تەڵە

بەشی دووەم و كۆتایی

(تفەنگێكی بەهەواوە دەنێم، وایان دەترسێنم زراویان بچێ‌) بەڵام منداڵەكان نەهاتنە نێو بێستانی. پاش ماوەیەك دەنگی فیتووە كانیشیان نەما. كوریژگەكان بەو دەنگە ناسكەیان، كە زۆر وەك دەنگی كچان دەچوو، بەگەمە كردنەوە تێپەڕین و بە پێكەنینەوە ڕۆیشتن. (دەبێ بەو لایدا نەیەنەوە نێوبێستانی!)
دەنگی فیتووەكان دووبارە بیسترایەوە. دەنگەكە لە لای گردی (پوورتەجیك) ڕادەهات. (ڕەنگە بچنە ئاغەڵە مەڕەكان!) ئاغەڵەكانیش لەلای ئەوێ‌ بوون. برایم گوتی:
-دەچنە لای ئاغەڵەكان.
تفەنگەكەی لەسەر عەرزی دانا. (گوناهیانم وەئەستۆ گرتووە… دوو بەرخۆلە… بەڵام منیش هەقم هەیە. چووزانم دێنە نێوبێستانی یان نا؟) لێی نووست. (هەرچۆنێك بێ تەڵەكەم داناوەتەوە.)
خەو ئەوەندە شیرین و خۆشبوو كە…
ئەو منداڵانەی بەرەو لای (پوورتەجیك) دەڕۆیشتن، لەوێ‌ لە داوێنی كێوی لەبن دارسەروویەك، یارییان دەكرد. پاشان تەماشای مانگیان كرد كە لە پشت كێوێكی دوور هەڵدەكشا. مانگ ڕاست بە خەرمانێكی زەرد دەچوو، كە لە قوڵایی ئاسمانەوە بە سەنگینی تلی دەخوارد. یەكێك لە منداڵەكان بەوەی دیكەیانی گوت:
-نووستووە.
-كەوایە زووبە.
هەردووكیان تەماشای خوارێیان كرد.
-بەلای دڕووەڵانەكاندا شۆڕ دەبینەوە. باشە؟
-هەردەبێ وابێ.
هەردووكیان كاڵەیان لەپێدابوو. دەستبەجێ‌ ڕاستبوونەوە و بێ هەراو قڕەقڕ پێیان لەسەر بەرداندادەنا و دەچوونە پێش، كاڵەكانیشیان نوێ‌ بوون.
-ئەمن دوو دانان لێدەكەمەوە.
-ئەمن سێیان.
-چەقۆشمان پێیە. لە پەنا گابەردێك دادەنیشین و دەیخۆین. باشە؟
-ئەمن كاڵەكی كاڵم زۆر پێخۆشەو كەیفم پێدێتێ‌.
-زۆر بەتامە… وەك تەرزە وایە! زۆرم پێخۆشە…
-وەختێك دەزاری داوێم، دڵم نایە قووتیدەم. پێمخۆشە هەر دەزارمدابێ.
-بابم دەڵێ‌ هەموو كەس ناتوانێ‌ بێستانی ڕەنێو بێنێ‌. بێستان شتێك نییە هەموو كەس ڕەنێوی بێنێ. بابم وای دەگوت.
-بابم ساڵی داهاتوو دوو دۆنمان دەكات. دەڵێ‌ كێڵاومەو دەیچێنم.
-بابی منیش وادەڵێ‌ بەڵام نایكات. هەمیشە لە بیرخۆی دەباتەوە.
-لە گوندی (تەكیرلەر) هەموویان دەیكەن. برایم تۆوی ئەوانەی لەوێڕا هێناوە. كاتێك برایم خەریكی چاندیان بوو، ئەمن دیتم. پێتوایە تۆوەكانیان چۆن بن؟ چكۆڵە چكۆڵەن. ئی شووتیان ڕەشن… دەزانی پێمخۆشە بابم یەك دۆنم زەوی بكاتە بێستان.ه‌دوو دۆنم، دە دۆنمی بكات. لە نێوەڕاستی بێستانیش كەپرێكی دروست بكاو منیش بچم ئێشكی لێبگرم. وەختی ئێشكگرتنیش هەموو ڕۆژێ‌ یەك كاڵەكی بخۆم.
-ئەمنیش.
-ئەمن كاڵەكی كاڵم زۆر پێخۆشە، ئەوەندە بەتامە هەر…
مانگ بە ئاسمانەوە دەدرەوشایەوە. ئەستێرەكان دوور بوون. جڕوجانەوەر لە ناو دڵی شەودا وەدەنگ هاتن. لە دووریڕا سەگوەڕو لوورەی چەقەڵان دەهات. دەنگی هۆهۆی شوانان دەهات و هات و هاواریان دەنگی دەدایەوە. دوو هاوڕێ‌ بەدەنگە ناسكەكەیان و بە چپەچپ گەیشتنە بێستانی. تریفەی مانگ لە كاڵەكە كرچ و كاڵەكانی دابوو، كە بەقەد سەری منداڵێكی ساوا دەبوون. ڕاوەستان و گوێیان هەڵخست.
هیچ جووڵەو سەروسەدایەك لە كەپرەكەوە نەدەبیسترا. خۆیان درێژكرد. چوار دەست و پێ بەرەوكاڵەكەكان دەخزین. بەنێو بڕكە شووتییەكاندا تێپەڕین و خۆیان گەیاندە كاڵەكەكان.
گەڵای كاڵەكەكان پانتر بوو. هەریەكەو دوو دانەیان لێكردنەوەو دوور كەوتنەوە. غاریاندا بێئەوەی ئاوڕ بدەنەوە. كاتێك گەیشتنە زەوییە كێڵدراوەكە، ڕاوەستان. مانگ بە تەواوی هەڵكشابوو… برایم نووستبوو، چەقۆیان دەرهێناو كاڵەكەكانیان قاشكرد.
-ئەوەندەم پێخۆشن.!
-تەماشای ئەوەی بكە… ها قاشێكی.
-دەزانی بەتامترین شت لە دنیادا چییە؟
-ئەتۆ دەزانی؟
-چییە؟
-كاڵەك!
لە شەوی سارد دا، دنیا فراوانە، كێوەكان رەزا قورسن و خاك نەرمە. قوڵایی ئاسمان بە مانگ و ئەستێرە كانییەوە ئەو دەشتەیان گەمارۆ دابوو. هەردووك كاڵەكەكەیان خواردو توێكڵەكەیان لەبن عەرزدا شاردەوە. كاڵەكەكان زوو خەلاسبوون، زگیان تێر ببوو بەڵام… هێشتاش هەر حەزیان لە كاڵەك بوو.
دەگەڕانەوەو تەماشای بێستانیان دەكرد.
-دەزانی ئەمن دەڵێم چی؟
-دەڵێی چی؟
-دەڵێم ئەوجاریش بچین لێبكەینەوەو لەبن دڕوویەكدا بیانشارینەوەو دوایە بیانخۆین.
-باش نییە؟
-باشە.
هەستان و بە بێدەنگی بەرەو لای بێستانی وەڕێكەوتن. بەبێ هەستی لە جێگایەك ڕاكشان. چوار دەست و پێ لە بڕكەكان نزیك بوونەوە. كاڵەكەكان لەبەر تریفەی مانگەشەودا بەجوانی دەبینران. توێكڵی یەك بە یەكی كاڵەكە كان دەبریسكانەوە. دەست بەجێ‌ دەستیانكرد بەلێكردنەوە، تا ئەو شوێنەی دەستیان وێڕا دەگەیشت لێیان كردەوە. بەدوو و سێیان ڕازی نەبوون. دڵیان ئاوی نەدەخواردەوە. لە حەسوودیان لەو بڕكەوە بازیاندەدا بۆ بن بڕكێكی دیكە. هەوڵیاندەدا زۆران لێوەكەن. لە ناكاو دەنگێك بێدەنگی شەوی شڵەقاند. (تەق!تەق!) شتێك وەعەرزی كەوت و كپ بوو، گۆیا یەكێك یەك دوو جاران ناڵاندوو یەتی (ئای!ئای!) پاشان دەتگوت خنكاوەو هەستی لێبڕاوە.
برایم وەخەبەرهات. دەست بەجێ‌ تفەنگەكەی تاودایە.

  • غەڵەت دەكەی ورچە…
    برایم گوێ‌ قوڵاخ ڕاوەستا. لە لایەكی بێستانی منداڵێك لە شوێنی خۆی وشك ببوو. بەبێ ئەوەی ورتەیەكی لەدەم بێتەدەرێ‌، هەناسە بڕكەی وێكەوتبوو. نەیدەزانی دەبێ چبكا. هاوڕێكەشی جوابی نەبوو، لەسەرەخۆ بانگی كرد:
  • دۆغان… هۆی ی ی دۆغان!
    بەڵام دۆغان گوێی لێنەبوو. چۆن دەیتوانی گوێی لێبێ.!
    ئەو منداڵە لە شوێنی خۆی ڕەق ڕاوەستابوو، هەركە دیتی برایم لە هەرزاڵەكە هاتە خوار، لە جێی خۆی دەرپەڕی و بەرەو دێ‌ غاریدا. بەتەواوی هێزیەوە دەخۆی دەنووسا. برایم كە ڕەشایی منداڵەكەی چاو پێكەوت، وەبەر جنێوانیدا.
  • نەڕۆی سەگباب… نەڕۆی… كەواتە تەڵەكە بە بێهوودە دانراوەتەوەو هیچی پێوە نەبووە.
    برایم ئەو تفەنگەی كە بەدەستییەوەبوو، بەرەو لای منداڵەكەی وەرسووڕاندو تفەنگێكی پێوەنا.
    لە یەك لەحزەدا، گڕێك لە لوولەی تفەنگەكە هاتە دەرو كوژایەوە. ساچمەكان بە ویزەویز لە لوولەی تفەنگەكە هاتنەدەر.
  • ئەوجار چاك خۆت دەرباز كرد، بەڵام ئەگەر جارێكی دیكە لەو دەورو بەرە خۆت دەرخەی، كارێكی وات بەسەردێنم، دایكت سەرت بۆ لە قوڕێنێ‌.
    دەبوو دووبارە تەڵەكە دابنێتەوە. گەڕایەوە لای تەڵەكە…. مانگ لەپشت كێوی (پوورتەجیك)ەوە، دەركەوتبوو و تیشكی زێڕینی بڵاوكردبۆوە. بە پرتەو بۆڵە بۆلای تەڵەكە چوو. (دەبێ دووبارە بیكەمەوەو داینێمەوە.)
    لە ناكاو چاوی بەسیپاڵێك كەوت، كە وەكو بووخچەیەك دەچوو لە ناو تەڵەكە دابوو. مووی لەشی ڕاست بوونەوە، بەڵام سەیربوو زوو بەسەریدا تێپەڕی. نووكە پێیەكی گەیاندێ‌. لە شوێنی خۆی نەجوڵا. (هم تووڵەیە. تووڵەیەكی بچكۆلە .هاوار بەحاڵت)
    لەجێی خۆی نەجوولا.
    -مردووە، دەستبەجێ مردووە. تەنانەت یەك خوله‌كیش خۆی لەبەر ڕانەگرتووە.
    تفەنگەكەی بۆسەر تەڵەكە شۆڕكردەوە و زمانەكەی كردەوە، منداڵەكەی لە تەڵەكە كردەوە.
    تەڵەكە لە لای ڕاستی كەمەریەوە، تا شانی چەپی منداڵەكەی قەڵاشتبوو. ملی دەتگوت لێبۆتەوە، سەری بۆ عەرزی لارببووەوە. لاشەكەی لەنێو بێستانی هێنادەر. لەكاتی هەڵگێرو وەرگێڕكردنی لاشەكەدا، تەواوی دەستەكانی خوێناوی ببوون. مشتێ‌ خۆڵی هەڵگرت و دەستەكانی پێ ئیشك كردنەوە. ئیدی كارێكی نەمابوو ئەنجامی بدات.
    (با ڕۆژبێتەوە.)
    ئەگەر ڕۆژ بووباوە، ئاشكرا دەبوو كێیە و چ كارە بووە. بەرەولای كەپرەكە وەڕێكەوت. لەنێو جێگاكەیدا ڕاكشا. لە ئەستێرەكانی ژوور سەریەوە ڕاما. تەماشای مانگی كرد. هەم مانگ و هەم ئەستێرەكان دەدرەوشانەوە. بەڵام برایم قوول، ئارام و قەراری لێهەڵگیرابوو. ئاگرێك دەروونی دەسووتاند.
    (ئەوە كێیە؟)
    دەرپەڕی و لە كەپرەكەخۆی هاویشتەخوارو گوتی:
  • با دەم و چاوی ببینم.
    گەیشتە سەر لاشەكە ڕووی بەرەو مانگ وەرسووڕاند. بەسەرنجەوە لە ڕووخسای منداڵەكەوە ڕاما.
    دۆغان كوڕی یاقووبی پایتی. وەی دۆغانی یاقووبی وای… وەلەرزین كەوت.
  • بەستەزمانە دەنگیشی چەند خۆشبوو. وای!
    دەستێكی بەدەم و چاوی منداڵەكەدا هێنا. منداڵەكە مردبوو، دەم و چاویشی سارد ببوونەوە. تفەنگەكەی تاو دایەو بەرەو ئاوایی غاریدا.
  • * *
    سەرچاوە: مجلە (ادبیات داستانی) شمارە 113 سال 1398
ھەواڵی زیاتر