چەند ســــــــــــەرنجێکی کورت دەربارەی خوێنەری ڕاستەقینە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

فرانتز کافکا گوتەیەکی گەلێک سەرنجڕاکێشی هەیە سەبارەت بە خوێندنەوە و ئەو دەڵێت “ئەگەر ئەو کتێبەی دەیخوێنینەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان بێدارمان نەکاتەوە، کەواتە ئیدی بۆچی بیخوێنینەوە؟ ئەو کتێبانەشی دڵخۆشمان دەکەن، ئەوە جۆرێکە لە فریودان.” خوێندنەوە هەوڵێکە بۆ بێداربوونەوە، نەک وەستان لە جێگەیەکدا، یان جۆرێک لە سەرقاڵی و چێژپەرستی. ئەگەر لە دوای خوێندنەوەی چەند کتێبێک جۆرێک لە گۆڕانکاریی لە گووتە و هەڵسوکەوت و دونیابینیماندا دروست نەبوو، ئەوە نیشانەی ئەوەیە بە دروستی نەمانخوێندووەتەوە، یان کتێبی هەڵەمان خوێندووەتەوە، یاخود تەنها بەدوای چێژەوە بووین.

زۆرجار و لەزۆر بۆنەی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییدا ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە بوومەتەوە کە چۆن دەبینە خوێنەرێکی ڕاستەقینە؟ یان خوێنەری ڕاستەقینە کێیە؟ چۆن ببینە خوێنەرێک کە سوودی مەعریفی وەربگرین؟ بێگومان ئەم پرسیارانە هەمیشە گرنگی خۆیان هەیە. ئەوەی پرسیار دەکات هەمیشە خوێنەری وشیارە، چونکە کەڵکەڵەی دەستکەوتنی وەڵامی هەیە. سەرەتا گرنگە ئەوە بزانین خوێندنەوە کۆمەڵێک قۆناغ و هەلومەرجی تایبەتی هەیە و بۆ هەر خوێنەرێکیش ئەم قۆناغ و هەلومەرجانە جیاوازییان هەیە و مەرج نییە لێکچوونی زۆر لەنێوانیاندا بێت. هەروەها مەرج نییە ئەو کتێبەی بۆ خوێنەرێک گرنگ و جێگەی سەرنجە، مەرج نییە بۆ هاوڕێکەیشی بەهەمانشێوە بکەوێتەوە، چونکە خوێندنەوە پەیوەندی بە حەز و خولیای کەسەکانەوە هەیە، لەگەڵ تایبەتمەندی ئەو جێگە و شوێن و ژینگەیەی تێیدا پەروەردەبوون.
لێرەوەیە کە پۆلێنکردنی خوێنەران گەلێک سەختە، چونکە خوێنەران هەریەکەیان خاوەنی خولیا و حەز و خەونی جیاوازن، بۆیە ناکرێت بۆ وەڵامی پرسیارەکەی سەرەوە هەوڵی گشتاندنی تەنها وەڵامێک بدەین. بەڵام دەشێ وەڵامێکی گشتی لە ناوکۆییەکی (سیاق) گشتیدا بۆ بەرچاوڕوونی بخەینەڕوو. سەرەتا دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە هەندێک خوێنەر لەنێو کتێبەکاندا تەنها بەدوای چێژەوەیە و هیچ حەز و خولیایەکی دیکەی لە کتێب ناوێت و داواکاری نییە، بۆیە هەر کتێبێک چێژدار نەبێت لای ئەو کتێبێکی باش نییە. جۆرێک خوێنەری دیکە هەیە کە جگە لە چێژ بەدوای مەعریفەشەوەیە و ئەم جۆرە لە خوێنەر دەشێ بچێتە نێو ڕیزی خوێنەرانی ئاساییەوە. بەڵام جۆرێکی دیکە لە خوێنەر هەیە تەنها بۆ گەڕان بەدوای مەعریفەدا دەخوێنێتەوە ئەم جۆرەیان دەشێ بە خوێنەری ڕاستەقینەی ناوی بەرین. بەڵام هەموو خوێنەرێک بە هەرسێ قۆناغەکەدا تێدەپەڕێت و ئاساییە هەر خوێنەرێک بەو قۆناغانەدا بڕوات، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە کە خوێنەرێک بۆ هەمیشەیی لە دوو قۆناغی یەکەمدا بمێنێتەوە، چونکە گرنگە خوێنەر بەپێی ساڵەکان و هەڵکشانی تەمەنی داخوازی لە کتێبەکان زیاتر بێت و بەدوای شتی دیکەدا بگەڕێت، نەک هەمیشە خوێنەرێک چێژگەرا بێت. ئەو خوێنەرەی هەمیشە بەدوای چێژەوە بێت خوێنەرێکی ڕاستەقینە نییە. هەموو خوێنەرێک ئەوکاتە دەبێتە خوێنەرێکی ڕاستەقینە، کە لە خوێنەری چێژگەراوە بپەڕێتەوە بۆ خوێنەرێک، کە کەڵکەڵەی مەعریفی هەبێت و بەدوای پرسیارە مەعریفییەکانییەوە بێت.
عەلی حوسێن لە کتێبی “کەمەندکێشییەکانی خوێندنەوە”دا کە سەباح ئیسماعیل کردوویەتی بە کوردی باس لە ئامۆژگارییەکی عەبدولڕەحمان مونیف دەکات کە جارێک پێی وتووە “تەنیا لەپێناو چێژدا مەخوێنەوە، وێڕای گرنگییەکەی، بخوێنەوە لە پێناو ئەوەی پتر لە ژیانێک بژیت.” لێرەوە تێدەگەین خوێندنەوە کردەیەکە زیاتر لەوەی تەنها بۆ چێژ بێت، چونکە ئەوانەی تەنها بۆ چێژ دەخوێننەوە خوێنەری کاتین و هەرکات شتێکی دیکە چێژی زیاتری پێدان ئیدی واز لە خوێندنەوە دەهێنن. خوێندنەوە بۆ ئەزموونکردنی پتر لە ژیانێک و ئاشنابوونە بە هونەرەکانی ژیانکردن. بۆیە خوێنەرە ڕاستەقینەکان خوێنەری چێژگەرا نین، بەڵکو خوێنەری سەوداسەری مەعریفە و ئەزموونکردنی ژیانی دیکەن.

ھەواڵی زیاتر