کۆڕێک بۆ سامی گلی و ڕوان عەبدولحەمید لە ساڵۆنی ڕۆشنبیری جیهان سازکرا

شیڤان شێرزاد – هەولێر

دەزگای ڕۆشنبیری زانکۆکانی جیهان لە درێژەی کار و چالاکییە هونەریی و ڕۆشنبیرییەکانیدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تاکڤین بۆ گەشە و هاوکاری مرۆیی کۆڕێکی تایبەتی بۆ دوو نووسەری بەئەزموونی بزاوتی ڕۆشنبیری سازکرد و کتێبی “لە کوێ خۆشەویستی هەبێت ژیان لەوێ هەیە” بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ڕۆشنفکرانی بواری وشە ناسێندرا.

ئەندازیار “بورهان سابیر” بەرپرسی بەشی هونەری و ڕۆشنبیری جیهان لە لێدوانێکدا بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ناساندنی کتێبێک لە بارەی چه مکی خۆشەویستی ئەو دوو نووسەرە گەشتێکە بە نێو عەشق و پاکی ژیان و کۆکردنەوەی ئەو هەمووە جوانیەیە، کە دەبن بە سەربوردەی تاکەکان و گێڕانەوەی یاد و ئەوینی هەموومان لەو کتێبەدا ڕەنگیداوەتەوە، بۆیە ئێمە وەک دەزگایەکی ڕۆشنبیری لە چوارچێوەی چالاکییەکانماندا ئەو کۆڕەمان ڕێکخست و پشتیوانی خۆمان بۆ نووسەر و ئەدیبانی کورد و عەرەب دەردەبڕین بۆ ئەنجامدانی چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانیان، کە بتوانێت خزمەت بە ڕەوشی هونەری کوردستان بکات.