(مرۆڤێکی ئاسایی)ی حەمەســــــــــــــــەعید حەسەن

(پێشكەش بە د. ڕێبوار سەعیدی هونەرمەند، كە لە گفتوگۆیەكدا لەبـــــــــارەی منداڵی و مامۆستایەتییەوە، سەرنجی بۆ ئەم دەقەی حەمەسەعید حەسەن ڕاكـــــــــــێشام.)

ڕێبـوار سیــــــــوەیلی

1
چاوەڕێم بە
هێندەت زانی بەیانییەک
لە وێسگەی پاسی تەنیشتی
مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ
وەکوو جاران
بە پاروویەکی گەرمەوە
چاوەڕێتم
2
چاوەڕێم بە
هێندەت زانی ئێوارەیەک
لە تووی مەلیک
وەکوو جاران
بە نامیلکەی قاچاخەوە
چاوەڕێتم
3
چاوەڕێم بە
هێندەت زانی جەژنی نەورۆز
لە گۆڕستانی شەهیدان
لە سایەی ئەرخەوانێکا
وەکوو جاران
بە هۆنراوەیەکی نوێوە
چاوەڕێتم
4
چاوەڕێم بە
هێندەت زانی
لە چایخانەکەی مام عەلی
لە کتێبخانەی گەلاوێژ
لە نووسەران
لە باخی گەل
لە پێشانگای هونەرمەندێ
لە شانۆگەرییەکی نوێ
وەکوو جاران
بە دڵێکی پەرۆشەوە
چاوەڕێتم
5
کە هاتمەوە
بەرلەوەی تاسەی دووریمان
لێکتر بشکێ
هێندەت زانی
دەستم لە تەکسییە ڕاگرت
تا بزربم لە چاوانی
ئەو سیخوڕەی
دوور و نزیک دوام کەوتووە
هێندەت زانی
جارێکی تر
گوتیان حەمەسەعی حەسەن
هەڵاتووە
6
قوتابیانی قوتابخانەی برایەتی
ببوورن لێم
داخ نەمتوانی
وانەکەتان بۆ تەواو کەم
دەیانگرتم
دەبوو هەڵێم
١٩٨٨

1
خاوەنی ئەم كۆپلانە ماوەیەكی زۆر لە قوتابخانەكانی كوردستان مامۆستای زمانی كوردی بووە. ئەو ڕێكەوتەی ئەم دەقە ئاماژەی بۆ دەكات ساڵانی بەعس و یەخانگیربوونە خنكێنەرەكەیەتی لەگەڵ كۆمەڵگە و تاكەكەسی ئەم وڵاتە. دەقەكە جەخت لەسەر شوێن و كات و یادوەریی نۆستالیژیانە دەكاتەوە، بەڵام لەو ڕێگەیەشەوە ویستوویەتی ئەو تراژیدیا قووڵەی مرۆڤی كورد بەسەر بكاتەوە، كە نەوەی شاعیر و دوایئەویش ئەزموونیان كرد. هەر لەبەر ئەوەشە، ئەگەر كەسێك لە هەشتاكانی سلێمانی ئەوسادا نەژیا بێت، ڕەنگە چێژێكی ئەوتۆ لەم دێڕە سادانە نەبینێت، كە چەند وێنەیەكی ئەو ڕۆژگارە لە خۆیان دەگرن. دەقەكە كۆمەڵێك ناوی كەسان و شوێن لە خۆی دەگرێت و ئەوەش نۆستالیژیای دەقەكە زیاتر دەكات و لەوەی دەهێنتە دەرەوە، كە تەنیا بیركەوتنەوەیەكی ئاسایی شاعیر بێت بۆ ئەو ڕۆژگارە. ئەم دەقە یەكێكە لەو دەقە شیعرییانەی هەرچەندە بە ڕستەی سادە و ڕوون هەموو خۆی بەیان دەكات و سنووری واتا دەستنیشان دەكات، بەڵام هێشتا شتێك، دەنگێك، حوزن و یادێك هەر دەمێنێت، كە خۆی بەیان نەكردووە، دەیەوێ بێتە دەنگ و نەهاتووە، دەنگێكە بۆتە دڵپڕی و نەبۆتە زمان و دەیەوێت لەو سنووری واتایە بپەڕێتەوە، كە دەقەكە دەستنیشانی كردووە و ئەمەش ئەو شتەیە كە گرنگیی دەقەكە لانیكەم بۆ من ئاشكرا دەكات.

2
كۆپلەی یەكەم ئاماژەیەكی تێدایە بۆ كولتوورێكی تایبەت بە شاری سلێمانی، كولتوورێكی شاعیرانەی (پیرەمێردیانە)، كە هەڵگرتنی پاروو، یان بابۆڵەیەك بوو لە گیرفاندا. ئەمە سەرەتایەكیشمان لەبارەی ژیانی كارمەندی مۆدێرن، یان چین و توێژی ئەفەندی و شارنیشینی لەو شارەدا بۆ ڕوون دەكاتەوە. ئەم ئاماژەیە ئەو سەرەتایەمان بیر دەخاتەوە كە نانخواردن لە ماڵ و سەر سفرە، گۆڕانێكی تێكەوتووە و شەرمی كۆمەڵایەتیش لەوەی نەتوانیت لەسەر شەقام، بە ڕێگاوە و لە چوون بەرەو شوێنێك، پاروویەك بخۆین، وردە وردە تێكشكاوە. بەڵام ئەوەش دەخوێنرێتەوە، كە ئیتر كارمەند، ئەركدار پێی خستۆتە ناو ژیانێكی نوێی شارییەوەو لە ڕووی كاتیشەوە لە ژێر گوشاردایە:

چاوەڕێم بە
هێندەت زانی بەیانییەک
لە وێسگەی پاسی تەنیشتی
مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ
وەکوو جاران
بە پاروویەکی گەرمەوە
چاوەڕێتم

ناوهێنانی مزگەوتی (كاك ئەحمەدی شیخ) گەڕانەوەیە بۆ ناو قوڵاییەكی مێژوویی و یادەوەریی ئەم شارەش. ڕەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ سەرەتاكانی ئەم شارە، كە گوایە لەگەڵ دروستكردنی شارەكەدا، ئەو مزگەوتەش دروستكراوە. ئەم ئاماژەیە هێزی خۆی لە ئاماژەدان بە “وێستگەی پاس” و “پارووی گەرم” وەر دەگرێت: بەشێوەكی شاراوە باسی سەفەر، یان جودابوونەوەیەكمان بۆ دەكات، كە پێویستی بە توێشووی ڕێ و وەستانە لە چاوەڕوانی پاسێكدا. ئاماژەكە بۆ ئەم دوو ڕەگەزە، بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی ئەوسای (خود)ی ناو دەقەكە، وێنەیەكی شیعرییە، بەڵام ئەگەر لە ئێستاوە لێی ڕامێنین و ئەو ڕەوتە بهێیننەوە پێشچاومان كە مرۆڤی ئەو دەیەیە بەم شاعیرەشەوە؛ چ سەفەرێكی ناچارەكییان كەوتەبەر، ئەوە ئەم كۆپلەیە ئاماژەیەكی سێمبوولی تێدایە بۆ جیابوونەوەی نەوەیەك لەشار و خۆئامادەكردن بۆ سەفەرێكی نەزانراو.

3
چاوەڕێم بە
هێندەت زانی ئێوارەیەک
لە تووی مەلیک
وەکوو جاران
بە نامیلکەی قاچاخەوە
چاوەڕێتم

ئاماژەیەكی ئاشكرای تێدایە بۆ خەباتی نهێنی و دروستبوونی مرۆڤی شاریی سیاسەتكار. دوو وشە یان گوزارە لە هەموو كۆپلەكاندا دووبارە دەبنەوە: “چاوەڕێم بە” و “وەكوو جاران”. ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو كە ئێمە لەبەردەم دیدار و كردارێكی بەردەوامداین، كە پێشتر كراوە و ئێستاش خەریكە ئەنجام بدرێتەوە. بەڵام كاتێك لە ئێستاوە بیر لەم وشە و گوزارانە دەكەینەوە، كە ئەو زەمەنە تێپەڕیوە، واتای شیعرەكە تەواو دەگۆڕێت و دوایی دێمەوە سەر ئەم خاڵە.

گوزارەی: “تووی مەلیك” سێ ئاماژەی گرنگی تێدایە:

  • یەكەم شەقامێكی بەناوبانگی ساڵانی هەشتای سلێمانی، كە خانووەكانی ئەمبەراوبەری بە بەشێوەیەكی تەلارسازیانەی ترانسپەرانس(شەففاف) و كراوە دروستكرابوون و دەكران: حەوشەی دەكەوتە بەردەمی ماڵ، شورای حەوشە یا نەبوو، یان زۆر نزم بوو. پەنجەرەی گەورەتر و دەرەوەو ناوەوە لە دیداری هەمیشەی یەكتردا. ڕەگەزەكانی شاردنەوە، داپۆشین، دابڕكردن و جیاكردنەوە لەم شێوە تەلارسازییەدا نەبوو.
    دووەم: ئاماژە بە ناوی (مەلیك مەحموودی حەفید) كە قارەمانی بەرەنگاریی دژی ئینگلیزی مێژووی سلێمانییە. شەقامەكەش بە ناوی ئەو زاتەوە كراوە.
  • سێیەم: ئاماژە بە پیاسەی ئێوارانی سەر ئەم شەقامە، كە وەك ناڕەزایەتییەكی هاووڵاتیانی لە دژی ستەمكارییەكانی بەعس، خۆی دەنواند. واتە پیاسەی بە لێشاوی هاووڵاتیانی ئەم شارە ڕەهەندی وەزرشی نەبوو، هێندەی ئەوەی ڕەهەندێكی شۆڕشگێرانەی هەبوو. بە پێوە وەستان و درێژەدان بوو بە خەبات و بەرخۆدان و هەڕەشەیەك بوو لە بەعس تا بگوترێت خەڵك هەمیشە هیزی ڕۆیشتنی بەرەو چیای گۆیژە، بەرەو دەرەوەی شار و بۆ ناو پێشمەرگە هەیە، كە لە كتێبی (شوێن و شوناس)دا بە وردی و دوورودرێژی باسی كراوە.

4
چاوەڕێم بە
هێندەت زانی جەژنی نەورۆز
لە گۆڕستانی شەهیدان
لە سایەی ئەرخەوانێکا
وەکوو جاران
بە هۆنراوەیەکی نوێوە
چاوەڕێتم

ڕەنگە ئەم كۆپلەیە ئاماژەیەكی ڕۆمانتیكیانە بێت بە جێژوانێك، بەڵام لەمە دڵنیا نیم، چونكە كۆپلەكانی دیكە هەردوو قارەمانەكە دەبەن بۆ شوێنگەلێكی دیكە، كە چاوەڕێ ناكرێت ئەمانە دووڕەگەزی جیاواز بن. ڕەنگە لە بنەماوە شیعرەكە مایەی عاشقانەی هەڵگرتبێت، هێندەی ئەوەی دوو هاوڕێمان پێدەناسێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دیمەنەی لەم كۆپلەیەدایە، هەر چەندەش ئاماژەی بە جەژنی نەورۆز و گۆرستانی شەهیدان تێدایە، كە یەكەمیان دەمانباتەوە لای بۆنەیەكی كۆمەڵایەتی و دووەمیشیان ئاماژەیە بە كولتووری خەباتی نەتەوایەتی لەم شارەدا، بەڵام گوزارەی “ژێر سایەی ئەرخەوان” و “هۆنراوەیەكی نوێ” ڕەهەندە ڕۆمانتیكییەكەی بەهێزتر دەكات.

چاوەڕێم بە
هێندەت زانی
لە چایخانەکەی مام عەلی
لە کتێبخانەی گەلاوێژ
لە نووسەران
لە باخی گەل
لە پێشانگای هونەرمەندێ
لە شانۆگەرییەکی نوێ
وەکوو جاران
بە دڵێکی پەرۆشەوە
چاوەڕێتم
485/
شوێن هەمەڕەنگییەكی زۆری تێدەكەوێت، بەڵام لە هەمان پانتایی شاردا، بگرە لە ناوەڕاستی شاردا و ڕەنگە لە چوار چێوەی یەك دوو كیلۆمەترێكی جوگرافیاییدا، تاكەكەس بۆ بەشداربوون لەم هەموو چالاكییانە دەخرۆشێنێت. ئەم كۆپلەیە پەیوەندیی تاكەكەس بە شار و شوێنەكانییەوە دەستنیشان دەكات. ناوی ئەم شوێن و چالاكییانە ئەو پەرۆشییە دەخەنە دڵی تاكەكەسەوە كە دانەبڕێت لە شار و دەوروبەر. هەریەكێك لەم شوێنانە بەشێك لە خۆسەلماندنی تاكەكەس/ڕۆشنبیر، مامۆستا و قارەمانی دەقەكەیان دەكەوێتە ئەستۆ. گرنگترین خاڵ ئەوەیە كە هیچ شتێك بە ناچاری ڕوونادات و هەمووی پەرۆشییەكی تێدایە كە تاكەكەس بۆ بەردەوامی و بەشداریكردن هان دەدات. شیعر كەمتر ئەم ئەركەی هەبووە، كە ژیانی ڕۆژانە بنووسێتەوەو ناوی شوێن و كەسەكان و چالاكییەكان تۆمار بكات. گرنگیی ئەمەش بۆ كۆمەڵناسێك، یان دەروونزانێك، یاخود كۆمەڵناسێكی وەرزشی لەوەدایە، كە هەرچەندەش ئامار و ژمارەی بۆ ئەو چالاكییانەی لەوسای سلێمانیدا ئەنجام دراون، لەبەر دەستدا نەبێت، دەقی ئەدەبی و شیعر دەتوانن كارئاسانی بۆ بكەن و زانیاری بدەنێ، ئاخۆ هەركەسێك لەم شارەدا ڕۆژانە چەند چالاك بووە و جوڵەی كردووە، چەند كەسی بینیوە و بەچی ستێریس و گرژییەكانی خۆی ڕەواندۆتەوە.

5
کە هاتمەوە
بەرلەوەی تاسەی دووریمان
لێکتر بشکێ
هێندەت زانی
دەستم لە تەکسییە ڕاگرت
تا بزربم لە چاوانی
ئەو سیخوڕەی
دوور و نزیک دوام کەوتووە
هێندەت زانی
جارێکی تر
گوتیان حەمەسەعی حەسەن
هەڵاتووە

لەم كۆپلەیەدا گوزارەی “كە هاتمەوە”، ئاماژەیەكی وردی تێدایە بۆ دووبارەبوونەوە، پێشتر هەمان دووری و جودایی ڕوویداوە و شاعیرەكە ناچار بە هەڵاتنی دیكە كراوە، بۆیە كە هاتمەوە، واتای: “كە ئەمجارش هاتمەوە”ی هەیە. كە هاتنەوەیەك بەر لەوەی تاسەی دوورییەكان لێكتر بشكێن، دیسانەوە دابڕان و هەڵاتن و خۆبزركردنێكی دیكە ئێخەی شاعیرەكە دەگرێت. واتای هەڵاتن لەم بەكارهێنانەیدا، واتە هەڵاتن لە قەڵەمڕەوی خۆخستنەبەردەست دوژمن، هەڵاتن لە خۆبەدەستەوەدان و هەڵاتن لە پانتاییەكی داگیركراو بەرەو پانتاییەكانی ئازادبوون.

6
قوتابیانی قوتابخانەی برایەتی
ببوورن لێم
داخ نەمتوانی
وانەکەتان بۆ تەواو کەم
دەیانگرتم
دەبوو هەڵێم.

ئەمە لووتكەی تراژیدییە ویژدانییەكەی ئەم مامۆستایەیە. ئەم دەستنیشاكردنە وردە بۆ ناوی قوتابخانەكە و نەتوانینی تەواوكردنی وانەكەی، وەك ئازارێك لە ویژدانیدا و بەدرێژایی جوداییەكانی و هەڵاتننەكانی دەمێنێتەوە. دیمەنەكە وێنای مامۆستایەكی دەروەست و بەرپرسیار دەكات، كە لە دوورەوە داوای لێبووردن لە قوتابییەكانی دەكات چونكە وانەكەی بۆ تەواو نەكردوون و ئەم بە ناچاری هەڵاتووە.
زەمەنی ئەم كۆپلەیەش ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ كاتێكی دوورتر لەوەی كۆی شیعرەكە ئاماژەی پێدەدا. ئەوەی لێرەدا ئاماژەی پێ دراوە، “قوتابخانەی برایەتی” لە سەی سایەق بووە، كە پێدەچێت لە كاتی پێشووتردا مامۆستا شاعیرەكە لەوێ مامۆستا بووبێت و ئەم وێنەیەی ئەوێی ڕاگواستووە بۆ ئەم دەقە.

7
دەقەكە لە سێ كات دەدوێت: “چاوەڕێم بە”، “وەكوو جاران”، و “كە هاتمەوە”، یان دەتوانین بڵێین: سێ كات دەستیان بەسەر زەمەنی نێو ئەم دەقەدا گرتووە.

  • چاوەڕێم بە تا لەم هیجرانە دێمەوە. واتە داوا دەكرێت لە پاشەڕۆژدا چاوەڕێی بێت. بۆچی؟ بۆ ئەوەی “وەكوو جاران” هەموو ئەو جوڵە و پێكەوەبوون و گەشتانە دووبارە بكەینەوە. گوزارەكە هەم هێشتنەوەی ئەوی دیكەیە لە چاوەڕوانیدا و هەمیش گفت پێدانییەتی. ئەم “چاوەڕێم بە”یە، كاتەكەشی دەستنیشان كردووە: لە ئێستاوە تا دەگەڕێمەوە چاوەڕێم بە.”
  • “وەكوو جاران” ئاماژەیە بە ڕابردووی دووری ئەوان پێكەوە و دووبارەكردنەوەی ئەو ڕابردووە لەو پاشەڕۆژەدا كە ئەم دەگەڕێتەوە.
  • “كە هاتمەوە” ئاماژەیە بەو داهاتووەی گەڕانەوەكە تیایدا ڕوو دەدات. بەڵام گەڕانەوەیەك ڕابردوو و ڕووداوەكانی پێشووتر و چەندبارەبوونەوەی هەمان مێژوو و ئەزموون وەكخۆی لە هەمان شوێن و شەقام و شاردا چاوەڕێی دەكەن:

هێندەت زانی
دەستم لە تەکسییە ڕاگرت
تا بزربم لە چاوانی
ئەو سیخوڕەی
دوور و نزیک دوام کەوتووە

بۆ نەوەی هەشتاكان، ئەو نیگا سخوڕییە كە وای كردبوو مرۆڤ بە دەروونیی بكات، واتە بیكاتە نیگایەكی هەمیشەیی و لێوەی بڕوانێتەوە خۆی، ئامادەییەكی تۆقێنەرانەی هەبوو. ئاماژەدان بەو نیگایە لە ڕستەیەكدا بۆ كەسانێك ئەزموونیان نەكردبێت، وەك شتێكی ئاسایی دەردەكەوێت، بەڵام بۆ ئەوانەی ئەزموونیان كردووە، ساتێك لە مردن و ستەمیان بیر دەكەوێتەوە كە تیایدا ژیاون. ئەم كۆپلەیەی دوایی؛ هەم قورسایی ئەو ستەمكارییە زیاتر زەقدەكاتەوە و هەمیش ویژدانی زیندووی مامۆستا لە ئاست پیشەكەیدا بەرجەستە دەكات.
ئێستا دەگەڕێمەوە سەر ناونیشانەكە: مرۆڤێكی ئاسایی. بۆچی ئەم مرۆڤە ئاساییە؟ چونكە ئەم مرۆڤە لە ناو كەشێكی ستەمكاریی ئەوتۆدا دەژیا، كە ئەم شێوەژیانەی زۆر ئاسایی بوو. ئەوە ئەو شێوەژیانە سەپێنراوەی هەشتاكانی سەردەمی بەعس بوو، كە تاكەكەسی ڕووبەڕووی تۆقین و نیگای سیخووڕی و هەڵاتنی بەردەوام دەكردەوە، بەڵام لە ناخیدا خەبات و بەرخۆدان و بەردەوامی هەڵگرتبوو. نەوەی ئەوسا ئەم ژیانەیان ئەزموون كردبوو، بۆیە ئەوەندە پابەندن بە كوردبوون و ویژدانی خۆیانەوە لە ئاست پیشە و ئاكاری نەتەوەیی خۆیان، كە ڕەنگە ئەمەش ڕووخسارێكی كۆنەخوازانە و دژەباوی بۆ دروستكردبن. هەر بۆیەشە ئەو قسەیە ڕاستە كە مرۆڤ ڕەنگدانەوەی سەردەمەكەی خۆیەتی، بەڵام دەبێت ئەمەشی بۆ زیاد بكەین: مرۆڤ بەرهەم و دەستبەسەری سەردەمەكەی خۆشییەتی؛ بگرە لە سەردەمەکەی خۆشی تێپەڕ دەکات.

ھەواڵی زیاتر