیستەمی فرە حزبی یان خۆشەویستی لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە بەدی دێت، لێرەدا ناوەڕۆکی کێبڕکێ و تێرکردنی پێداویستییە سێکسییەکان لە ڕێگەی فۆرمەکانی پێشتری سیستەمی فرە حزبی و هاوسەرگیرییەوە بەدی هاتووە.
لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٨٩٠ تا ١٩٠٨، زیمڵ چل و پێنج وتاری لەسەر چەندین بابەت نووسیوە. ئەم بابەتانە بە گشتی ڕەنگدانەوەی تیۆریی و توێژینه‌وه‌ ئەزموونییەکانیین. ئەو توێژینه‌وه‌ ئەزموونییەکانی خۆی لەسەر بنەمای بنەما بونیادییه‌كانی ئەو شتانە شیکردەوە کە ناوی دەنێت “ڕەهەندەکان” (dimensions).
زیمڵ بۆ ئه‌نجامدانى شیکاری چوار ڕەهەندی له‌ یه‌ك جیاکردۆته‌وه‌ ئه‌وانیش بریتیین له‌ (1) ژمارە، (٢) ژینگە، (3) کات، (4) دوالیزم. ژمارەی کەسانی ناو گرووپەکە، ژینگەی کۆمەڵایەتی گروپەکە، کات و ململانێی گرووپ ،کاریگەرییان لەسەر کارلێکی نێوان کەسانی گرووپه‌كه‌ هەیە. بۆ هەریەکێک لەو ڕەهەندانە ئەم ڕەهەندانەی سه‌ره‌وه‌ى لەبەرچاو گرت.
تێکەڵکردنی ئەو چوارچێوە شیکارییەی سەرەوە، بە لەبەرچاوگرتنی چوار ڕەهەندەکە و پێکهاتە لاوەکییەکانیان، بووە هۆی دروستبوونی بەرنامەیەکی توێژینەوەی تەواو ئاڵۆز لە بواری کۆمەڵناسیدا، کە زیمڵ لە بەرهەمەکەیدا بە ناوی كۆمه‌ڵناسیی گه‌وره‌ “Große Soziologie” هەوڵیدا بە هێنانی نموونەی زیاتر روونی بكاته‌وه‌. ئەم بەرهەمە لە ساڵی ١٩٠٨دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە و تا ئێستاش بە یەکێک لە گەنجینەکانی ئەدەبیاتی کۆمەڵناسی دادەنرێت.
هه‌روه‌ها زیمڵ لە ساڵی ١٩٠٠ کتێبی بەناوبانگی “فەلسەفەی پارە”ی بڵاوکردەوە. لە ساڵی ١٨٩٧ تا ١٩٠٠ کاری لەسەر ئەم کارە کردووە. حەز و ئارەزووی زیمڵ بۆ تاوتوێكردنی پارە بۆ ئەوە بوو کە پارەی وەک “پوخترین” هێمای کۆمەڵگەی مۆدێرن و میدیای گشتگیرکراوی کارلێککردن دەبینی. زیمڵ دژی ئەم بۆچوونە بوو کە ئابووری دراوی مۆدێرن و ئابووری دراوی سەرمایەداری نوێ تەنیا وەک پرۆسەیەکی ئابووری سەیر بکرێت. جۆرج زیمڵ لە کتێبی “فەلسەفەی پارە”دا ئه‌وه‌ى نیشان داوه‌ کە یەکلایەنیی تیۆری نامۆبوونی مارکسیستی و کاریگەریی یەکلایەنەی هۆکارە ئابوورییەکان ڕەتدەکرێتەوە.
لە ساڵی ١٩١١ زیمڵ بە دانانی وته‌زا جۆراوجۆرەکان لە تەنیشت یەکترەوە، کە بەشە سەرەکییەکانی تیۆری کولتووری خۆی لەخۆدەگرێت، “فەرهەنگی فەلسەفی”ی بڵاوکردەوە. لانی کەم دوو بابەت لەم کۆمەڵەیە شایەنی شیکردنەوە و جەختکردنەوەن ئه‌وانیش: “چەمکی تراژیدیای كولتووریی ” و “كولتووریی ژنانه‌”.
زیمڵ بانگەشەی ئەوەی کرد کە کوالیتی کولتووریی ژنان جیاوازە لە کولتووری پیاوان و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەم کولتوورە کاریگەری دەرەکی کەمتری هەیە بەهۆی زاڵبوونی پێوەرەکانی پیاو لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکان. زیمڵ لە وتاری ” تراژیدیای كولتووریی”دا، کە زۆرجار لێکدانەوەیەکی هەڵەی بۆكراوه‌، پرسێکی وروژاندووە کە لەو سەردەمەدا بە پرسی ڕۆژ دادەنرا و ئەویش تراژیدیای كولتووریی بوو لە کۆمەڵگەی مۆدێرن. ئەو جیاکارییەی لە نێوان کولتووری “خودی” و “بابه‌تی” و لە نێوان “فۆرم” و “ژیان”دا کردی، ئەوی خستە دۆخێکەوە کە بتوانێت لانیکەم دوو پرسی کولتووری دیکە بوروژێنێت جگە لە دەستنیشانکردنی ” تراژیدیای كولتوور” ئه‌وانیش بریتیی بوون له‌ چه‌مكی: “هەژاری کولتووری” و “سوبژێکتیڤیزمی زیادەڕەوی” (übertriebener Subjektivismus). مەبەستی ئه‌و لە ” سوبژێکتیڤیزمی زیادەڕەوی” ئاماژەیە بۆ یەکێک لەو بەڵایانەی کە مرۆڤ لە کاتی گەشەکردنی تاكگه‌رایی لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا دیلی بووه‌. لە پرۆسەی پەرەسەندنی کۆمەڵگادا، مرۆڤی مۆدێرن لە شتە کولتوورییە بەنرخەکان جیا دەبێتەوە و لە سوبژێکتیڤیزمدا دەخنکێت به‌جۆرێك ناشرینترین شتەکانی ڕۆژانەی وەک پارە و کورسی بە کەرەستەی هونەری ناوازە دەزانێت و بەپێی ئەم ئایدیایانه‌ ڕەفتارەکانی لە قاڵب دەدات. مەبەستی زیمڵ لە “هەژاری کولتووری” ئەوەیە کە زۆر کەس پێیان وایە هەر جۆرە سنووردارکردنێک لە دروستکردنی فره‌ییدا ئازاری داهێنەری مرۆڤ دەدات و سنووردار دەکات و مرۆڤ دەتوانێت لە دەرەوەی هەر دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی باشتر داهێنانی هونەری خۆی گەشە پێ بدات. ئەم دۆخە بووەتە هۆی فره‌یی فۆرمەکانی کولتووری لە لایەک و بێ شێوەی ژیان لە لایەکی ترەوە. جۆرج زیمڵ پەرەسەندنی کەلێنی نێوان فۆرمە کولتوورییە هەمەچەشن و هەبووەکان لە لایەک و ژیانی بێ فۆرم لە لایەکی دیکەوە بە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی سەردەمی خۆی زانیوه‌. دیاردەیەک کە لە قەیرانە جۆراوجۆرەکاندا دەبینرێت. ئەم دیاردەیە خەریکە دەبێتە هۆی هەژاریی کولتووریی فراوان. لە کۆتاییدا زیمڵ “تراژدیای کولتوور”یی بە لەناوچوونی حەتمی کولتووری سوبژێکتیڤ و بابەتیی زانیوه‌، چونکە ئەم دوو جۆرە کولتوورە بە سادەیی دەتوانن ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە.