ئارام كۆشكی – سلێمانی
ماوەیەکی زۆرە دەمویست پێناسەیەک بۆ ئەو ژیانەی ئێستام بکەم کە تێیدام، بەڵام هیچی ئەوتۆم نەدەدۆزییەوە. کاتێک زۆرتر لێی وردبوومەوە سەیرم کرد ژیانم بووە بە جۆرێک لە ڕاکردن بەدوای کتێبدا و خوێندنەوەی کتێب و پەڕیینەوە لە کتێبێکەوە بۆ کتێبێکی دیکە و ئیدی هیچ شتێکی ترم لا مەبەست نییە، ئەوە کتێبە ژیانی پڕکردووم لە خەون و خولیای جوان و بەردەوامی. دوای ڕامانی زۆرتر ناومان “ونبوون” ئەم دۆخەی منی تێدام جگە لە ونبوون هیچی دیکە نییە، بەڵام ونبوونە لەنێو جیهانی کتێبدا.
زۆرجار کە وشەی “ونبوون” بەکار دەهێنرێت هەمیشە ڕەهەندێکی نەرێنی دێتە هزرمانەوە، بەڵام هەموو ونبوونێک ڕەهەندێکی نەرێنی نییە، هەندێک ونبوون هەیە دەشێ ڕەهەندێکی ئەرێنی گەورەی هەبێت، ئەوەی مرۆڤێک هەست بە ونبوون بکات لەنێو باخێکی پڕ لە گوڵدا، یان ونبوونێک لەنێو جیهانە بەرینەکەی کتێبدا، ونبوونێکی ئەرێنییە. من ئەم ماوەیە ئەزموونی ونبوونی یەکەمم نەکرد، بەڵام ئەزموونی ئەوەی دووەم کردووە. بە جۆرێک هەست دەکەم بەتەواوی لەنێو کتێبدا ونبووم، بەڵام ئەم ونبوونە، نەک هەستی نیگەرانی نەخستووەتە سەر دڵم، بەڵکو هێندە ئاسوودەی کردووم، کە هەست دەکەم تاکە بەختەوەری ڕاستەقینە ونبوونە لەنێو کتێبەکاندا.
ئەم چەند مانگەی پێشوو کۆمەڵێک تێکستی گەلێک گرنگ و سەرنجڕاکێشم خوێندەوە، کە سەرجەمیان ڕۆحیان پڕکردم لە پرسیار و گومان و وەڵامی هەندێک لە پرسیارەکانمم چنگ کەوت، کە ساڵانێکە لەنێو کتێبەکاندا بەدوایاندا دەگەڕێم. ئەوەی زۆر بەختەوەری کردم ئەو وەڵامی پرسیارانە بوون، کە دەمێک بوو دەمویست وەڵامەکانیان بزانم، بەڵام نەمدەزانی وەڵامی ئەو پرسیارانەم لەکوێ دەست دەکەوێت؟ خۆشبەختانە ئەم ونبوونە چڕە لەنێو کتێبەکاندا بە وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکانمی گەیاندم، ناڵێم هەمووی، چونکە پرسیاری زۆرم ماوە و بەردەوامم لەگەڕان بەدوای وەڵامەکانیاندا.
لەم گەڕان و وردبوونەوە و ونبوونەمدا لەنێو کتێبەکاندا گەیشتم بەوەی مرۆڤ ئەوکاتە نامرێت، کە ئیتر دواهەناسە دەدات و بەرەو گۆڕستان بەڕێ دەکرێت، بەڵکو مرۆڤ ئەوکاتە دەمرێت کە خەونی نامێنێت، کە پرسیاری نوێ نییە لە دونیای بکات، کە نازانێت بۆچی دەژی؟ کە ئاسۆیەکی نییە بۆی بڕوانێت، کە خۆشەویستییەک لە دڵیدا نەماوە، کە گۆرانییەک نییە گوێی لێبگرێت، کە ناتوانێ چێژ لە کارێکی هونەریی وەربگرێت و بەدیاریەوە ڕابمێنێت. مرۆڤگەلێکی زۆر هەن، کە ئەگەرچی بە جەستە زیندوون و هەناسە دەدەن و کاریش دەکەن، بەڵام خاوەنی ڕۆحێکی مردوون. هەر مرۆڤێک نەتوانێت خۆی نوێبکاتەوە ناتوانێت لافی زیندووبوون لێ بدات. مرۆڤ ئەوکاتە زیندووە، کە ئامادەیی نوێبوونەوە و هەڵگری ڕۆحێکی نوێگەرانەی هەبێت. مردن هیچ نییە جگە لە وەستان و چەقبەستن لە خاڵێکدا و وەفاداربوون بۆ ئەوخاڵ و جێگەیە. ئەوەی وا دەکات هەست بە زیندووێتی تەواوەتی بکەم کتێبەکان بوون. دەنا ئەم ژیانە زۆرەملێیە، کە مرۆڤ بە زۆر سەپێنراوە بەسەریدا و خۆی دەستی لە هەڵبژاردنیدا نییە، گەلێک تاقەتپڕووکێنە. کتێب ئەو دەروازەیەیە کە وا دەکات مرۆڤ بەرگەی ژیان بگرێت، چ ئەوانەی دەنووسن و چ ئەوانەشی دەخوێننەوە بەم نەفەسە دەنووسن و دەخوێننەوە.
کارلۆس زافۆن، نووسەری ئیسپانی و دروستکەری کاراکتەرە سەیر و سەرسوڕهێنەرکانی نێو جیهانی کتێب، کە کتێب هێزێکی گەورەی هەیە لەسەر ژیانیان وتەیەکی گرنگی هەیە سەبارەت بە کتێب و دەڵێت: “کتێب فێری بیرکردنەوە و هەستکردن و ژیانی هەزار ژیانم دەکات.” منیش لەگەڵ کتێبەکاندا هەست بە تەمەندرێژی و ژیانی هەزارژیان دەکەم. زافۆن لەڕۆمانی “سێبەری با”شدا لە زاری کاراکتەری کلاراوە دەڵێت: “نەمدەزانی کە خوێندنەوە هێندە خۆشە و هەست بەکردنەوەی ئەو دەرگا نوێیانە دەکەیت، کە لەسەر ڕۆحت ئەکرێنەوە، تەسلیمی فەنتازیا ئەبیت و ئەهێڵێت بەدەوری جوانی و سەیروسەمەرەیی ڕووداوەکان و خودی زماندا بخولێیتەوە.” زۆرن ئەو نووسەرانەی کتێبیان لا خۆشەویستتر کردووم و ئەوەندەی تر گیرۆدەی دونیا ئەفسووناوییەکەیان کردم، بەڵام زافۆنیش یەکێکە لەوانە و زیاتر لە نهێنییەکانی ئەم جیهانە ئاڵۆز و سەیروسەمەرەیە ئاگاداری کردمەوە و پەلکێشی کردم تا بۆ هەمیشەیی دۆستی کتێب بم.