هەورامان عەلی “دیاسپۆرا و نیشتیمان”ی بڵاوکرەوە

گەرمیان گلی- هه‌ولێر

هەورامان عەلی نووسەر، نوێترین کتێبی خۆی بەناوی “دیاسپۆرا و نیشتیمان” بڵاوکردەوە. ئەو کتێبە ٢٢٦ لاپەڕەیە و باس لە لە رەوەندی کوردستانی دەکات.

هەورامان عەلی، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی ڕاگەیاند: کتێبی “دیاسپۆرا و نیشتیمان”، لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆژەی رەوەندی کوردستانی لەدەرەوەی وڵات، لە ساڵی ٢٠٢١ ئێمە کۆنگرەی هەولێرمان کرد، ئەوە بووە یەکەم کۆنگرە و بووە هۆی دامەزراندنی رەوەندی کوردستانی، من لەو کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانییە، بوومە جێگری سەرۆکی کۆنفدراسیۆن و بەرپرسی بەشی راگەیاندن دەستبەکار بووم، دواتر لەو ساڵانەی کە کارمان لەو پڕۆژەیە کرد بیرم لەوە کردەوە کە ئەو کار و چالاکییانە و ئەو زەحمەت و ئاستەنگیانەی کە تووشمان بووە پێشانی خەڵکی بدەین، بۆیە ویستم لە رێگەی ئەو کتێبەوە پێشانی بدەم کە چۆن ئێمە بە کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی گەیشتووین.
نووسەر گوتیشی: لەناوەڕۆکی کتێبەکە پێناسەی دیاسپورام کردووە، دواتر رەوەند و پاشان باسم لە کۆچ و مێژووی کۆچ کردووە، من پێشەوەی باسی خۆمان بکەم، پێم باش بووە کەمن هەندێک زانیاری گشتی باسی دیاسپۆرا و رەوەند و کۆچ و مێژووی کۆچ بکەم، دواتر هاتوون لەسەر رەوەندی نەتەوە جیاوازەکان قسەم کردووە بۆ نموونە رەوەندی جو، رەوەندی ئەرمەن، رەوەندی عەرەب، پاشان باسم لە مێژووی رەوەندی کوردی کردووە، دواتر هاتوومەته سەر چۆنیەتی دەستپێکردنی ئێمە، دواتر باسم لەبەشی راگەیاندن کردووە کە بەشێکی زۆر گرینگ و پێویستە، دواتر باسم لە ناوەندەکان کردووە، کە ئاسان نەبووە ئێمە بتوانین شارەکان بگەڕێین رەوەندی کوردستانیمان کۆکردایەتەوە بە هەڵبژاردن و سیمینار باسمان لێوە کردووە، بۆیە من بە دۆکۆمێنت هەمووم تۆمار کردووە، دواتر دەربارەی بەشی راگەیاندن زۆر بەباشی باسم کردووە، چونکە من بەرپرسی ئەو بەشە بووم لە پڕۆژەکە، بە وردی لەسەر ئەو بەشە قسەم کردووە چونکە ئێمە تەواوی کەناڵەکانی سۆشیال میدیامان هەیە، دوو ماڵپەڕیشمان هەیە کە بە پێنج زمان پەخش دەکات، ئێمە گۆڤاری رەوەندیشمان هەیە کە وەرزییە و سێ مانگ جارێک دەردەچێت، سێ گۆڤارن بە سۆرانی و کرمانجی و ئینگلیزی دەردەچێت، من ئەوانەی هەمووی بە وردی باس کردووە و خستوومەتەڕوو.

ھەواڵی زیاتر