نایەکسانی ئابووری چییە و تاکەکان چۆن داهاتیان زیاد دەکەن

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

نایەکسانیی ئابووری ئاماژە بە نایەکسانی تاکەکان لە لایەنێکدا دەدات، نایەکسانیی ئابووری جۆری زۆرە، دیارترینیان داهات و سامانی تاکەکانە، دەکرێت ئەو جیاوازییە زۆر بێت، هەروەها نایەکسانی نێوان وڵات و گەلانیش دەگرێتەوە.

ئابووریناس خەلیل بەکر دەربارەی نایەکسانیی ئابووری دەڵێ: هەندێک باوەڕیان بە مێریتۆکراسی هەیە کە لەو باوەڕەدان مرۆڤەکان لە ڕێگەی کاری قورسەوە پێگە و داهاتەکانیان زیاد دەکات و پێشدەکەون، نەک ئیمتیازات، بەڵام نایەکسانیی ئابووری دەکرێت دەرفەتەکانی جوڵان بەرەو پێگە و داهاتی بەرزتر سنووردار بکات. فۆربێس لە ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٢٧٥٥ ملیاردێری لە جیهاندا تۆمارکردووە، هاوکات بانکی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢١ مەزەندەی زیاتر لە ٧١١ ملیۆن کەسی کردووە کە بە کەمتر لە ١،٩٠ دۆلار لە ڕۆژێکدا دەژین، ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورەیە بە بەراورد بە ساڵی ١٩٩٠ کە زیاتر لە ١،٩ ملیار کەس لە جیهاندا لە هەژارییەکی زۆردا دەژیان و جیهان تەنیا ٢٦٩ ملیاردێری تێدابوو. لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا سامانی جیهان زیادی کردووە و بە گشتی ئاستی جیهان باشتربووە، هەروەها هەندێک کەسی تر بە شێوەیەک سەیری ئەم تۆمارانە دەکەن کە بێ بەهانەیە هەژارییەکی زۆر هەبێت لە کاتێکدا ملیاردێرەکانی جیهان کۆی گشتی ١٣،٣ ترلیۆن دۆلاریان هەیە.
دەشڵێت: هەروەها نایەکسانی وەک ئەوەی دەبینرێت کە بێ ماڵ و حاڵەکان لە چادردا دەژین دوور لە خانووە گرانبەهاکانی دەوڵەمەندەکان، ئەمەش پرسیار لە بارەی نایەکسانیی ئابووری دروستدەکەن، ئەم نایەکسانییە چییە؟ چۆن و بۆچی ڕوودەدات؟ ئایا ڕێکخستنی سروشتی شتەکانە یان سیستمەکە ساختەکاری تێدا کراوە؟ ئایا پێویستە هەوڵ بدرێت بارودۆخ یەکسان بکرێتەوە؟ بۆ نموونە زیادکردنی باج لەسەر داهات بەرزەکان، وەک چۆن سوید کردوویەتی؟ ئایا ئەم ڕێگەیە نایەکسانییەکە خراپتر دەکات؟، وەڵام لە بەردەستدا نییە، هۆکارەکانی نایەکسانیی ئابووری فرەجۆرن، کۆمەڵگە نەگەشتووەتە کۆدەنگی لەسەر ئەوەی چی لەو بارەیەوە بکرێت، ئەوەی دەکرێت جێبەجێ بکرێت هەندێک هەلومەرج و تێڕوانینە لەسەر دۆخی نایەکسانی. هەروەها ڤایرۆسی کۆرۆنا تیشکی خستە سەر نایەکسانیی ئابووری، گرووپە پەراوێزخراوە هەژارەکان زیاتر تووشی ڤایرۆسەکە دەبوون و دەمردن و توانای کڕینی بیمەی تەندروستییان نەبووە، کرێکارانی کارە پێویستەکان کە داهاتێکی کەمیش وەردەگرن مەترسی زیاتریان لەسەرە وەکو پەرستاران، دوکانداران و پۆلیسەکان.
ئەو ئابووریناسە دەربارەی تێگەیشتن لە نایەکسانیی ئابووری دەڵێ: خەڵکی خاوەنی چی سەروەت و سامانێکن بۆ ئەوەی لە کاتە سەختەکانیاندا بەکاریبهێنن و یارمەتییان بدات لەوەی وەبەرهێنان لە دەرفەتی نوێدا بکەن، ئەم نایەکسانی و جیاوازییە لەبەر چەند هۆکارێک گرنگن، لەوانە ئەگەر سەرەتا سەرنج بخەینە سەر لایەنی دەروونی نایەکسانیی ئابووری، مرۆڤەکان خۆیان بە کەسانی تر بەراورد دەکەن، کە ئایا تا چەند لە سامانەکانمان ڕازین و ئەگەر چەند بێت بە تەواوی ڕازی دەبن، ئەمەش بەندە بەوەوە کە دەتوانین بە داهاتەکانمان چی بکڕین و چی بەدەستبهێنین و چەندە ئاسوودەمان دەکات. ڕەزامەندیش بەشێکی پەیوەستە بەوەوە کە خۆمان بەراورد دەکەین بە کەسانی تر، کەسێک بە تەواوی دڵخۆشە کاتێک دەزانێت داهاتی مانگانەکەی ٥٠٠ دۆلارە، بەڵام ڕەنگە ئەو دڵخۆشییە تا ئەو کاتە بمێنێتەوە کە دەزانێت هاوکارەکەی داهاتەکەی ٩٠٠ دۆلارە، نایەکسانی دەبێتە هۆی هەستکردن بە نادادپەروەری. لە هەندێک باردا نایەکسانیی ئابووری بەهۆی خۆ بەراوردکردن بە کەسانی تر دروستدەبێت و پەیوەندی بە لایەنی دەروونییەوە هەیە.
زیاتر گوتی: سێ جۆری سەرەکی نایەکسانیی ئابووری هەیە وەکو، نایەکسانیی داهات، جیاوازییەکی بەرچاو لە دابەشکردنی داهاتە، لەنێوان تاکەکان، گرووپەکان، دانیشتووان، چینە کۆمەڵایەتییەکان یان وڵاتان، نایەکسانیی داهات لایەنێکی سەرەکی چینبەندی و چینایەتی کۆمەڵایەتییە، کاریگەری لەسەر زۆر جۆری تری نایەکسانی هەیە وەکو نایەکسانیی سامان و نایەکسانیی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی. داهات هۆکارێکی سەرەکی ئاستی ژیانکردنە، کاریگەری لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانی تاک و خێزان هەیە. نایەکسانیی کرێ، کرێی کەسێک جیاوازە لە داهاتەکەی، کرێ تەنیا ئاماژەیە بەو بڕە پارەیەی مانگانە یان هەفتانە لەسەر بنەمای کاتی کارکردن لە بەرانبەر کارێکدا بە کەسێک دەدرێت. نایەکسانیی سامان، ئاماژەیە بە کۆی سەروەت و سامانی تاک یان ماڵێک، لەوانەیە ئەمە سەروەت و سامانی دارایی بگرێتەوە، وەکو گرێبەست و پشک، موڵک و ماڵی خانەنشینی، بۆیە نایەکسانیی سامان ئاماژەیە بە دابەشکردنی نایەکسانی سەروەت و سامان بەسەر تاکەکاندا.
خەلیل بەکر باسی پێوەرەکانی نایەکسانیی ئابووری دەکات و دەڵێ: نایەکسانیی ئابووری بە چەندین پێوەری جیاجیا دەپێورێت، دوو پێوەری سەرەکی هەن کە بریتین لە، ڕێژەی جینی، نایەکسانی لە سەرانسەری کۆمەڵگادا دەپێوێت، بۆ نموونە جینی بەریتانیا ٠،٣٥ ە، ئەگەر هەموو داهاتەکە بچێتە دەست یەک کەس جینی یەکسان دەبێت بە ١، واتا لەوپەڕی نایەکسانیدایە، ئەگەر جینی یەکسان بێت بە سفر واتا کۆمەڵگا یەکسانە، زۆربەی وڵاتانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، ڕێژەکەیان لە ٠،٣٢ بۆ ٠،٢٤ ە، بەریتانیا کۆمەڵگایەکی تا ڕاددەیەک نایەکسانە، ئەمریکا نایەکسانترە بە ڕێژەی ٠،٣٨، دانیمارک کە وڵاتێکی یەکسانترە ڕێژەی ٠،٢٥ ی بەدەستهێناوە. پێوەری ڕێژەیی، بەراوردی دابەشکردنی داهات لەنێوان ئاستە جیاجیاکاندا دەکات، لە نموونە باوەکاندا وەکو ڕێژەی ١٠/٥٠ باس لە نایەکسانی نێوان چینی ناوەند و چینی نزم دەکات، هەروەها ١٠/٩٠ باس لە نایەکسانی نێوان چینە باڵاکان و چینە نزمەکان دەکات.

ھەواڵی زیاتر