بوعزیزی

حەمەسەعید حەسەن

موحەممەد بوعزیزی (١٩٨٤ – ٢٠١١) گەنجێکی تونسی بوو، فرۆشیارێکی گەڕۆک بوو، سەوزە و میوەی دەفرۆشت. پۆلیسێکی ژن دەست بەسەر عەرەبانەکەیدا دەگرێت، زلـلەیەکی توندی لێ دەدات و پێی دەڵێت: ئێرە جێ بهێڵە! کە بە عەرەبی دەبێتە إرحل. بوعزیزی لە ١٧ی دێسەمبەری ٢٠١٠ دا، لەبەردەم باڵاخانەی والیی شاری (سیدی بوزید)دا، وەک پرۆتێست ئاگر بەر دەداتە جەستەی خۆی و دوای هەژدە ڕۆژ لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ دا، گیان لە دەست دەدات. ئەو ئیرحەلە دەبێت، بە دروشمی شۆڕش و مانگێک بەسەر زلـلەکەدا تێناپەڕێت، لە ١٤ی ١ی ٢٠١١دا، سەرۆکی وڵات بە نهێنی بۆ سعوودستان هەڵدێت.

بوعزیزی کە هێندە ڕۆحسووک بوو، لە خۆشەویستیدا بە بەسبووسە بانگیان دەکرد، هەر لە دە ساڵییەوە دەستی دابووە ئیش، مانگانە لە دووسەد دۆلار کەمتری دەست دەکەوت، خیزانێکی پێ بەخێو دەکرد کە یەکێکیان خاوەن پێداویستیی تایبەت بوو. بوعزیزی کە بەبەر چاوی خەڵکەوە زلـلەیەکەی لێ درابوو، هێندە بە خۆیدا شکابووەوە، شکۆی ئەوەندە بریندار بووبوو، لە شەرماندا دابوویە پڕمەی گریان و گوتبووی خۆم دەسووتێنم، هەر وایشی کرد.

دوای بوعزیزی، خۆسووتاندن لە حاڵەتەوە وەک دیاردەی لێ هات، لە مەغریب، جەزائیر، میسر، مۆریتانیا و سوودانێش چەندان گەنج خۆیان سووتاند. (شانازی بە کوڕەکەمەوە دەکەم، گەندەڵکاری و ستەمی ڕسوا کرد و بوو بە هەوێنی شۆڕش و گۆڕانکاری.) دایکی بوعزیزی وای گوتبوو.

پیاوانی ئایین لەبری ئەوەی بەگژ ستەم و گەندەڵکاریدا بچنەوە، لە دژی خۆبەختکردووان، ئەوانەی جەستەی خۆیان کردبووە چیلکە و چەوێلی ئاگری شۆڕش، هاتنە قسە و بە زەندیقیان لە قەڵەم دان. گوتیان: بە حوکمی شەرع، خۆکوشتن حەرامە بەڵام نەیانگوت: بە حوکمی شەرع، ستەم و گەندەڵکاری حەرامن. قەرزاوی گوتی: با هەموومان بۆ ئەو گەنجانەی خۆیان سووتاندووە، لە خودا بپاڕێینەوە، بەڵکوو لێیان خۆش ببێت، بەڵام توخنی گەندەڵکاری، بێکاری، ستەمکاری و هەژاری نەکەوت.

پیاوانی ئایین گوتیان، چونکە لەوپەڕی تووڕەیی و هەڵچووندا خۆیان دەسووتێین، ڕەنگە خوا لێیان خۆش ببێت، وەک چۆن تەڵاق ئەگەر بەدەم هەڵچوونەوە بدرێت، ناکەوێت. ئەوە کێشەی پیاوانی ئایین نییە، خەڵک لەم دنیا چۆن دەژین، گرنگ ئەوەیە تووشی عەزابی قەبر و ئاگری دۆزەخ نەبن.

دوو دەوڵەمەندی کەنداو، ویستیان عەرەبانەکەی بوعزیزی بە پارەیەکی زۆر بکڕن، براکەی نەیفرۆشت و گوتی: دەبێت وەک یادگارییەکی هێژا، لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شاردا دابنرێت. ئامال ئەلمەسلووسی کە سترانبێژێکی تونسییە، گۆرانییەکی بۆ بوعزیزی گوت، لە پاریس پەیکەرێکی بۆ چێ کرا و خەڵاتی (زەخارۆف)یشی بۆ ئازادیی فیکر، وەرگرت.

ئەو بەسەرهاتانە زۆر لەمێژ نییە ڕوویان داوە، با دەسەڵاتداران لە هەر جێیەک هەن، خاترجەم بن، حوکمڕانی بە ستەم و گەندەڵکاری بەڕێوە ناچێت و داهاتووی هیچ دیکتاتۆرێکی گەندەڵکار، لە چارەنووسی چاوچیسکۆ، سەددام حوسەین، زەین ئەلعابیدین، موبارەک و قەززافی ڕۆشنتر نابێت.

ھەواڵی زیاتر