گەشتێکی شیعریی لەگەڵ سەلاح فایەق

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ناوی سەڵاح فایەقم دووراودوور بیست بوو، تا چەند ساڵێک لەمەوبەر لەڕێی هاوڕێی وەرگێڕ و نووسەرم “بەیان سەلمان”ـەوە بە بەشێکی کورت لە ژیان و شیعرەکانی ئاشنا بووم. ئیدی لەوێوە کەوتمە سۆراغی بەشێک لە شیعرەکانی و دواتریش هەندێک لەو وتارانەی نووسیونی. ئەو وەکو بەشێک لە لێکۆڵەرانی شیعر دەڵێن لە ڕیزی گرنگترین شاعیرانی عێراق و جیهانی عەرەبییە. سەڵاح لە ساڵی ١٩٤٥ـدا لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. شارێک کە لە شەستەکاندا یەکێک لە گرنگترین بزاوتەکانی شیعری جیهانی عەرەبی لەوێدا پێک هات؛ «گرووپی شیعری کەرکوک»، کە ئەم شاعیرانەی لە خۆ دەگرت “سەلاح فایەق، سەرگۆن پولس، جان دەمۆ، فازڵ عەززاوی و چەند شاعیرێکی دیکە، کە ئەو چوار شاعیرە لە ناودارترینەکانی نێو ئەو گرووپە بوون. کارەکانی بەشێک لەو شاعیرانەی دیکەم زووتر خوێندەوە و زووتر پێیان ئاشنا بووم بەڵام ئەوەی ئەم شاعیرە درەنگ کەوت.

لە هەفتەی ڕابردوودا وتوێژێکی درێژی “ئەسکەندەر حەبەش”م لەگەڵ ئەم شاعیرە خوێندەوە، کە لە دوتوێی کتێبێکی 354 لاپەڕەییدا بەناونیشانی “پێنج شار و دوو یادگە” لە چاپ دراوە، شاعیر و وەرگێڕ “دلاوەر قەرەداغی” کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بە چاپی گەیاندووە. کتێبەکە لە هەشت بەش پێکهاتووە، کە گفتوگۆ سەرەکییەکەیە و لەگەڵ پێشەکییەکی ئەسکەندەر حەبەش و بەشی کۆتایی تەرخانە بۆ هەڵبژاردەیەکی بچووک بە بەرهەمەکانی نووسەر.
کتێبەکە گەشتێکە بە ژیان و ئەزموونی ژیان و ڕۆژنامەوانی و شیعریی ئەو شاعیرەی کە خەڵکی شارە بریندارەکەی کورستانە “شاری کەرکووک”، ئەو باوکی تورکمانە و دایکی کوردە. لە دایکبوونی لەو شارە تووشی ئاوارەیی و دەربەدەریی زۆری کردووە تا گەیشتووەتە سوریا و لوبنان و دواتر لەندەن و لەوێشەوە بۆ فلیپین. هەموو ئەم دەربەدەریی و جێگۆڕکێیانە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەزموونی شیعریی هەبووە.
ئەسکەندەر حەبەش وەکو ڕۆژنامەوانێکی لێهاتووە گەلێک پرسیاری گرنگ و پرسی جیدی لەگەڵ سەلاحدا دەوروژێنێت، هەر لە منداڵییەوە تا گەورەبوون و کارە رۆژنامەوانییەکانی و دواتر بەشداریی و کاریگەری «گرووپی شیعری کەرکوک»، کە توانییان لە ماوەیەکی زەمەنیدا کاریگەریی لەسەر شیعر لە عیراق و کوردستاندا دابنێن، چونکە بە خەونی جیهانێکی جیاوازەوە دەیانووسی. لە جێگەیەکی دیدارەکەدا سەبارەت بە ئەرکی شاعیر سەلاح دەڵێت: “شاعیر تەنها گوزارشت ناکات، بەڵکو شیعر دروستکردنی دونیایەکی ترە، لێرەدا یادگە پاشەکشە دەکات تا دەرفەت بۆ چالاکیی خەیاڵ لە دروستکردنی دژەڕابردوو بکاتەوە.” شاعیر لای سەلاح پابەندی ڕابردوو نییە، بەڵکو ئەو ڕووی لە ئایندەیە و ئەوێ دەپشکنێ.
سەبارەت بە پێناسەی شیعریش دەڵێت “شیعر بە پێناسەیەکی سادە عەرزی حاڵە. حاڵی شاعیر، زەینی و سۆزەکی. ئەو ئەڵتەرناتیڤی ئەم دونیایەیە، بە دونیایەکی تر لە هەموو ئاستەکاندا. بناغەی ڕەخنەی ڕیشەییە لە هەموو شتێکی ئەم ژیانە، چینەکی و کۆمەڵایەتی و سیاسی.” لە جێگەیەکی دیکەشدا سەبارەت بە سەرچاوەی شیعر دەڵێت “شیعر لە ئەزموونێکی ئینسانی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێ، بەبێ ئەو ئەزموونە کە لە بناغەڕا خودییە کاری داهێنەرانە بە ئاکام ناگات.” لەم پێناسەیەدا ئەگەرچی ئەم شاعیرە شیعر زۆر خودی دەکاتەوە، بەڵام دەشێ هەموو شیعرێک هێندە خودی نەبێت، بەڵام ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت شیعر خودیترین ژانری ئەدەبییە.
بێگومان نامەوێت لێرەدا زیاتر سەبارەت بە کتێبەکە و تێڕاوانینەکانی ئەم شاعیرە بدوێم و ئەمە بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵم و تەنها ویستم لەم نووسینە کورتەدا ئاشناییەکی کورت لەبارەی ئەم کتێبەوە بنووسم، چونکە کتێبەکە گەشتێکی گرنگە بەنێو مێژووی شیعر لە کەرکوک و ئاشنابوون بەو گرووپەی «گرووپی شیعری کەرکوک»، کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە نوێکردنەوەی شیعریی عێراقیدا هەبووە و کاریگەریشیان لەسەر شاعیرانی کورد بووە. بۆیە خوێندنەوەی ئەم کتێبە تەنها خوێندنەوەی دیدارێکی ئاسایی نییە، بەڵکو گەشتێکە بە مێژوویەکی ڕەنگڕێژ بەشیعردا لەگەڵ شاعیرێک شەیدای شیعر و وشە.

ھەواڵی زیاتر