بەیان سەلمان: “نووسینی دەقی شانۆیی هەستێکی جیاوازە لە نووسینی ڕۆمان”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

مانگی ڕابردوو خاتوونی نووسەر و وەرگێڕ بەیان سەلمان دوای بڵاوکردنەوەی نزیکەی 10 ڕۆمان، یەکەم شانۆنامەی بەناونیشانی “گەمییەکەی خارۆن” لە ناوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاوکردەوە. شانۆییەکە کارکردنێکی جیاواز و تایبەتە لەسەر کۆمەڵێک پرسی فەلسەفی تایبەت بە بوون و ژیان و ڕیشەی تێکستەکە هەم لەناو فیکر و فەلسەفەدایە و هەم لەنێو میتۆلۆژیای یۆنانیدایە. ئەم شانۆییە پێشوازییەکی گەرمی لایەن خوێنەرانەوە لێ کرا و ئێمەش بە پێویستمانزانی ئەم دیدارە لەگەڵ نووسەردا سەبارەت بە شانۆییەکە و چەند پرسێکی دیکەی ئەدەبی ساز بکەین.

  • تا دێت سنووری نێوان ژانرە ئەدەبییەکان کاڵتر دەبێتەوە، چۆن بوو دوای نووسینی شیعر و چیرۆک و ڕۆمان بیرتان لە نووسینی شانۆنامە کردەوە؟ تایبەتمەندی ئەم ژانرە چییە، کە بۆ ئێوە سەرنجڕاکێش بوو کە لە تێکستێکدا ئەزموونی بکەن؟
    -لە دەمێکەوە چەند شانۆنامەیەکم نووسیبوو. هیچیانم بڵاو نەکردووەتەوە. ئەمڕۆ دیسان دەگەڕێمەوە بۆ ئەو دەقانەم، بەڵام دوای ئەوەی پێداچوونەوە و داڕشتنەوەم بۆ کردوون. شانۆنامە ئەدەبە، بەڵام بۆ نمایش نووسراوە. هەست دەکەم دۆخی لەناوچوونی پەیوەندی لە نێوان مرۆڤەکان و پچڕانی پەتی هاوڕێیەتی و خێزان هانیدام بچمەوە سەر ئەو دەقە شانۆیانەم، چونکە شانۆ فاکتەرێکی گرنگە بۆ کۆمەڵگە و گرنگی شانۆ لەو پەیامە ڕاستەوخۆیەدایە، کە بە نێوەندی دیالۆگ لە یەک نزیک دەبینەوە. بەریەککەوتنی نووسەر و ئەکتەرەکان و دەرهێنەر لەگەڵ جەماوەردا بە بێ بەربەستە. ئەوەش جۆرە خەڵقکردنێکی تێڕامانە سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو چیرۆکەی نمایش دەکرێت. بێجگە لەوەی، کە لێزانینی دەرهێنەر لە هەڵبژاردنی فۆرمێکی تایبەتی سەکۆی نمایشەکە بەهای زیاتر دەخاتە سەر وەرگرتنی دەقەکە، لەتەک شێوازی دابەشکردنی ئەکتەرەکان و هەڵسوڕانی ڕووناکی و دیکۆر و لایەنەکانی دیکەدا.
  • شانۆ وەکو هونەرێکی دێرین و ڕەسەن، چ پەیامێکی بۆ ئەم سەردەمە پێیە کە سەردەمێکە زیاتر تەکنەلۆژیا باڵی بەسەردا کێشاوە و شانۆش هونەرێکە کە لە کێبرکێکردنی تەکنەلۆژیادا هەندێک لاوازە، یان ناتوانێت پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵیدا هەبێت؟
    -زۆر ڕاستە. ئەو دێریینیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە بنەڕەتدا شانۆ لە ڕێگای پێشبڕکێ و بردنەوە دەقەکان نمایش دەکران. لە تەک ئەوەی وەزیفەیەکی ئایینی هەبوو، لکابوو بە پەرستنی دیۆنیسۆس/ باخۆس، خوداوەندەی مەی و مەستیی، واتە پیرۆز بوو، بەڵام هەمیشە پەیامێکی سیاسی لە ناواخنیاندا هەبووە و کۆبوونەوەی جەماوەریش لە ئاسۆیەکی کراوە بوو. هەر وەک زانراوە، نمایشەکان بە ماسکەوە پێشکەش دەکران، تەنیا دەنگ و جووڵە ڕۆڵی لە گەیاندنی هەستەکان دەبینی و ڕەنگی جلوبەرگەکان ئەکتەرەکانی لە یەک جیا دەکردەوە. بێگومان دێرینی ئەزموونی شانۆ ڕێگای بۆ خۆش دەکات کە هەمیشە ئامادە بێت، نەک بە پێچەوانەوە. کێبڕکێی تەکنەلۆجیا لەگەڵ هەموو ژانرەکاندایە، نەک تەنیا لەگەڵ شانۆ. تەکنەلۆجیا گرنگە و پێویستە بەڵام مەرج نییە ئەو لەوانی تری بباتەوە! بڕوام وایە لە داهاتوودا، لەبەر ماندووبوونی مرۆڤەکان بە دەستی ئامێرەکانەوە پێویستیان بە پشوو دەبێت و دەکرێ ڕووبکەنەوە خوێندنەوەی کتێب و و بەرەو نمایشی شانۆگەری و چوونە سینەما بگەڕێنەوە. بە تایبەتی شانۆگەری پەیوەستە بە کاتەوە؛ واتە سنووری دیارە کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە سەر کورسییەکەت دادەنیشیت و تەماشا دەکەیت. ئەمە وەک کتێبیش نییە تا بڵێین خوێندنەوەی دەقەکە کاتێکی کراوەی هەیە. کەی بمانەوێ دەیخوێنینەوە، یان کەی بمانەوێ لە جێیەکدا و چاپتەرێکدا دەوەستین. دواجار شانۆگەری بۆ ئەم سەردەمەی ئێمە تەحەدایەکە و بەرگرییە.
  • گەمییەکەی خارۆن، چ لە ڕووی تەکنیکەوە چ لە ڕووی تێمەوە بۆ شانۆی کوردی گەلێک نوێیە؟ ئەم نوێبوونەوە بەرهەمی چ شتێکە؟ بەرهەمی پێویستی ئێستای تێکستی شانۆییە؟ یان پەیوەندی بە چ شتێکی دیکەوە هەیە؟
    -لەلای خۆمەوە هەمیشە هەنگاوم بۆ ناوی نوێ ناوە. تا ئەو ڕادەییەی بەرەنگاربوون لە ئاستی دەقەکانمدا دەبینم، بەڵام ئەمە کۆڵم پێ نادات! چونکە پێداچوونەوەی ئەو دەقە شانۆیانەم لەوەوە هاتووە، کە بە دوای ئەوە دەگەڕێم لە باو لادەم. ئێمە ئەگەر بەو مەرجە کۆنانە دەقی شانۆنامە بنووسینەوە و پاشان بخرێتە سەر سەکۆ نازانم بایەخی چییە! پێویستە نووسەر و هونەرمەندە بتوانن لەناو پرۆسەی داهێناندا کار بکەن! هەروەها شانۆگەری بۆ من تەنیا بە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشکردن بە دۆخ و دیاردەیەک نییە، بەڵکو پانتاییەکە ناچارت دەکات لە ماڵ دەرچیت و بچیت لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی تردا دابنیشیت، کە لەوانەیە هیچیان نەناسیت. بە هاوشانیان پێبکەنیت و هەستەکانتان هاوبەش بن و ڕێگا بە فرمێسکەکانت دەدەیت بێنە خوارێ.. بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا. وەک دەڵێن، ژیان بە هەستەکانمانەوە بەردەوام دەبێت.
    *شانۆ هونەری دوالیزمەکانە. لەم شانۆییەی ئێوەشدا دوالیزمێک تا کۆتایی بەرجەستەیە، ئەویش مردن و زیندووبوونە. ئەم هاوکێشەیە تەواو خراوەتە بەرباس کە هەموو هەبوونێک مانای زیندووبوون نییە؟ بوونێک بەبێ چالاکی و ئازادی ناکرێت بە زیندوو ئەژمار بکرێت؟ دەمەوێت زیاتر لەسەر لەدایکبوونی ئەم دوالیزمە بۆم بدوێن؟
    -لەم دەقەدا نیازم نیشاندانی ترس، یان سڵکردنەوە لە مردن نییە، پتر مەبەستی سەرەکیم لە سەروەریی خەیاڵە. هاتن و ڕۆیشتنەوەی خارۆن بۆ دەمی ڕووبارەکە گەمەیەکی بوونە، کە بە نێوەندی ئەو ئەنجامی دەدەم. بیرۆکەکە لە نێوان دەقێکی تراژێدی و درامایە بۆ ئەوەی بتوانم پرسیارگەلێکی هاودژ بخەمەڕوو و لە نێوان ئەو دوو چەمکی مردن و ژیانە ڕاوگە بکەین. ئێمە لەدایکبوونمان هەڵنابژێرین و بێگومان مەرگ نەخوازراوە و هەڵی نابژێرین. تەنانەت لە دۆخی خۆکوژییشدا. سوقرات بە خواردنەوەی ژەهرەکە خۆی ناکوژێت، بەڵکو حوکمێکی دادگا جێبەجێ دەکات. ئێمە کە لەدایک دەبین، دروستە کە لە ناو ژیانداین و ئەم کۆنسێپتی ژیانە خۆی نمایش دەکات بە پۆزەتیف و نیگەتیف. بەم واتایە، ئەو مرۆڤانەی ناو ئەم شانۆنامەیە بە هەلومەرجی ژیانێکی نالەبار مەحکومن. ئەوان ژیاون، بەڵام ئەو جۆرە ژیانەی خۆیان هەڵنەبژاردووە. هیچکەس شکستی و نەهامەتی و بێکەسیی و جەنگی پێ خۆش نییە و هەڵی نابژێرێت. بێجگە لەوەی، پرسیاری مردن بە تایبەتی، پرسیاری فەیلەسوفەکان نییە بە تەنیا، هەموو مرۆڤێک ئەو پرسیارەی لە لایە و هەر یەکێک بە شێوەی خۆی لێکی دەداتەوە. لە کۆمەڵگاکانی ئێمەی ڕۆژهەڵات و موسڵمان هەمیشە پرسیاری چارەنووس ئامادەیە. ئەوەش وا دەکات کە لە دەقەکەدا کاتێک بابەتی چارەنووس دەوروژێنن، خارۆن وەها وەڵامی پیرێژنەکە دەداتەوە: ”چارەنووس درۆیەکە کە من دڵەڕاوکەی ئێوەی پێ هێور دەکەمەوە! ناچاریشم هەتا کۆتایی هەر بەوە ئارامتان بکەمەوە!” ئێمە لێرە بەرامبەر بە کۆمەڵێک کەسین کە دڵەڕاوکێ هەراسانی کردوون و تاقە وەڵامێک بۆ ئەو دۆخەیان ‘چارەنووسە’ ئەوەش لە شوێنێکدا خودی خارۆن واتاکەی پوچەڵ دەکاتەوە.
  • کەسایەتی خارۆن، جارێک وەکو فریادڕەس دەردەکەوێت و جارێکی وەکو جەلاد، دەتەوێت لەڕێی ئەم کەسایەتییە چی بڵێن؟ ئایا ئەمە وێناکردنی ئەو مرۆڤانەیە کە وەکو بەرگی فریادڕەس لەبەردەکەن بەڵام جەلادێک لە هەناویاندا نووستووە؟
    -خارۆن فیگەرێکی میتۆلۆژی گریکییە، پاسەوانی تێپەڕکردنی خێوی ئەو مردووانەیە، کە دەگەنە دەمی ڕووبارەکە ئەو بە گەمییەک (بەلەمێک) لەوێ چاوەڕوانیان دەکات. ئەو فیگەرەشم خستووەتەکار تا دێرینیی و ئێستا بەیەکەوە گرێ بدەم. ئیتر لێرەوە من گەمەیەکم دروست کردووە لەسەر بنچینەی ئەو بیرۆکەیە و تێکەڵم کردووە بە ڕاستی جیهان و خەیاڵی کۆمەڵە کەسێک کە تەنانەت کەسایەتییان لەلای خۆیان بە راست نابینن. هەربۆیە لە جێیەکدا خارۆن پلەی ناوکێشەی ئەو گەمەیە قوڵتر دەکاتە کە چەند جارێک لێیان دەپرسێت: ”ئێوە مردوون، یان زیندوو؟”
    وەک تێبینیش دەکرێت تەنیا خارۆن ناوی دەبرێت، لە کاتێکدا ئەو لە هەناوی میتۆلۆژیاوە هەڵقوڵاوە، واتە فیگەرێکی ڕاستەقینە نییە، ئەوانیتر کەسایەتی ئەم سەردەمەن بەڵام ناویان لێ نەنراوە، بەڵکو بە پێی نێر و مێ و گەنجی و پیریی و منداڵ ئاماژەیان پێ دەکرێت. تەنانەت کاتێک ناوی هەندێ کەسایەتی میتۆلۆجی و مێژوویی دەبرێ، وەکو خۆیان ناویان دەبرێ، بەڵام کەسایەتیەکانی نێو دەقی شانۆنامەکە بێ ناون. لە ئەفسانەکاندا هێندە زانیاریمان دەربارەی خارۆن دەست ناکەوێت، تەنیا ئەوەندە دەزانین کە خارۆن فەرمانی خوداوەندی دۆزەخەکان ئەنجام دەدات، مەحکومە بەوەی لە جیهانی خێوەکاندا بمێنێتەوە. لێرەشدا خەیاڵم بۆ بێزاریی و غەمگینی و پەنهانیی ئەو کەسایەتییە چوو و بەوەی بێکەسە و ناکرێ فیگەرێکی شادمان و لێبوردە بێت! ئەو جەلاد نییە، پتر دەتوانین بڵێین کەسێکی تووڕەیە، چونکە لە بێزاری دۆخی خۆی و ئەو دونیایەی کە ئەو ناچارە لەگەڵیدا هەڵبکات هەر ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە.
    وەکو نووسەرێک کە ئەزموونی نووسینی ژانرەکانی ترت هەیە. نووسینی شانۆ چ هەستێکی تایبەتی بە ئێوە بەخشی و دوای خارۆن بەردەوام دەبیت لە نووسینی دەقی نوێی شانۆیی؟
    -لە پێش هەموو شتێکدا شانۆ ئامرازێکە بۆ دەربڕینی هونەریی. ئەدەبێکیشە کە هونەری دیالۆگ پەیڕەو دەکات. ئەمە وا دەکات کە جەماوەر هێندە نزیک بێت هەست بە بەشداربوونی خۆیان بکەن و بیانەوێ ئەوانیش قسەی خۆیان هەبێت و تەنانەت تووشی داچڵەکین بن. لە سایەی نەبوونی گێڕەڕەوەی ڕاستەوخۆ پردێکی ئاخافتنیش لە نێوان ئاکتەرەکان و جەماوەر دروست دەبێت. چونکە هەستەکانیان دەوروژێنێت و لە واقع نزیک دەبنەوە. دەتوانین بڵێین، وەک دەستوەرداتە نێو ژیانی ڕاستی کەسەکانی وا تەماشای نمایشەکە دەکەن.
    بێگومان نووسینی دەقی شانۆیی هەستێکی جیاوازە لە نووسینی ڕۆمان. ئەمیان، لە ڕووییەکەوە نووسینێکی زۆر ئازادترە، بەڵام لە شانۆنامەدا ناچارین یاساگەلێک پەیڕەو بکەین بۆ ئەوەی بۆ سەر سەکۆ نمایش بکرێت. کەم دەق هەن کە دەرهێنانیان بۆ شانۆگەرییەک قورسە، وەکیتر دەقی شانۆنامە لە بنەڕەتدا هەر بۆ دەرهێنان نووسراون.
    سەبارەت بە بەردەوامبوونیش؟ بەڵێ، لە دوای ئەم شانۆنامەیە جارێ دەقێکی ترم ئامادەیە…
ھەواڵی زیاتر