یەکسانی کۆمەڵایەتی

دانـا شوانی – هه‌ولێر

یەکسانی کۆمەڵایەتی (Social Equality) ئه‌و دۆخه‌یه‌ کە هەموو تاکەکان لەناو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا ماف و ئازادی و پێگەیه‌كی یەکسانیان هەیە، ئه‌م یه‌كسانییه‌ش له‌ بواره‌كانی مافە مەدەنییەکان، ئازادی ڕادەربڕین، سەربەخۆیی و دەستڕاگەیشتن بە هەندێک کاڵای گشتی و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی له‌ خۆده‌گرێت. بۆ ئه‌وه‌ی یەکسانی کۆمەڵایەتی ده‌سته‌به‌ر بكرێت، پێویست به‌ ڕه‌چاوكردنی باری چینی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ناكات، به‌ تایبه‌ت له‌ به‌رامبه‌ر یاساكان، هه‌مووان ده‌بێت یه‌كسان بن. بۆ نموونە داکۆکیکارانی یەکسانی کۆمەڵایەتی باوەڕیان بە یەکسانی لەبەردەم یاسادا هەیە بۆ هەموو تاکەکان بەبێ گوێدانە ڕەگەز، نه‌ژاد، نەتەوە، تەمەن، بنەچە، کاست یان چین، داهات یان موڵک، زمان، ئایین، بۆچوون، باری تەندروستی. یەکسانی کۆمەڵایەتی پەیوەندی بە دەرفەتی یەکسان بۆ هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هەیە.

یەکسانی کۆمەڵایەتی بە شێوەی جۆراوجۆر لە لایەن قوتابخانە جیاوازەکانی بیری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ پێناسە و پێوانە دەکرێت كه‌ له‌ خۆگری یەکسانیی دەسەڵات، ماف، کاڵا، دەرفەت، توانا…هتد. هەروەها ڕەنگە بە بەراورد لەگەڵ یەکسانی دابەشکردن، پێکهاتەی دەسەڵات لە نێوان تاکەکاندا، یان دادپەروەری و یەکسانیی سیاسی پێناسە بکرێت. ئەو کۆمەڵگایانەی کە له ڕووی یەکسانی کۆمەڵایەتییه‌وه‌ بەرەوپێش ده‌چن بە شێوه‌یه‌كی گشتی جیاوازی لە پلە یان چینی کۆمەڵایەتی ناکەن و پەیوەندی نێوان کەسەکان لە ژێر سیستەمێکی یەکسانی کۆمەڵایەتییدا لەسەر ڕێزگرتنی یەکتر و بەهای یەکسان بیناكراوه‌ نەک پلەبەندی یان چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. زۆربه‌ی ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان لە بیرۆکەکانی یەکسانی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرن، لەوانە کۆمۆنیزم، ئەنارشیزم، فرەکلتووری، کۆماریخوازی، دیموکراسی، سۆشیالیزم و سۆشیال دیموکراسی. داکۆکیکردن لە یەکسانی کۆمەڵایەتی، یەکسانیخوازییە. یەکسانی کۆمەڵایەتی لە کەمکردنەوەی ئازارەکانی نه‌دار و بەدبەختەکان لە کۆمەڵگادا جیاوازە. دەربڕینی ئەو ئایدیاڵە کە هەر دوو تاکێک لە کۆمەڵگادا بە ئاستێکی یەکسان لە ڕێزگرتن مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و مافی یەکسانیان هەبێت بۆ بەشداریکردن لە کۆمەڵگادا بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی یان پلەبەندی.
زۆرجار یەکسانی کۆمەڵایەتی ندییان بە یەکەوە هەیە لەناو کۆمەڵگایەکی دیاریكراو، هەرچەندە دەتوانرێت لە کارلێکەکانی نێوان کۆمەڵگاکانیشدا لەبەرچاو بگیردرێت. ڕەنگە پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان دەوڵەتەکان یان هاووڵاتییانیاندا دروست ببن ئه‌و كاته‌ی جیاوازی دەسەڵات لە نێوانیاندا هەبێت، بەتایبەتی لە چوارچێوەی جیهانگیرییدا. ئەم جیاوازییانە زۆرجار لە جۆر و هەروەها لە ڕووی پانتاییشەوە جیاوازن، چوونهکە هاووڵاتییان لە ناوچه‌ جیاوازەکاندا، کۆمەڵگەیەکی هاوبەش یان ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی هاوبەشیان نییە. لەگەڵ به‌ره‌وپێشچوونه‌كان لە پرسی یەکسانی کۆمەڵایەتییدا، چ لە ئاستی نێودەوڵەتی و چ لەناو کۆمەڵگایەکدا، مەودای یەکسانی کۆمەڵایەتی فراوانتر دەبێت ئه‌ویش به‌ دەرکەوتنی فۆرمە تازه‌كانی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ئەگەری خستنه‌ڕووی چارەسەری نوێ.
تێگه‌یشتنه‌ سەرەتاییەکانی یەکسانی کۆمەڵایەتی لە فەلسەفەی یۆنانی کۆن به‌ ڕوونی دەردەکەوێ. فەیلەسوفە ستۆیکییەکان Stoic پێیانوابوو عەقڵی مرۆڤ گشتگیرە. ئەفلاتوون لە کاتی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکدا لە كتێبی (کۆمار)ـدا چییه‌تی و سرو وشتەکانی یەکسانی لەبەرچاو گرتووه‌، هەم یەکسانی ڕه‌به‌نی monastic و هەم یەکسانی لە خراپەکاریدا depravity لەخۆدەگرت. هەروەها ئەرستۆ په‌ره‌ی به‌ تێگه‌یشتنێكی دیاریكراو سه‌باره‌ت به‌ یەکسانی دا، بەتایبەتی سەبارەت بە هاووڵاتی، هەرچەندە چەمکی یەکسانی کۆمەڵایەتی هه‌مه‌گیری ڕه‌تكردۆته‌وه‌ ئه‌وه‌ش زیاتر لە بەرژەوەندی پلەبەندی کۆمەڵایەتییدایه‌. یەکسانی کۆمەڵایەتی وەک تووخمێکی پراکتیکیی کۆمەڵگا لە ئەوروپا لە سەردەمی چاکسازیدا پەرەی سەند کە تێیدا پلەبەندییە ئایینییە نەریتییەکان بەرەوڕووی ئاڵ نگاری بوونه‌وه‌. پەرەسەندنی فەلسەفەی سیاسیی دوای چاکسازی، بناغەیەکی سیكۆلاری بۆ یەکسانی کۆمەڵایەتی ده‌سته‌به‌ر کرد و زانستی سیاسی، سیستەمێكی ئەزموونی بۆ شیکردنەوەی یەکسانی کۆمەڵایەتی لە پراکتیکدا بیناكرد.
چەمکی یەکسانی کۆمەڵایەتی لە سەدەی بیستەمدا لەلایەن فەیلەسوفە سیاسییەکانی وەک جۆن ڕاوڵز، ڕۆناڵد دۆرکین و ئامارتیا سێن پەرەی پێدراوە، ڕاوڵز لە ڕێگەی بنه‌ما به‌راییه‌كانی وەک ئازادی، دەرفەت، ڕێز و سامانەوە یەکسانی كۆمه‌ڵایه‌تی پێناسە دەکات. دۆرکین چەمکی بەرپرسیارێتی لە ڕه‌وتی ڕاوڵزدا جێگیر کرد و وتی تاکەکان بە شێوەیەکی كه‌سییانه‌ بەرپرسیارن لە بڕیارە خۆبەخشییەکان، بەڵام بەهرە سروشتییەکان لێی بەرپرسیار نیین. سێن پێوانەکردنی سەرچاوەکانی ڕاوڵزی ڕەتکردەوە. ڕۆبێرت نۆزیک بە ڕەتکردنەوەی چەمکی یەکسانی کۆمەڵایەتی ڕاوڵز ناسراوە و پێیوایه‌ ئەو تاکەی ڕۆڵی له‌ به‌رهه‌مهێنانی سەرچاوەیەکدا هه‌بێت هه‌موو مافێكی هەیە، تەنانەت ئەگەر ئەمە ئەنجامێکی نایەکسانیش بەرهەمبهێنێت.
یەکسانی کۆمەڵایەتی تووخمێکی سەرەکی یەکسانییە بۆ هەر گرووپێک لە کۆمەڵگادا. یەکسانی جێندەری، یەکسانی کۆمەڵایەتی لە نێوان ژن و پیاو دەگرێتەوە. هەوڵدەدات زیانەکانی پێگەی کۆمەڵایەتی کە بەهۆی ڕه‌گه‌زی بایۆلۆژییەوە دروست دەبێت و هەروەها ئەو نایەکسانیانەی کە بەهۆی ڕۆڵی ڕەگەزییەوە دروست دەبن، ڕاست بکاتەوە. لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر زیانیان پێدەگات بەهۆی نەبوونی یەکسانی جێندەریییه‌وه‌، کە لە ئەنجامدا مەترسی هەژاری زیاتر ده‌كات. یەکسانی ڕەگەزی و یەکسانی ئیتنیكی بریتییە لە یەکسانی کۆمەڵایەتی نێوان ڕەگەز و ڕەچەڵەک و نەتەوەیی جیاواز. هەروەها دەکرێ یەکسانی کۆمەڵایەتی بۆ بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیاش بەکاربهێنرێت، لەوانەش پێگەی کۆمەڵایەتیی یەکسان بۆ تاكه‌كان كه‌ هه‌ر بیروباوەڕێکی سیاسی یان ئایینیان هه‌بێت.
ئەو ستانداردەی یەکسانی کە دەڵێت هەموو کەسێک لە کاتی لەدایکبووندا وەک یەک دروست بووە پێی دەوترێت یەکسانی ئۆنتۆلۆژی(Ontological Equality). ئەم جۆرە یەکسانییە لە زۆر شوێنی جیاواز وەک جاڕنامەی سەربەخۆیی ئەمریکا دەبینرێت. ئەم بەڵگەنامەیە کە زۆرێک لە بەهاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەخاتە ڕوو، ئەم بیرۆکەیەی یەکسانی تێیدا چەسپاوە. دەڵێت “هەموو مرۆڤەکان وەک یەک دروستکراون، کە لەلایەن دروستکەرەکەیانەوە هەندێک مافی بێبەشنەکراویان پێبەخشراوە”. بەیاننامەکە ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی جۆن لۆکه‌ و بیرۆکەکە ئەوەیە کە هەمووان لە ڕووی هەندێک مافی سرووشتییەوە یەکسانن. هەرچەندە ئەم ستانداردەی یەکسانی لە بەڵگەنامەیه‌كی گرنگی وەک جاڕنامەی سەربەخۆیی دەبینرێت، بەڵام “یەکێکە له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی کە لەم ڕۆژانەدا زۆرجار لە مشتومڕە سیاسییه‌كاندا بانگەشه‌ی بۆ ناکرێت”. هەرچەندە ئەم تێگه‌یشتنه‌ لە یەکسانی زۆرجار بۆ پاساوهێنانەوە بۆ نایەکسانی وەک نایەکسانی ماددی بەکاردەهێنرێت. داڵتۆن کۆنلی بانگەشەی ئەوە دەکات کە یەکسگانی ئۆنتۆلۆژی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ نایەکسانی ماددی بەکاردێت ئه‌وه‌ش بە تیشك خستنه‌ سەر ئەو ڕاستییەی، کە لەلایەن ئیلاهیاتەوە ڕه‌وایه‌تی پێدراوە، کە “دابەشکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکان لێرە لەسەر زەوی گرنگ نییە، چوونکە هەموومان بە یەکسانی خودا دروستی كردووین.” بۆ ئەوەی لە دوای مردندا ڕووبەڕوو دروستکەرەکەمان ببینین”. داڵتۆن کۆنلی، نووسەری کتێبی تۆ دەتوانیت لە خۆت بپرسیت(You May Ask Yourself)، ئبەکاربهێنرێت کە هەژاری بۆ خۆی فەزیلەتێکە.
ستانداردێکی دیکەی یەکسانی بریتییه‌ له‌ یەکسانی دەرفەت، “ئەو بیرۆکەیەی کە هەموو کەسێک چانسی یەکسانی هەیە بۆ بەدەستهێنانی سامان و شکۆمەندی کۆمەڵایەتی و دەسەڵات، چوونكە یاساکانی یارییەکە، بۆ هەموو کەسێک وەک یەکە”. ئەم چەمکە دەتوانرێت بۆ کۆمەڵگاش به‌كاربهێنرێت به‌تایبه‌ت گه‌ر بڵێین هیچ کەس، هیچ سەرەتاییه‌كیان نییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە، بۆ هەر پرسێکی یەکسانی کۆمەڵایەتی کە مامەڵە لەگەڵ سامان، شکۆمەندی کۆمەڵایەتی، دەسەڵات، یان هەر جۆرێک لەو جۆرانه‌ دەکات، ستانداردی یەکسانی دەرفەت دەتوانێت بەرگری لەو بیرۆکەیە بکات کە هەمووان هەمان سەرەتایان هەبووە. ئەمەش وەک یارییەک سەیری کۆمەڵگا دەکات و هەر یەکێک لە جیاوازییەکانی پێوەرەکانی یەکسانی بۆ بەخت دەگەڕێتەوە. کۆنلی نموونەیەک لەم ستانداردەی یەکسانی دەهێنێتەوە بە بەکارهێنانی یاری (مۆنۆپۆلی) بۆ وەسفکردنی کۆمەڵگا. ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە “قۆرخکاری، یاساکانی یەکسانی دەرفەتەکان پەیڕەو دەکات” بە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە هەمووان چانسی یەکسانیان هەبووە لە کاتی دەستپێکردنی یارییەکەدا و هەر جیاوازییەک لە ئەنجامی بەختدا ڕۆڵ و لێهاتوویی یاریزان بووە بۆ هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی سوودی بۆ خۆیان هه‌بێت. بەراوردکردنی ئەم نموونەیە بە کۆمەڵگا، ستانداردی یەکسانی دەرفەت نایەکسانی لەناو دەبات، چونکە یاساکانی یارییەکان لە کۆمەڵگادا هێشتا دادپەروەرانە و وەک یەکن بۆ هەمووان، هەر بۆیە هەر نایەکسانییەکی هەبوو لە کۆمەڵگادا دەکات دادپەروەرانە.
ستانداردی چوارەمی یەکسانی بریتییه‌ له‌ یەکسانی دەرئەنجامەکانە (Equality of Outcome)، کە “هەڵوێستێکە پێیوایه‌ هەر یاریزانێک دەبێت بە هەمان بڕی کۆتایی پێ بێت بەبێ گوێدانە دادپەروەری”. لەم پێوەرەی یەکسانییدا، بیرۆکەکە ئەوەیە کە “هەموو کەسێک بەپێی ئەوەی باشترین کار دەکات بەشداری لە کۆمە ڵگا و ئابوورییدا دەکات”. لە ژێر ئەم چەمکە یەکسانییەدا، کۆنلی دەڵێت “کەس بە کاری زیاتر دەسەڵات و شکۆ و سامانی زیاتر بەدەست ناهێنێت”. زۆرجار (یەکسانی دەرئەنجام) بە ئه‌نقه‌ست لەگەڵ کۆمۆنیزم یان فەلسەفەی مارکسیستی تێکەڵ دەکرێت سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ئایدۆلۆژیانە بە ڕوونی دابەشکردنی سەرچاوەکان لەسەر بنەمای پێویستی یان بەشداریکردن (بەپێی ئاستی گەشەسەندنی هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگایەک) بەرەوپێش دەبەن نەک یەکسانی. ڤلادیمێر لینین ئاماژەی بەوە داوه‌ کە “هەڵوەشاندنەوەی چینەکان بە واتای دانانی هەموو هاووڵاتییان لەسەر پێگەیەکی یەکسانە سەبارەت بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی سەر بە کۆمەڵگایه‌ك بە گشتی. بە واتای پێدانی دەرفەتی یەکسان بە هەموو هاووڵاتییان بۆ کارکردن لەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و خاوەندارێتی گشتی. لە کاتی پێناسەکردنی (یەکسانی دەرئەنجام) لە پەروەردەدا، “ئامانجەکان نابێت ئامانجی لیبڕاڵی یەکسانی دەستڕاگەیشتن بێت، بەڵکوو یەکسانی دەرئەنجام بێت بۆ ژمارەیه‌كی هەر گرووپێکی دەستنیشانکراوی ناپەروەردەیی پێناسەکراو، واتە ژنان، ڕەشپێست، یان پرۆلیتاری یان دانیشتووی گوندنشین.” پێویستە هەمان ئاستی خوێندنیان هەبێت وەک نێرێکی ئاسایی، سپیپێست، خەڵکی دەرەوەی شار”. دەرئەنجام و سوودەکانی یەکسانی لە پەروەردەدا لەم تێگه‌یشتنه‌ی یەکسانییەوە بەرەوپێش ده‌چێت کە هەمووان دەبێ هەمان دەرئەنجام و سوودیان هەبێت بەبێ گوێدانە ڕەگەز، نه‌ژاد، ئایین و هتد یەکسانی دەرئەنجامەکان لە ڕوانگەی هیویتەوە بڕیارە ببێتە هۆی “مەودای دەستکەوتی بەراوردکاری لە نێوان گرووپێکی بێبەشی دیاریکراو – وەک کەمینەی نەتەوەیی، ژنان، دایک و باوکی تاقانە و کەمئەندامان – و کۆمەڵگا بە گشتی”.

ھەواڵی زیاتر