ئەمڕۆ پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ هونەرمەند و شاعیر و ئەدیبانی تورکمان دەکرێتەوە

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر ١٠ـی بەیانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان، لە چالاکییەکی هونەریدا، پێشانگایەکی تایبەتی فۆتۆگرافیی بۆ “حاجی دلاوەر بازرگان” لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیەکەی بکاتەوە.

لە پێشانگاکەدا، کە ئەرشیفێکی دەوڵەمەندی ئەو هونەرمەندەن، چەند وێنەیەکی دەگمەنی هونەرمەند و شاعیر و ئەدیبانی تورکمان نمایش دەکرێت.
هاوکات، بەپێی پڕۆگرامی چالاکییە هونەرییەکە، ئێوارەی هەمان ڕۆژ چەند بڕگەیەکی هونەری میوزیک و گۆرانی و قۆریاتی تورکمانی پێشکەش دەکرێت و خەڵاتی ڕێزلێنانیش دەبەخشرێتە بەشێک لەو شاعیر و هونەرمەندانەی، کە خزمەتیان بە فەرهەنگ و کولتووری تورکمان کردووە لە هەرێمی کوردستان.
“محەممەد دڵشاد” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەو چالاکییە هونەرییە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: کردنەوەی ئەو پێشانگا هونەرییە لە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان نیشاندانی ئەو ئەرشیفە دەوڵەمەندەیە، کە وێنەکانی بۆ نزیکەی نیو سەدە زیاتر دەگەڕێنەوە و چەند کەسایەتیەکی لە مێژووی هەولێر کۆکردووەتەوە و پەیڤ و شیعر و بەرهەمەکانیان دەخرێتە ڕوو، کە ساڵانێکی زۆر لە خزمەت هونەر و وشە و ئەدەبی تورکمانیدا خزمەتیان بە قەڵای سەربەرزی هەولێر و گشت ناوچەکان کردووە و بوونەتە سەکۆیەک بۆ گەیاندنی پەیامی نەتەوەکەیان لە چوارچێوەی هەرێمێک، کە هەڵگری چمکی پێکەوە ژیانی نەتەوە جیاوازەکانە و تا ئێستاش لە هونەر و ئەدەب و سیاسەتدا بە هاوبەشی کاریان کردووە بۆ جوانترکردنی کوردستان و بە بەرهەمەکانیشیان داکۆکیان لە نەتەوەکەی خۆیان کردووە و ئەمڕۆش لەم پێشانگایەدا کار و بەرهەمەکانیان دەخرێتەڕوو.
جێگەی باسە، چالاکیی هونەرییە لە ١٠ـی بەیانیەوە دەست پێدەکات تا ٦ـی ئێوارە بە گۆرانی و میوزیک و خوێندنەوەی شیعری شاعیران بەردەوام دەبێت.