مەنسوور یاقووتی
وهرگێڕانی: خالید فاتیحی
بەشی یەكەم
خۆر لەپشت پەڵەهەورێكی سوور و نارنجییەوە دەردەكەوت، كە قووربان عەلی لەگەڵ مام مراد، ئەو مێگەلە مەڕەی كە ئی ئاغابوو لە ئاواییان بردە دەرێ و بەرەو بناری ڕایاندا. سەگەلی مێگەل، ئەو مەڕانەی كە دوادەكەوتن یان جیا دەبوونەوە ڕاماڵیان بۆ دەبردن و تێكەڵی مێگەلەكەیان دەكردنەوە. بە وەڕینەوە ڕایان دەكردو كهڵپه سپییەكانیان بریسكهیان دهدا، بە هەراوهۆریا مێگەلەكە لەدوای خۆیەوە تەپ و تۆزی بەجێ دەهێشت. قوربان عەلی پێپێچە نان و پەنیرەكەی لە پشت بەستبوو، بەگۆچانەكەی لە پشتی مەڕەكانی ڕادەكێشا بەملاولادا غاریدەداو بە هۆهۆوە مێگەلەكەیان ڕادەدا. مام مراد پێی لەبەردێك هەڵەنگوت، زۆری نەمابوو بەسەر ڕواندا بكەوێ، بەڵام خۆی گرتەوە، خڕكە بەردێكی لە بزنێكی قەڵەوگرت كە دواكەوتبوو، بنچكە گیایەكی بەدەمەوە گرتبوو و هاواریدەكرد:
- سەگبابی چەمووش… نەفرەت لە بابت. سەگی هار!
قوربان عەلی هەروا كە دەڕۆیشت ئاوڕێكی دایەوە. ههتاو لە سەربانی خانووە قوڕە ناڕێكەكانی دابوو، دەچووە ناو كولانەكانەوە كە وەك دەمی مردوو داپچڕابوون. لە هەیوانی خانووەكان دووكەڵ لە كولانەكان هەڵدەستا، ئەوەی نیشاندەدا، ژنەكان تەندووریان هەڵكردووەو خەریكی نان كردنن. لەسەر گوێسوانەی ماڵێك، كەڵەشێرێك ملی بڵندكرد، چاوەكانی لێكنان و قوقاندی و بۆ كۆڵانەكە هەڵفڕی.
قوربان عەلی پێكەنی و گەڕاڕیەوە. ڕانەكە لە تەپۆلكە ڕووتەنەكە سەركەوتبوو، ئەودیویشی سەرەوژێر بوو، دەچووە دۆڵێكەوە. خۆی گەیاندە مام مراد كە لچ و لێوی گرژكردبوون و تێكچووبوو، پرسی: - مام مراد! ئەمڕۆ مێگەلەكە بەرینەكوێ؟
مامە تفێكی ڕۆكرد، نیگا ساردو سڕەكەی لە كێوەكەی بەرامبەری بڕی، ڕیشەڕەشەكەی خوراندو گوتی: - بۆ هەر جەهەننەمی دۆڵێك كە پێت خۆشە بیبە… ئاغا گوتی بیبەینە لای گردەزەردی… ئاخ…
قوربان عەلی قسەیەكی نەكردو لێوەكانی هەڵچنین. مامە، ئەمڕۆ حاڵی باش نەبوو، تاقەتی قسەكردنی نەبوو. بۆخۆیشی حاڵی لە حاڵی مامە باشترنەبوو. ئەگەر مامە حەوسەلەی هەبا پێیدەگوت بۆی باسبكا، پێیدەگوت ئاغا بۆچی نەیهێشتووە بابی بینێرێتە شارو درێژە بەخوێندن بدات. دوێنێ مامۆستاكەیان، مامۆستا گراوەند، بابی بانگ كردبووە ماڵەكەی خۆی و پێیگوتبوو: (قوربان عەلی كوڕێكی باشە، بە توانایە ئەمساڵ لەنێو هەموو قوتابیەكانی پۆلی پێنجەمدا, یەكەم بووە، حەیفە نەخوێنێ… بینێرە شار… مەهێڵە بەدبەخت بێ…) بابیشی گوتبووی: (دەستمان كورتە… ئەگەر قوربان عەلی بچێتە شار، ساڵی دووسێ هەزار تمەنی دەوێ، لەكوێی بێنم؟ هەر ئەو كوڕەم هەیە، ئەگەر ئەوم نەبێ ئاغا نایەڵێ پاسەوانی باخەكەی بكەم و دەرم دەكا. بۆخۆشت دەزانی، قەرە*م، زەویم نییە لە داری دنیایە خاوەنی كەرێك و دوو بزن و چوار مەڕی پیرم. ئاغا ساڵی هەزار تمەن دەدا بە قوربان عەلی لهبری شوانی بەرمەڕی… بۆ باخەوانیەكەشم دوو هەزار تمەنم دەداتێ…) مامۆستا گراوەند گوتبووی: (تۆ نەزەویت هەیەو نەهیچ شتێك. دەستی ماڵ و منداڵت بگرەو بڕۆ شاری، هەر چۆنێكبێ پاروەنانێك پەیدادەبێ. ئاغا قازانجی خۆی دەوێ. دوو ڕۆژی دیكە كە لەپەلوپۆ كەوتی وەدەرت دەنێ، بێچارەو سەرگەردان دەبێ.)
بابیشی لە ئەنجامی پێداگری مامۆستادا كەوتبووە بیركردنەوەو تیشكێك هاتبووە ناودڵیەوە. چووبووە لای ئاغاو مەسەلەكەی تێگەیاندبوو، هەرچۆنێك بوو ژەوانی كردبۆوەو گوتبووی: (مامۆستا گراوەند شەكری خوارد. ئەو هەرچی بێ غەوارەیه، نازانێ خەڵك بەچ ڕەنج و كوێرەوەرییەك پاروەنانێك بۆ ژن و منداڵەكانیان پەیدا دەكەن. خوێندن لە شاری گەمە نییە. خەرج و مخاریج پشتت دەشكێنێ. یارۆ مانگی دوو هەزار تمەن وەردەگرێ بەڕێوەبردنی دوو منداڵی قوتابخانەی پێ ئەستەمە. پەلەی لێ مەكە. بەچی دەزانی قوربان عەلی وەردەگیرێ؟)
ئێوارێ ماندو و مجرۆ كە گەڕبۆوە ماڵێ و بابی قسەكانی مامۆستاو ئاغای بۆ گێڕابوونەوە، لەدواییدا گوتبووی: (چارەچییە؟… ناكرێ… تائێرەت خوێندووە بەسە، خوێندن بەكەڵكی ئێمەنایە؟!) دەتگوت مەقاڵەیەكی پڕ لە زیلكەت بەسەر سەریداكردووە، ڕوخساری سوورهەڵگەڕاو بە دەنگی بەرز ئاغای وەبەر جنێوان دا: (ناماقوڵی كرد… ناپیاوی ورگ زل… ئەگەر بەدەست وی بێ هیچ كەس پۆلێكیش ناخوێنێ. هەر دەچم بۆ شار، دەنا هەڵدێم)
بابی لە بیستنی ئەو قسەیە ڕەنگی لە ڕوان پەڕیبوو گوتبووی: (هەڵدێم؟! گوی دەخۆی! لاقانت داغ دەكەم. لهوەتەی چۆتە قوتابخانە زمانی چەند درێژبووە؟! نە گەورەو چووكەی دەزانێ و نە فێربووە چۆن لەگەڵ لە خۆی گەورەتری بجووڵێتەوە؟) قوربان عەلی پێی بەزەویدا دابوو دووبارەی كردبۆوە ئەگەر نەهێڵێ بچێتە شار، لە ماڵێ ڕادەكا بابیشی هەستابوو گرتبووی ئێستا لێی نەدا كەنگێ لێیبدا. هێندەی لێدابوو ئێستاش تەواوی لەشی دێشا، بەزەحمەت دەیتوانی بجووڵێتهوه. دایكیشی كە ویستبووی بەڕیوانی بكا لەگەڵ پێلەقەیەكی بابی، وەك كۆنە سەماوەرێك لە گۆشەیەك كەوتبوو.
وەبیر هاتنەوەی ئەوشتانە دڵی قوربان عەلی ئازاردەدا. دەتگوت ڕەشە كوانێك لە گەرووی هاتووە، هەستی بەخنكان دەكردو چاوەكانی پڕببوون لە فرمێسك. مام مراد چەند هەنگاوێك لەپێشتر ڕاوەستابوو. بە قۆڵی كراسەكەی فرمێسكەكانی سڕینەوە، بە گۆچانەكەی لە پشتی مەڕێكی ڕاكێشا كە دەیویست لە مێگەلەكە جیابێتەوە. بە دەنگێكی نووساو هاواریكرد: - بڕۆوە ناومێگەل… خاوەن سەگ… یاڕەببی گوانەكانت لێوەبن.
لە لەوەڕگاكە نزیك دەبوونەوە. شنەبایەكی فێنكی دەهات. لای خوارێ، كەناری ڕووبارەكە، سپی دەچوو، لە ئاسمان لەكلەكێك چەرخی دەدا، ئاودێرێك كە پێمەڕەیەكی لەسەرشانی بوو، فانۆسێكی بەدەستەوەبوو، شەكەت و ماندوو بەرەو ئاوایی دەڕۆیشتەوە. بێخەوی و نەسیمی ساردی شەوی بانەمەڕ دای هێزاندبوو، وەك ڕەگی پیرە گوێنییەك وشكی كردبوو. قوربان عەلی مامی ناسییەوە كە كرێكاری ئاغا بوو. پۆلێك كۆترەكێوی لە باخچە چنارەكەی ئاغا چەرخیان دەداو بەرەولای تەپۆلكەكەی دەوروبەری باخچە چنارەكە دەچوون. ڕوخساری قوربان عەلی، بە چەناگەی درێژو چاوی گەورەو ڕەشەوە، لێوەكانی كە خۆڵ و بای دەشتێ تیك تیكی كردبوون، لەبیری ئازارێكی قوڵدابوو. ئەگەر لە گوندی مابایەوە…
… نیگای كەوتەسەر مام مراد كە لەسەر تاتەبەردێك دانیشتبوو سیگارێكی دەپێچایەوە. سەگەل لەدەوروبەری كلكەسووتەیان دەكرد. هەتاو ڕەنگی ڕوخساری وهكو تریاكی سووتاو لێكردبوو. دەماری دەستی دەرپەڕیبوون، وەك ئەو زەویەی هیچی لێ نەڕوێ، دڵی بنیادەمی تەنگ دەكرد. لووتیشی وەكو لاقی ئەو باڵندەیە دەچوو، كە لەبەرزگیدا نووشتاندبێتیەوە. حاڵەتێكی خەمناكی هەبوو. ئەویش ئەگەر لێرەمابایەوە وەكو مامە كەنەفت و بێچارە دەبوو.
ئاغای وەبیرهاتەوە كە بەو ورگە زلەوە كە دەتگوت مانگای ئاوسەو چاویلكەیەكی ڕەشی لە چاوە كوێرەمووشەكەی كردوەو قیت و قنج لەپشتی ماشێنە شینەكەی دادەنیشێت و بەسەرخەڵكەكەدا دەینەڕاند. تا ئێستا هێندە ڕقی لە ئاغا نەببۆوە. ئەگەر دەستی دەگەیشتێ گەرووی بادەدا وەك ئەوەی مریشكێك كەوتبێتە بەردەمی ڕێوی و بێهودە دەست و پێ ڕاوەشێنێ.
قوربان عەلی دوێشەو نەخەوتبوو. ئەو ماوەیەش كە بەخەبەر بوو دهگریاو لەناو جێگاكەیدا هەرگینگڵی دەدا. هێندە دڵتەنگ و نیگەران بوو، هەستی بە ئازاری ئەو كێچ و ئەسپێیانە نەدەكرد، ئەو مشكانەش كە جرت و فرتیان بوو، گڵی دیوارەكەیان دەقرتاند. باقیەكەشی خەونی سەیروسەمەرەی دیتن، ئەو خەونانەی كە دەیان ترساند یان ئومێدیان پێدەبەخشی و دڵیان سووك دەكرد. لە خەونیدا دیتی برایمی هاوڕێی چۆتە شارو دەخوێنێ، ئەویش لە داوێنی كێوێك، لەكاتی دار كۆكردنەوەدا چەند گورگێك هێرشی بۆ دەبەن. گورگەكان بە دەوروبەریدا دەخولێنەوەو ددانیان لێ گڕ دەكرد. دوای ئەو خەوە، خەونی دیت كە ئۆتۆمبێلهكهی ئاغا لە كاتێكدا كۆمایەك تەپ و تۆزی لەدوای خۆی بەجێ دەهێشت، دەهاتە ئاوایی ئەویش لە شوێنێكی لاچەپ خۆی پەنادەداو بە بەرد شووشەی پێشەوەی ئۆتۆمبێلهكهی وردووخاش دەكردو تێی دەتەقاند.
قوربان عەلی لەوبیرانەدابوو، گۆچانەكەی تاودایهو چووەلای چەندمەڕێك كە چووبوونە ناو گەنمی مەشەدی ڕەحمەت. مەڕەكانی بە هۆهۆوە بەرەولای مێگەلەكە دەرپەڕاندن و چۆوەلای مام مراد كە جگەرەی دەكێشاو لە ئاسۆی دەڕوانی. خۆر هەڵكشا بوو ڕوخساری گەش بوو. گەنمەكان كەروێشكەیان دەكرد، سوێسكەیەكیش دەیخوێند. با، پەڵە هەورێكی بەرەو باكوور دەبرد. مام مراد وەكو پیرە دارچەقالەیەكی ئاخری پایز، مات و پەرێشان لەسەر تاتەبەردێك دانیشتبوو، نارەناری دەكرد. مامە دەنگێكی دڵگیرو خۆشی هەبوو. هەركاتێك خۆشحاڵ دەبوو، یان كەمێك دڵتەنگ دەبوو تێی هەڵدەكرد. كاتێك گۆرانی دەگوت، دەتگوت دەنگی شەقەی شاباڵی ڕیشۆڵەیە، كە پایزان كۆچ دەكەن و بەرەو گەرمەسێر دەڕۆن. مرۆڤ هەستی بە غەریبی دەكرد.
مامە سەرنجی لە ئاسۆ بڕی و گوتی: - ئەمڕۆ دڵم زۆر تەنگە.
قوربان عەلی هەناسەیەكی هەڵكێشاو گوتی: - خوانەكا…. بۆچی؟!
مامە بەردێكی تاودایەو هاویشتییە بزنێك كە چووبووە ناو شیناوەردی خەڵكیەوە. دانیشت و گوتی: - یەك دوورۆژە موجتەبای كوڕم زگچوونییەتی، دوێنێ چوومەلای ئاغاو گوتم نۆكەرێكی تۆم هەیەو نەخۆشە، زگچوونییەتی، خێرت دەگاتێ سی چل تمەنێكم بدەیەی دەیبەمە لای دكتۆر. نووسرەتی كوڕم ئامادەیە مێگەلەكە لە جیاتی من بلەوەڕێنێ، حاڵی زۆرخراپە… گوتی هیچ نییە، چاك دەبێتەوە… ئیشەكەت بەجێ مەهێڵە. نووسرەت دەست و پێ سپییە… دڵم ئاوێ ناخواتەوە ئاگای لە مێگەلەكەبێ. هێندەی تكاو پاڕانەوەم كرد گوێی لێ نەبوو ئاخرەكەی تووڕەبوو دووسێ جنێوی تەڕوپاراویشی پێدام. منداڵی خۆی هەر سەرمای بێ دەیباتە تارانێ، بەڵام منداڵی من مرۆڤ نییە! بە ئەندازەی مەرێك لەلای ئەو گرنگی نییە! هەر مەڕێكی نەخۆش بكەوێ بیست دكتۆری بۆ دێنێ!