با ئامۆژگاریه‌كت بكه‌م

چیرۆكی: عەزیز نه‌سین

وەرگێڕانی: خالید فاتیحی

بەكەشتی بۆ (كادی كووی) دەگەڕامەوە. كاتێك لە چێشتخانەكە هاتمە دەرێ، بتڵێكی شەو ڕاشكابوو، هەربۆیە بەئاخرین گەیشتن گەیشتم، كە سه‌عات یەك و نیو وەڕێ دەكەوت. هەوا لە ڕادەبەدەر سارد بوو، بەڵام چوونكە لەشم گەرم بوو نەمتوانی لە كابینەی كەشتیەكە دانیشم و چوومە دەرێ. لە گۆشەیەكی دیكەی كەشتیەكە سێبەرێك دیاربوو، كاتێك كەشتییەكە لە كەنار دووركەوتەوە و گەیشتە قوڵایی دەریا، تێگەیشتم ئەو سێبەرە لەژێر تریفەی مانگ لە جێگەی خۆی لاچووە. لە لاچون (ئەو) نیگەران بووم. چونكە دیتم (ئەو) خۆی بەسەر شیشەكانی كەشتیه‌كەدا شۆڕ كردبۆوە لەوە دەچوو خۆی باوێتە ناو دەریا، بەڵام غیرەتی نەدەكرد و دەگەڕایەوە. بەرەو لای ڕۆیشتم. سڵاو هاوڕێ. بەدەنگێكی لەرزۆك و بێ هێز وەڵامی دایەوە:
-سڵاو.
پرسیم: حاڵت چۆنە؟
به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ وەڵامی دایەوە: بێگومان تۆش دەتەوێ ئامۆژگاریم بكەی؟
-نا.. نا، هیچ نیازێكم نییە… بۆ وا دەڵێ؟
-من هەموو ئێوە باش دەناسم… تەنها دەزانن ئامۆژگاری خەڵكی بكەن.
لە تەنیشتی دانیشتم و پێمگووت: بۆم باسبكە بزانم چی بووە… ناكا تووشی گیروگرفتێك بووبی، قسە بكە با گرێی دڵت بكرێتەوە.
-جگەرەیەكم دەیە بۆت باس دەكەم.
پاكەتە جگەرەكه‌م لەپێش ڕاگرت. بەدەستە لەرزۆكەكانی ئەو جگەرەیەی دەری هێنابوو، دایگیرساند. چەند مژێكی قوڵی لێدا و گوتی: چەند مانگە بێكارم و بەدوای كاردا دەگەڕێم… بەڵام تكات لێدەكەم ئامۆژگاریم مەكە…!
-ئێمە هەموومان ژانی بێكاریمان چەشتووە، كێ هەیە بێكاری نەدیتبێ؟
وەڵامی دایەوە: ئەگەر تەنیا بێكاری بێت بەهەرحاڵ… ئەمرۆ فەرمانبەرانی دائیرەی پۆلیس دەیانویست كەلوپەلی ماڵەكەم فڕێدەنە دەرێ. سێ مانگە كرێ خانووم نەداوە، خاوەن خانوو هەموو ڕۆژێ دێت و هەرجارەی بە شێوەیەك بەڕێی دەكەم. دەردی سێ یەم، سێ چوار ڕۆژە كارەبای خانووەكەیان بڕیوم. دەردی چوارەم ژنە دراوسێیەكەم پێنج لیرەی وێدابووم لە دەرمانخانە دەرمانی بۆ بكڕم پارەكەم خەرج كردووە و هەفتەیەكە هەموو ڕۆژێ پێی دەڵێم: دەرمان نەماوە بەیانی بۆت دەكڕم.
بە پەرۆشییەوە گوتم: راست دەفەرمون كاتێك بەخت ڕوو لە مرۆڤ وەردەگێڕێ بەد بەختی ڕووی تێدەكات.
هەناسەیەكی قوڵی هەڵكێشا و گوتی: یەكێك لە هاوڕێ كۆنەكانم نامەیەكی بۆ برادەرێكی خۆی نووسیوە كە لە (كارتال) كارخانەیەكی گەورەی هەیە. تكای لێ كردبوو كارێكم بداتێ ئەگەر دەچووم بێگومان كارێكی باشی دەدامێ.
-ئەدی بۆچی نەچووی؟
-پارەم نەبوو.
-ئای بێچارە! بەڕاستی زۆر سەختە. بەڕای من…
قسەكەی پێ بڕیم و گوتی: پێش ئەوەی ئامۆژگاریم بكەی جگەرەیەكی دیكەشم بدەیە.
جگەرەیەكم دایە مژێكی توندی لێداو گوتی: دوو ڕۆژە هیچم نەخواردووە لە هەمووی ناخۆشتر جگەرەشم نییە ئەمڕۆ بەیانی لە ماڵێ هاتمە دەر بچمە لای یەكێك لە هاوپۆلە كۆنەكانم.
(فیكرەت) یەكێك لە دەوڵەمەندە ناسراوەكانە، ئەگەر دووسەد لیرەی دەدامێ كارەكەم جێبەجێ دەبوو. لەبرسان گەدەم قۆڕە قۆڕی بوو، لەبێ جگەرەیش سەرم گێژ ببوو. بە پێیان ڕۆیشتم بۆ فه‌رمانگه‌كەی، زۆر قەڕەباڵغ بوو ماوەیەك ڕاوەستام تا چۆڵ بوو پێمگوت: فیكرەت گیان زۆر دەست تەنگم پێویستە یارمەتیم بدەیت.
بەڕوویەكی خۆشەوە گوتی: فەرموو ئەوە چ قسەیەكە دەیكەی، هاوڕێ پێویستە لەكاتی تەنگانەدا بەهانای هاوڕێیەوە بێ بۆخۆشت دەزانی چەنده‌م خۆش دەوێی! بڵێ بزانم چ گیروگرفتێكت هەیە؟
كاتێك ئەو هەموو سۆزەم لە هاوڕێیەكەم دیت لەناخی دڵەوە گوتم: ئەگەر داوای دووسەد لیرەی لێبكەم، بەكەمم دەزانن ! وەڵامم دایەوە: بێكارم پێویستیم بە پارە هەیە.
بەزەردەخەنە یەكەوە سەری ڕاوەشاند و گوتی: ئەها! ڕاوەستە با ئامۆژگاریەكت بكەم هۆشت كۆكەوە بزانە دەڵێم چی. یەكسەر بڕۆ پارچە زەویەك بكڕە، ئەمڕۆ بازاڕی زەوی زۆر گەرمە ئێستا زەویەك بكڕی بە سێ هەزار لیرەیە دوای دووسێ مانگ بە پەنجا هەزار لیرە دەیفرۆشی. قازانج لەوە باشتر نابێ برالە.
پێكەنیم. بەڵام پێكەنین، من زۆر پێدەكەنم. بەڵام ئەو پێكەنینەم جیاوازی هەبوو، هاوڕێ كەم هیچ ئاگای لە شێوەی پێكەنینەكەم نەبوو درێژەی دایە:
-نه‌كه‌ی دابنیشی و لاقان درێژكه‌ی و سێ هه‌زار لیره‌كه‌ بخۆی! یه‌كسه‌ر پارچه‌ زه‌ویه‌كی دیكه‌ی پێبكڕه‌. مانگێك نابا ده‌توانی هه‌شتا هه‌زار لیره‌ قازانج وه‌سه‌ریه‌ك بنێی.
له‌ناخی دڵه‌وه‌ جنێوم پێدا به‌ڵام ئه‌و هیچ ئاگای له‌ پرزه‌یی حاڵی من نه‌بوو. ده‌ستی له‌سه‌رشانیدانام و گوتی: بێهوده‌ كات به‌ فیڕۆمه‌ده، هه‌تا رۆژێك تێپه‌ڕێ وه‌دره‌نگ ده‌كه‌وی، ئه‌مڕۆ زه‌وی سه‌عات به‌ سه‌عات نرخی به‌رز ده‌بێته‌وه‌. یاڵڵا بڕۆ بۆ راوه‌ستاوی؟
سه‌رم ده‌خولایه‌وه‌، مانه‌وه‌م بێسوود بوو هه‌ستامه‌ سه‌رپێ و گوتم: زۆر سوپاس.
-سوپاسی ناوێ. پێویستی سه‌رشانمه‌ یارمه‌تیت بده‌م. هه‌ركاتێك كاره‌كه‌ت جێگیر بو وه‌ره‌وه‌ لام ئه‌گه‌ر نه‌یه‌وه‌ توڕه‌ده‌بم ها!
به‌ڕاده‌یه‌ك نیگه‌ران بووم نه‌متوانی وه‌ڵامی بده‌مه‌وه‌. كاتێك له‌ پلیكانه‌كان ده‌هاتمه‌خوار له‌ دواوه‌ڕا هاواریكرد: پاره‌كه‌ی هه‌موو بده‌و زه‌وی پێبكڕه‌. مه‌ترسه‌! زه‌ره‌ر ناكه‌ی.
كاتێك له‌ برسان نه‌مده‌توانی به‌ڕێكوپێكی به‌ رێگادا بڕۆم به‌ره‌و لای ماڵی كاك بڵند جێگری دادوه‌ر وه‌ڕێكه‌وتم، كه‌ یه‌كێك له‌ هاوڕێ كۆنه‌كانم بوو. دڵنیا بووم سه‌د لیره‌م ده‌داتێ به‌ سه‌د لیره‌ش ده‌توانم كاره‌باكه‌ بهێنمه‌وه‌ و ده‌رمانی ژنه‌ دراوسێكه‌شمی پێبكڕم و خواردنێكیش بخۆم، پاكه‌ته‌ جگه‌ره‌یه‌كیش بكڕم، سه‌رێك له‌و كارخانه‌یه‌ش بده‌م كه‌ هاوڕێیه‌كم بۆی ده‌ستنیشان كردبووم. به‌خۆشیه‌وه‌ كاك بڵند له‌ ماڵ بوو زۆری رێز لێگرتم، گوتم:
-هاوڕێی خۆشه‌ویست حاڵم زۆر شپرزه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌توانی یارمه‌تییه‌كم بده‌.
قسه‌كه‌ی پێبڕیم و گوتی: راوه‌سته‌ با ئامۆژگارییه‌كت بكه‌م.
-فه‌رموو.
سه‌ری به‌رزكرده‌وه‌و گوتی: زمانی ئینگلیزی ده‌زانی وانییه‌؟
-خراپ نیم.
-ده‌زانی چیبكه‌؟
-چیبكه‌م؟
-یه‌كسه‌ر په‌ساپۆرت وه‌ربگره‌. سواری فڕۆكه‌ به‌و بڕۆ ئه‌وروپا، بڕۆ له‌و وه‌ڵاته‌ی كه‌ هیچ كه‌س به‌های تۆ نازانێ چیده‌كه‌ی؟ چیده‌كه‌ی لێره‌؟ بڕۆ ئه‌وروپا له‌وێ چ زۆره‌ كار. ئه‌گه‌ر له‌ جێگای تۆ بام یه‌ك خوله‌كیش لێره‌ نه‌ده‌مامه‌وه‌. یاڵڵا گیرمه‌به‌ په‌ساپۆرت وه‌ربگره‌ سواربه‌و بڕۆ.
به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ وه‌ڵامم دایه‌وه‌: بیرێكی زۆر باشه‌!
له‌ ماڵه‌كه‌ی وه‌ده‌ركه‌وتم. زگم له‌ برسان هه‌ر قوڕه‌قووڕی بوو. نازانی چه‌نده‌م جنێو پێدا. هاوڕێیه‌كی دیكه‌م كه‌وته‌وه‌ یاد، موحه‌ڕه‌م ئه‌ویش حاڵی زۆر باشه‌و له‌وانه‌یه‌‌ پەنجا لیرەم بەقەرز بداتێ. پەنجا لیرەشم نەداتێ بێگومان بیست و پێنج لیرەم دەداتێ .پێش هەموو شتێك جگەرەیەك دەكڕم ، دوایی زگم تێردەكەم، ئینجا سەرێك لە كارخانە دەدەم. بەپێیان بەشەقامی (شیكلن) دا ڕۆیشتم. خواكردی لە ماڵ بوو پێم گوت: موحەڕەم گیان حاڵم زۆر خەراپە ئەوەندەی لەتواناتدایە یارمەتیم بدە، كەمێك بیری كردەوە وەڵامی دایەوە: دەتەوێ پارەیەكی مفتت دەست كەوێ؟
-بەڵێ. ئەگەر دەبێ!

  • دەزانی چیبكە؟ لە بیك ئۆغلی دووكانێك هەیە بۆ كرێ و..
    قسەكەیم پێ بڕی و گوتم : موحەڕەم گیان من دەڵێم چی و تۆ دەڵێی چی؟
    -گوێبگرە براگیان، تۆ ئەگەر خوله‌كێك گوێ لە قسەكانی من بگری لەمەبەستم تێدەگەی، ئەو كارە سەرمایەشی ناوێ، هەر ئەوەندە دووكانەكە بگری بەسە. چەند پشیلەیەك لە كۆڵانان كۆكەوە هەر یەكەو لە قەفەزێكیان بكە، ناوی وڵاتێكیان لەسەربنووسە (پشیلەی هیندی، پشیلەی ڕووسی، (پشیلەی ئێرانی، و….. پشیلەكان زمانیان قسەی پێ بكەن و لە وڵاتی ئێمەشدا مرۆڤی گێل و دەوڵەمەند زۆرن! دەتوانی پشیلەكان بەسەد تا دووسەد لیرە بفرۆشی. پێشنیار لەوە باشتر نابێ برالە! بڕۆ دەست بەكاربە..
    لە ناخی دڵەوە سەد جنێوم پێدا و لە ماڵەكەی وەدەر كەوتم، هەتا پێنج قرۆشم لەگیرفاندا نەبوو نانی پێبكڕم و زگی خۆمی پێ تێربكەم.له‌ برسان و بێ جگه‌ره‌یی بیرم كاری نه‌ده‌كرد. له‌ناكاو كه‌نعانم كه‌وته‌وه‌ بیر. دڵنیابووم كەنعان دە لیرەم دەداتێ، دەتوانم خواردنێك بخۆم و پاكەتێك جگەرە بكڕم و خۆم بگەیەنمە ئەو كارخانەیەی كە هاوڕێكەم ناردبوومی. بەهەزار كوێرەوەری و كەوتن و هەستانەوە خۆم گەیاندە ماڵی كەنعان، بێ پێشەكی گوتم: كەنعان گیان لەبرسان خۆم بە پێوە ڕاناگرم، ئەگەر دەكرێ دە پازدە لیرەم بەقەرز بدەیە. كەنعان لە شوێنی خۆی هەستا، دەستەكانی لە گیرفانی پانتۆڵەكەی ناو ماوەیەك هات و چوو..
    دوایی پارە وردەكەی بەزریكەوە دەرهێناو گوتی:
    ڕاوەستە با ئامۆژگارییەكت بكەم. دەزانی باشتر وایە چی بكەی؟
    -چی بكەم ؟
    -تۆ خوێندەوارییەكی باشت هەیە بڕۆ لە یەكێك لە ئوتێلە نایابەكان كاربكە.
    پرسیم : ئەوكارە چ قازانجێكی هەیە ؟
    -دووسێ مانگ لە ئوتێل دەمێنیتەوە…
    -باشە دوایی چی؟
    لەو ماوەیەدا ڕۆمانێك بنووسە. هەم ڕۆژنامەكان كتێبەكەت دەكڕن و هەم بڵاوكراوەی دیكەش هەن كتێبەكەت بكڕن! حه‌یف نییە مرۆڤێكی وەك تۆی خوێندەوار لە كوێرەوەریدا بژی!؟
    -كتێب ئاسانه‌‌، بەڵام ئەگەر هیچ كەس ئامادە نەبوو چاپی بكا چارە چییە؟!
    -بەپارەی خۆت چاپی بكە! تا ئێستا بیرت لەوە نەكردۆتەوە؟ بڕۆ دوعای خێرم بۆ بكە كە ئەو پێشنیارەم بۆكردی!
    ئەگەر خوله‌كێكی دیكە لەوێ مابامەوە لەخەفەتان دەتەقیم، بێ خوا حافیزی لە ماڵەكەی وەدەر كەوتم. توانای ڕۆیشتنم نەمابوو بەزەحمەت هەنگاوم دەنا. لەلایەكی دیكەش بەرەبەرە تاریك دەبوو. دەبوایە بەهەر شێوەیەك بێ هەندێ پارە پەیدا بكەم نەمدەزانی بۆلای كێ بچم؟ یەكێك لە هاوڕێیەكانم بەناوی نووری لە شەقامی بایەزید دووكانی خواردەمەنی هەبوو بڕیارمدا بچمە لای ئەو هەر نەبێ دووسێ لیرەی لێ قەرز بكەم. شۆربایەك بخۆم و دوو سێ دانە جگەرە بكڕم. كە گەیشتمە دووكانی نووری بێ سەلام و عەلێك گوتم:
    -نووری گیان دووسێ لیرەم بەقەرز بدەیە.
    نووری بەسەر سوڕمانەوە سەیرێكی سەرتاپای لەشی كردم و گوتی:
  • دیارە زۆر ماندووی جارێ كەمێك دانیشە و ماندوێتی لەشت دەركە جا دوایی…
    لەناخی دڵەوە گوتم: دەك ماڵت ئاوەدان بێت. دیارە مرۆڤی باش لە دنیادا هەر ماون. لەسەر قەرەوێڵەیەك– كە لە پێش دووكانە كەی بوو – دانیشتم و گوتم:
    -بۆ لای هەركەسێك چووم لەجیاتی یارمەتی قسەیان دەرخوارد داوم.
    -دەزانم برالە بەقسەی هەموو كەسێك مەكە، باش گوێبگرە با من ئامۆژگارییەكت بكەم!
    لە حەژمەتان ئاگام لەخۆ نەبوو. دەستم بۆ بەردێكی گەورە درێژكرد دەمویست لەكەللەی سەری بدەم و مێشكی بپڕژێنم، بەڵام لەبرسان نەمتوانی بەردەكە هەڵبگرم. بۆیە تفێكم لێكرد.
    نووری پرسی: كوڕە ئەوە چی دەكەی ؟
    -هیچ مەبەستێكم نەبوو ئەوە خوویەكی سەیرە هەمە!
    نووری بەبێ گوێدانە حاڵ و ڕۆژ تاڵی من گوتی:
    -پێش هەمووشتێك كەمێك بحەسێوە هەتا مێشكت دێتەوە سەر خۆ، باشتر وایە چەند ڕۆژێك بچیە كەناری دەریا و لەسەر لمی كەنار دەریا بنووی. هەتا دێیتەوە سەر خۆ.
    بە پێكەنینەوە گوتم: بڕیارمداوە كەشتییەكی گەشت و گوزار بكڕم.
    بەسەر سوڕمانەوە پرسی: دەتەوێ بەو كەشتیە چی بكەی!؟
    -دەمەوێ ماوەیەك لە دەریاكان گەشت و گوزار بكەم!
    -نا… كەشتی پێویست ناكا بڕۆ ئوتێلێكی هێمن.
    هاوارم كرد: هەی نانه‌جیب لەبرسان خۆم بەپێوە ڕاناگرم تۆ دەتەوێ بڵێی چی؟
    چاوەڕوان نەبووم وەڵام بداتەوە. هەستام و ڕێگام گرتەبەر. بەهەزار كوێرەوەری خۆم گەیاندە له‌نگه‌ر و سواری كەشتی بووم.
    دوای كەمێك بێدەنگی گوتی:
    -جگەرەیەكی دیكەم بدەیە.
    -جگەرەیەكم دایە، كەشتیەكە لە كەشتی گای كادی كووی نزیك دەبۆوە.
    مژێكی قوڵی لە جگەرەكەی داو گوتی: ئێستا پارەی بلیتی كەشتیەكەشم نییە. نازانم كاتی دابەزین چی بكەم.
    گوتم: با ئامۆژگاریەكت بكەم.
    كابرا بەڕادەیەك توڕە بوو ترسام بەمست لە كەللەم بدات و ددانم لەزاری هەڵوەرن. بەناچاری پێكەنیم و گوتم: كاتێك ڕێبوارەكان دادەبەزن بڕۆ ئاودەست خانە و نیو سەعات دوای ئەوان وەرەو بڕۆ..
    (ئەو) بەرەو دەست شۆرەكە كەوتەڕێ بەڵام لەنیوەی ڕێگادا كەوتە سەر زەوی و بێ هۆش كەوت…
    بۆ ئەوەی بگەمە دوا پاس لە كەشتیەكە دابەزیم و بەغاردان خۆم گەیاندە وێستگەی پاسەكان.
    ماوەیەك بەسەردا تێپەڕی. دووبارە كە لە هەیوانی كەشتی دانیشتبووم دەنگی دووكەسم هاتەبەرگوێ كە لەپشت سەرمەوە سەرگەرمی قسەكردن بوون، یەكێك بەدەنگی بەرز بەوی دیكەی دەگوت:
    -(گوێ بگرە با ئامۆژگاریەكت بكەم)!
    ئەو دەنگە ئاشنا دەهاتە بەرگوێم كاتێك ئاوڕمدایه‌وه‌ خاوەن دەنگم ناسیەوە، هەمان ئه‌وكەسه‌ بوو كە لە ئامۆژگاری خەڵكی تووڕە دەبوو. هەتا گەیشتبووە ڕادەی خۆكوشتن. ئەوە ئێستا بۆ خۆی ئامۆژگاری خەڵكی دەكات. ڕەنگ و ڕووخساری زۆر باش بوو، پاڵتۆیەكی گران بەهای لەبەردا بوو نیشانەی ئەوەبوو كە لەبارەی داراییەوە حاڵی باشە. بەڵام نەدەزانرا ئامۆژگاری كێی لەگوێ گرتووە!
    كە هەم حاڵی ئەو گۆڕاوە و هەم بۆ خۆیشی ئێستا یەكێكە لە ئامۆژگاری كارانی خەڵكی!

سەرچاوە ((چیزی كە گلەدارە عوض ندارە))

ھەواڵی زیاتر