قوبادی جەلیزادە، شاعیری ناسراوی کورد:قەیرانی شیعرمان نییە، بەڵام قەیرانی زۆر و بۆریی شاعیرمان هەیە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

قوبادی جەلیزادە، شاعیری ناسراوی کورد پێیوایە کورد کێشە و قەیرانی لە شیعردا نییە، بەڵکو قەیرانی زۆر و بۆریی شاعیری هەیە.

قوبادی جەلیزادە، شاعیری ناسراوی کورد لە دیمانەیەکی “هەولێر”ـدا، باسی شیعری ئەمڕۆی کوردی و بەراورد بە رابردووی دەکات.
هەولێر: وەک دەزانین ماوەیەکی زۆرە کورد لە قەیراندا دەژی، سازکردنی کۆڕی شیعر خوێندنەوە بۆ ئەمڕۆی کوردستان تا چەند گرنگە؟
قوبادی جەلیزادە: بەدڵنیایەوە زۆر گرنگە، چونکە مرۆڤی کورد لە باشوری کوردستان لە قەیرانێکی دەروونی زۆر سەختدایە، بۆیە کۆنسێرت و کۆڕی شیعری و شانۆ زۆر پێویستە بۆ ئەوەی ئەو مرۆڤە دڵشکاوە جارێکی دیکە هەستێتەوە سەر پێ، یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی شیعریش چێژ بەخشینە.
هەولێر: چۆن وا دەکەیت ئامادەبووانی کۆڕە شیعرییەکانت بێزار نەبن لە گوێگرتن لێت؟
قوبادی جەلیزادە: خۆم لەوەدا وریام لەوەی کەی میوان بێتاقەت دەبێت و واز لە شیعر خوێندنەوە دەهێنم، یانی خۆشم درێژدادڕیی ناکەم.
هەولێر:زۆرجار دەوترێت هونەر و گۆرانی کوردی لە قەیراندان، با بزانین شیعری کوردیش لە قەیراندایە؟
قوبادی جەلیزادە: ئەگەر بە وردی سەیری جوڵانەوەی ئەدەبی کوردی بکەین باوەڕ ناکەم شیعر و موزیکی کوردی لە قەیراندا بێت، بەڵام لەبەر زۆری و بۆریی، مرۆڤی کورد فریا ناکەوێت دانسقەکان بدۆزێتەوە، خۆ سەردەمی نالی رەنگە شاعیری زۆر هەبووبن، بەڵام نالی و سالم و کوردی و حاجی قادری کۆیی و مەحوی مانەوە، رۆژهەڵاتناسەکان دەڵێن هەموو کورد شاعیرە، بەڵام وا نییە، کورد زۆربەی شت دەهۆنێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا داهێنەرەکان دەمێننەوە.

ھەواڵی زیاتر