ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی “میتافۆڕ لە قورئاندا”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

گەشەکردنی کتێبخانەی کوردی لەڕووی کتێب و ژمارەی سەرچاوەوە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا، گەشەکردنێکە جێگەی دەستخۆشی و سەرسامبوونە، بەڵام هێشتا کۆمەڵێک جێگەی کتێبخانەی کوردی هەیە پێویستیان بە دەوڵەمەندکردن و بەهێزکردن هەیە. یەکێک لەو بوار و سێکتەرانەش لێکۆڵینەوەی ئاییناسییە، کە تا هەنووکە سەرچاوەگەلێکی زۆر کەم لەم بوارەدا لە کتێبخانەی کوردیدا هەن و ئەوەشی هەیە دابەش دەبێت بۆ سێ جۆری سەرەکی، کە لێرەدا دەمەوێت کەمێک لەبارەیانەوە بدوێم.

یەکەم جۆری ئەو کتێبە ئایینناسیانەیە دووبارەکردنەوە و تەفسیرکردنەوەی کتێبە ئایینەکانن و هیچ نهێنی و زیادەیەک بۆ خوێنەر کەشف ناکەن. جۆری دووەمی کتێبە ئایینناسییەکان ئەو کتێبانەن، کە دژ بە ئایینەکان نووسراون (بەتایبەت ئایینی ئیسلام) و بەرهەمی عەقڵێکی داخراون، نەک عەقڵێکی بیرکەرەوە و ڕاڤەکار، کە ئەمانەش بەهۆی ئەوەی بەشی هەرە زۆریان بایەخێکی زانستی و مەعریفیان نییە هێندە سوودمەند نین بۆ کتێبخانەی کوردی. جۆری سێیەم ئەو کتێبانەی کە هەوڵی کەشفکردن و خستنەڕووی زیادەیەک دەدەن بۆ سەر کتێبە ئایینناسییەکان و بەرهەمی عەقڵێکی کراوە و ڕاڤەکارن و هەندێک نهێنی و کۆدی شاراوەی نێو ئەو کتێبانە بۆ خوێنەر کەشف دەکەن، کە ئەم جۆرەیان لە کتێبخانەی کوردیدا گەلێک کەمە. تایبەتمەندی ئەم جۆرەیان ئەوەیە کە بە شێوەیەکی بابەتیانە و پشتبەسوو بە مەعریفە و میتۆدی زانستی بەڵگە و شیکردنەوە سەبارەت بە ئایین و کتێبە ئایینییەکان دەخاتەڕوو، کە ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگ دەگێڕێت لە کردنەوەی دەروازەیەک بەڕووی ئایینناسیدا و ئەوەی ئێستا کتێبخانەی کوردی پێویسییەتی ئەم جۆرەی کۆتاییە.
لە هەفتەی ڕابردوودا یەکێک لەو کتێبە گرنگانەی کە بەرهەمی بیرکردنەوە و عەقڵێکی ڕاڤەکارە و دەچێتە خانەی جۆری سێیەمی ئەو پۆلێنبەندییەیە کە لەسەرەوە خستمانەڕوو بڵاو کرایەوە، کە ئەویش کتێبی ” میتافۆڕ لە قورئاندا”ی نووسەر و توێژەر “خەسرەو میراودەلی” بوو کە ناوەندی ڕەهەند لە دوتوێی 109 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی هەندێک لە میتافۆڕە زۆر ناسراو و دیارەکانی نێو دەقی قورئانی پیرۆز و نووسەر گەلێک بابەتیانە بابەتەکەی خستووەتەڕوو.
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوە دەڵێت “بۆ ئێمە کە لە کۆمەڵگەیەکی ئایینیدا دەژین، تێگەیشتن لە نهێنییەکانی ئایین و بنەما و ڕیشە ڕاستەقینەکانی، کارێکی یەکجار گرنگە، بۆئەوەی چیتر ڕووکەشانە بۆ دەق و بابەتەکانی نەڕوانین، ئەم بینینە ڕواڵەتییەش لەوە زیاتر نەبێتە مایەی بردنی ئایین بە ئاڕاستەی دیکەی نائایینیدا.” نووسەر دواتر ئەوەش دەخاتەڕوو کە کتێبەکەی هەوڵێکە لە پێناو ئەوەدا کە ئایین لەوە دووربخەینەوە لە ڕێگەی بابەتگەلێکەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە ئەو بابەتانە لە بنەڕەتدا ئایینی نین، وەک کایەی زانست و فەلسەفە و لق و بوارە جیاوازەکانیان. لە دواتریشدا ئەوەش دەخاتەڕوو کە قسەکردن لە میتافۆڕ دەبێتە بابەتێکی بەرچاو کە لەم ڕووەوە خزمەتێکی باشمان پێدەکات. سەیر لەوەدایە هەتا ئایینداری بە مانا باوەکەی زیاتر بێت، دوورکەوتنەوە لە لێکۆڵینەوەی ڕاستەقینە و زانستی لە بارەیەوە زیاتر دەبێت، ئەمەش ئەو پارادۆکسە ترسناکەیە، کە بەداخەوە لێی بێئاگاین.
ئەم کتێبە لە پێنج بەش پێکهاتووە بەشی یەکەم تەرخان کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە چەمکی میتافۆڕ و لەسەرەتادا نووسەر بە پرسیاری میتافۆڕ چییە؟ دەست پێ دەکات و دواتریش هەوڵی دیاریکردنی ڕۆڵ و ئەرکی میتافۆڕ دەدات. لەبەشی دووەمدا نووسەر باس لە میتافۆڕی کات و شوێن دەکات و لەوێدا لە میتافۆڕی شوێندا باس لە ئاسمان و زەوی دەکات. هەرچی بەشی سێیەمەیشە تەرخان کراوە بۆ میتافۆر لە ژمارەدا، کە دوو نموونەی زۆر دیار و زەقی وەرگرتووە، کە ئەوانیش ژمارە حەوت و ژمارە چلن. هەرچی بەشی دواتریشە نووسەر تەرخانی کردووە بۆ میتافۆڕ لە سیفەتەکانی خوادا، کە لەوێدا لەبارەی سێ بابەتی گرنگەوە دواوە کە ئەوانیش “ڕوخساری خوا، چاوی خوا و دەستی خوا”ن. بەشی کۆتایش تەرخان کراوە بۆ میتافۆڕ لە بابەتی دیکەدا لەوانە: تابلۆ پارێزراوەکە (اللوح المحفوظ) و عەرش و کورسی و قەڵەم. هەروەها قسەکردنی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ. واتریش پرسیارکردن لە ڕۆحی سەرجەم مرۆڤەکان لە ئەزەلدا. ئەمە بێجگە لە چەند بابەتێکی دیکە کە نووسەر بە وردەکارییەکی زۆرەوە لێیان دواوە.
ئەم کتێبە دەروازەیەکی گرنگە و دەچێتە چوارچێوەی ئایینناسییەوە، کە کتێبخانەی کوردی پێویستییەکی زۆری بەمجۆرە کتێبە هەیە. دەستخۆشی بۆ نووسەر و بەهیوام لەم هەوڵە گرنگانە بەردەوام بێت.

ھەواڵی زیاتر