مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی:گرێبەستکردنی وانەبێژان خوێندنی کوردی لە شنگال دەبوژێنێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەبڕیاری سەرۆکوەزیرانی کوردستان سی و ھەشت ھەزار وانەبێژ دەبنە گرێبەست، لە سنووری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، زیاتر لە ھەزار و سەد وانەبێژ لەو بڕیارە سوودمەند دەبن. بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، دەڵێت: ئەو بڕیارە جێگەی دڵخۆشی ھەمووانە، ئەو بۆشاییەی کە لە قوتابخانەکانی زمانی کوردی ھەیە پڕ دەکرێتەوە، لە ھەمان کاتدا بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران بووە ھۆی سەقامگیریی سایکۆلۆژی دەروونی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ.

مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری شنگال سوپاسی سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەکەن کە ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی ئەوان درا، ئەوە ھیوا و ئاواتی چەندین ساڵەی ئێمە بوو، ھەروەھا ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە سەرۆکی حکوومەت گرنگییەکی زۆر بە کەرتی پەروەردە دەدات، لە ھەمان کاتدا ئەو بڕیارە وا دەکات کە کەرتی پەروەردە زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو کەرتەکان کار دەکات بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانیان باشتر ببێت، بە گرێبەستکردنی وانەبێژان ھەنگاوێکی دڵخۆشکەر بوو بۆ ئەو وانەبێژانەی کە چەندین ساڵە چاوەڕوانی بڕیارێکی لەو شێوەیە دەکەن.
٢٥ـی ئابی ٢٠٢٤، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داھاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی سی و ھەشت ھەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.
٢٦ـی ئابی ٢٠٢٤، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە فەرمانی ژمارە ٢٦٤، بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنەیەک لەسەر ئاستی وەزارەت بۆ وردبینیکردن لە کۆی گشتیی لیستی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو، کە بڕیارە ڕۆژی ٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤ بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە.
ئالان حەمەسەعید، فەرمانی دەرکردووە، پێویستە ئەو لیژنەیە تاوەکو ٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤ کارەکانی وردبینیکردن لە لیستی وانەبێژان تەواو بکەن و پاشان بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ ئەوەی فەرمانی بەگرێبەستبوونی پێدەربچێت.
لە بەرانبەر ئەو ھەنگاوەش، دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد دوای ئەوەی بڕیاری دامەزراندنی بۆ نزیکەی سی و ھەشت ھەزار مامۆستای وانەبێژ لە ماوەی مانگێکدا دەرکرد و ئاماژەیان بەوەکردووە، بەگرێبەستکردنی نزیکەی سی و ھەشت ھەزار مامۆستای وانەبێژ، بڕیارێکی ئازا و بوێرانە بوو کە بووە جێگەی ڕەزامەندی و دڵخۆشی ھەزاران خێزان و گەنجی ئەم نیشتمانە.
مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەو بڕیارە جێگەی دڵخۆشی ھەمووانە، مامۆستایانی وانەبێژ لە سنووری پەروەردەی شنگال کە چەندین ساڵە چاوەڕوانی بڕیارێکی لەو شێوەیەن و ئێستا دەست بە مامەڵە دەکەن و دەبنە گرێبەست، لە ھەمان کاتدا بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران بووە ھۆی سەقامگیریی سایکۆلۆژی دەروونی سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ.
بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زمانی کوردی، دەشڵێ: لە سنووری پەروەردەی شنگال ھەزار و سەد مامۆستای وانەبێژ دەبنە گرێبەست، کە بەشێکی زۆری ئەو مامۆستایانە پسپۆریان زۆر باشە، ئەوەش وا دەکات کە زمانی کوردی لە ناوچەکە زیاتر گرنگی پێ بدرێت و ئەو بۆشاییەی کە لە قوتابخانەکان ھەیە بەشێوەیەکی زۆر باش پڕ بکرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر