مەیلی تەكنۆلۆژیا، مەیلی زمان

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

ئەمڕۆ مرۆڤ لەنێو بڕێكی زۆری سیستمی پێكگەیاندنی رۆژانەدا گیری خواردووە، كۆمەڵێ رووداو و یەكەی سیمیۆلۆژی وردی رێكخراو و ناڕێكخراو، زمان و نازمانی.. رۆلی خۆیان لە ژیانماندا دەگێڕن و دنیابینیمان دیاری دەكەن. لێرەوە ئیتر تێدەگەین بنەمای ژیان لە دنیای پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد لە ریشە میتافیزیكییەكەی پچڕاوە! بەدیوە رۆشنبیرییەكەشی تێدەگەین شاشەی ژیان هەر تەنها بەرهەمی ململانێی كلتوورەكان نییە، بەڵكوو سەبەتەی هۆكارە سیمیۆلۆژییەكان و مەیلی ئەتۆمگەرایی و فەزای گریمانەییە..

كەواتە لەبەرانبەر سوبێكتدا، لەبەرانبەر داهێناندا فەزای گریمانەیی ئاماژەكان نوێنەرایەتی واقیعی مەتریالی دەكەن، بەڵام سوبێكت لە سیستمی هەڵبژاردن دانەبڕاوە، بەو مانایەش داهێنانی ئەدەبی و هونەری لە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد لە رێگای پۆلینكردنەوە، دەتوانی خۆی لەگەڵ واقیعی گریمانەیی ئاماژەكان بگونجێنێ. كەواتە لە ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێرەوە تا سیستمی ناسینەوەی دەنگ.. دەبێ بە شوێن فۆڕمێكی دیكەی نوێی ئەدەبی هونەرییدا بگەڕێ و سوود لە هەموو تواناكان وەربگرێت.
شاشەی گێڕانەوەكان رووخسارێكی گرمۆچەبوو پیشان دەدەن و لێی نووسراوە پێش. لای چەپی شاشە رووخسارێكی ئایدیالی پیشان دەدات و لەسەری نووسراوە پاش. بەڵام سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد فەزای ئەتۆمگەرایی و گریمانەیی سیمیۆلۆژیا، لە چاك و خراپ خاڵیكراوەتەوە و فۆرم، جێگەی جەوهەری گرتۆتەوە.
پرسیار ئەوەیە ئایا سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، دنیای فاشیزمی تەكنۆلۆژیایە، یان مەیلی فاشیزمی زمان؟ ئایا سوبێكتی لاكانی چیدیكە دەتوانێت بە ”ڕەش – سپی“ بدوێت؟ بێگومان ئیتر مرۆڤ لەو فۆڕمە خوداییەی خۆی دوور دەكەوێتەوە، ئیتر زمانی ئەدەب و هونەر، سەیرورە و نوێبوونەوە و گۆڕانكاری و خۆ گونجاندنە، بەردەوام زاڵبوونێكی ڕێژەیی بەسەر كات و تێگەیشتندا دەسازێنێ.

فەزای گریمانەیی وڕوژاندنی خوێندنەوە
دەشێ مەیلی گێڕانەوە و شیعرییەت هەڵاتن بێ، لە نمایشی رۆژانە و هێزی بزوێنەری فەزای گریمانەیی (بە مانا بۆردیارەكەی). بە دیوەكەی دیكەش دەشێ خەیاڵی گێڕانەوە و شیعرییەت وەك نووسینەوەی نووسین، پانتاییەك بۆ ئاوێتەبوونی وەهم و واقیع خۆش بكات!. بەڵام ئەوەی ئەو وەهمە هەڵدەمژێت، هێزی بزوێنەری ماشێنی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد نییە، بەڵكوو بە شێوە تەقلیدییەكە مەیلی بزوێنەری وەرگر و خوێنەرە، ئەوە توانای وەرگر/خوێنەرە لە فەزای خوێندنەوە و دوای (بەخەبەر بوونەوە لە نمایشەكان) دەچێتە فەزای گریمانەیی جیاوازی واقیع، بۆ خودی واقیع.
وەك چۆن وەرگر/خوێنەر ناتوانێ ل ە فەزای خوێندنەوە بێتە دەرەوە، سوبێكتی سەردەمیش ناتوانێ لە دەرەوەی مەیلی ئەتۆمگەرایی پۆستمۆدێرنەدا بژیت! وەرگر/خوێنەر لە دەرەوەی خوێندنەوە وەرگر/خوێنەر نییە. سوبێكتی سەردەم لە دەرەوەی دنیای ئەتۆمگەرایی سوبێكتی سەردەم نییە. فەزای گریمانەكراو و فەزای خوێندنەوە بەو مانایەیە كە (سوبێكتی تەكنۆلۆژی و خوێنەری زمان) لەگەڵ نیشانەكان و گەیاندنی پراكتیكی هێماكان پێكدەگەیەنێت، لەوێشەوە تێگەیشتن و راڤەكردن و جێبەجێكردن بەجێدەهێنن. ئەوەش خوێندنەوەی ژیان و فەزای گریمانەكراوە، كە جیاوازی و دیالۆگ و تێگەیشتن، سیماكانی دەنەخشێنێ. كەواتە ئەگەرەكانی گۆڕانكاری هەنگاوی جیاواز و بیركردنەوەی جیاواز و هۆشیاری جیاوازی دەوێت.
فەیلەسووفی فەڕەنسی ژان بۆدریار لە یەكێك لە بەرهەمەكانیدا حیكایەتی كەسێك دەگێڕێتەوە بە ناوی ئیشی (Ishi). ئەو كەسە سەر بە دانیشتووانە ڕەسەنەكەی ئەمەریكایە و دوایین هیندییە لە خێڵەكەی لە ژیاندا مابێ، ڕادەگوێزرێت بۆ شاری سان فرانسیسكۆ. (ئیشی) سەری سووڕدەمێنێت لە دیمەنی ئەم خەڵكگەلەی لەوێ دەیانبیێت، وێنەی گەورەیی شارەكە و قەرەباڵغی و ڕێژەی زۆری دانیشتوان دەیگەیەننە ئەو بڕوایەی كە هەموو ئەو كەسانەیش وا پێشتر مردوون، هاتوون لەم شارە نیشتەجێ بوون، مردووەكان دەچنە نێوان زیندووەكانەوە و مەودایان لە یەكتری بۆ دەهێڵنەوە. بەو جۆرە زیندووەكان و مردووەكان بە پاڵ یەكترییەوە دەژین. دواجار لە بیركردنەوەی (ئیشی)دا ئەوە مردووەكانن پەیوەندیی نێوان زیندووەكان ڕادەگرن. دەمەوێ لەو خوێندنەوەیەدا بڵێم لە دنیای پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكردا، زیندووەكان ناتوانن بێ ئەدەب و هونەر بژین؟!.
پرۆسەی خوێندنەوە، جیاوازی و فرەیی رەنگرێژی دەكات، شیعرییەت و گێڕانەوە ناتوانێ لاسایی مردووەكان و زیندووەكان بكاتەوە! خوێندنەوە واقیع و خودی واقیع و نەهاتنەوەیە لە واقیع، یان بە مانا سیمیۆلۆژییەكەی زێدەواقیعییە! ئەوە خەیاڵی گێڕانەوە و شیعرییەتە، كە بە خێرایی دەبێتە كۆدێكی دیكە بۆ سوبێكت، ( بەمانا بۆدریارەكەی) دەبیتە كۆد و پاسۆرد و ژمارە و ئەكاونت، پەیوەندی و عەشق و سێكس و پێكەنین و گریان و..
لە دواجاردا تێزەكە ئاوای لێدێت: راستی لە خەون دەچێت. بەڵام ئەو تێزە هەڵەیە چونكە جێگوڕكێ بە رۆلی خەون و راستی دەكرێت، ئەو كاتە دەتوانین لەگەڵ فرۆیددا دژ بە فرۆید بڵێین: چەپێنراو بە رێگای خەوندا نایەتەوە، بەڵكوو بە رێگای راستیدا دێتەوە. (بۆ زێتر شارەزایی و بەدواداچوون بڕوانە: زێدەواقیعی: چەند یادداشتێك دەربارەی فەزای مەجازی-هاوار محەمەد). وەك ئەوەیە بڵێیت: مەیلی گێڕانەوە و شیعرییەت بە رێگای خەونی ئەدەبیدا نایەنەوە، بەڵكوو بە رێگای زیرەكیی دەستكرددا دێنەوە.

لۆژیكی ناهاوسەنگی پێكگەیاندن
بە گشتی میدیا دەروازەی گەیاندنی زانیاری و جوانی و مانایە. لە دنیای پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرددا میدیا وەك بەدیلی رۆحی بە دەوری جەستەدا دەسووڕێتەوە! كلینەكانی جوانكاری، هۆڵەكانی لەشجوانی، پرۆتین و كریاتین و بۆتۆكس و فیلەر، رجیمە خۆراكییەكان.. بە دیوەكەی دیكە زمانی میدیایی، یان مەیلی میدیایی وەك بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی جەستە و ئاماژەكان خۆی نمایش دەكاتەوە. بەڵام گوتاری میدیایی هەر تەنها بابەتی خوازراو و مانای رووكار و جوولەی سادە و راستەوخۆ ناگەیەنێت، بەڵكوو مانای ناوەكی و ناڕاستەوخۆیشی لەخۆدا هەڵگرتووە و لەپشت جوولە و وێنەكان و وشەكانەوە دنیایەكی مانادار لە ئارادایە. جگە لە هەموو ئەوانەش مۆڕكێكی چێژئامێزیش لەخۆ دەگرێت. بۆیە ئەمڕۆ مەیلی (زمان، تەكنۆلۆژیا) لەبری میدیا بۆتە گەورەترین دەسەڵاتی سەر گۆی زەوی، دەتوانێت زۆرترین كاریگەری بخولقێنێت.
بێگومان كاركردنی تەكنۆلۆژیا و سیمیۆلۆژیا لە گوتاری میدیاییدا جێكەوتە و نرخی خۆی هەیە، بۆیە كاتێك بۆدریار وەك هۆكاری گواستنەوەی دەلالەت و بایەخی رووتكردنەوە لە مانا، دەڵێ ئاماژە كاڵایە بۆ كاڵایەكی دیكە.. ئەلتەرناتیفێكی بەتاڵە بۆ كاڵایەكی دیكە، دالێكە بۆ دالێكی دیكە و بە گشتی مەدلول لەناوچووە! دەیەوێ بڵێ مانا كەمتر و كەمتر ئامادەیە. سەیر نییە لەمیانی سیمیایی نوێدا ژان بۆدریار وەك خوازەی گەورە تەماشا زمان بكات؟! چوونكە زمان لە سیمیۆلۆژیادا توانای ئەوەی هەیە، كە هەموو ئەو سیستمانەش لەخۆ بگرێ، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ گوزارشت لە خۆیان ناكەن و ئاماژەی ئەبستراكتین و هەر تەنها ئاماژە بە دەلالەتەكانیان دەكەن. دەكرێ ئەو قسەیەی بۆدریار دووبارە ململانێی فاشیزمی تەكنۆلۆژیا و فاشیزمی زمان بیر بخاتەوە. ئەوەش كۆتایی مێژووی ئەدەب و هونەر نییە، وەك دەڵێن بەڵكو كۆتایی جوگرافیایە: هەر ئەوەشە سەردەمی ئێمە بە یەكگرتنی كات و شوێن جیادەكاتەوە، یەكگرتنی كات و شوێن، لە فەزای گریمانكراوی زیرەكیی دەستكرد تێناپەڕێ. میترۆستراتیژیا شوێنی جیۆستراتیژیای گرتۆتەوە. بەمجۆرە رووداوی سوبێكتی داهێنەر بە كاتدا درێژ نابێتەوە، زیاتر لە كودەتا نزیكە وەك ئەوەی تەنها رووداوی لەپڕ بێ، رووداوی نمایشكارانە بێت. ئەمڕۆ دنیا، دنیای ناوەندیارە، لە گۆڕەپانی رۆشنبیریی رەخنەگر ناوەندیاری دانەر و خوێنەرە، مێژوونووس ناوەندیاری رابردوو و ئێستایە.. بەڵام ئایا تەكنۆلۆژیا ناوەندیاری زمانە، یان زمان ناوەندیاری تەكنۆلۆژیایە؟
ئێستا داوا لە نووسەر دەكرێ پەیوەندی لەگەڵ هۆیەكانی راگەیاندن و تەكنۆلۆژیا ببەستێ، یەكەمجار بە دوای مەیلی میدیادا بڕوات و بەر لەوەی بە دوای مەیلی زمان و نووسیندا بكەوێت، چونكە لە رێگای تەكنۆلۆژیا و میدیاوە دەبێتە دانەر!
بەڵام بێگومان زمانەكان نووسین درووست دەكەن، تەكنۆلۆژیا وێنەكانی بڵاو دەكەنەوە. دانەرەكان لە رێگای زمان و تەكنۆلۆژیاوە ژیانی خۆیان، چالاكییەكانیان دەناسێنن. رەنگە بتوانن گۆرانی لە بارەی خوێندنەوەی خودی نووسینەوە بچڕن، ببنە خوێندراوە بەر لەوەی بخوێنرێنەوە! لیرەوە دنیای نمایش رووییەكی دیكەی دەسەڵاتی زمان و تەكنۆلۆژیا نیشان دەدات.

پەرگیری و تەنیایی
هێزی ئەدەب چییە؟ سارتەر دەڵێ هێزی ئەدەب هێزێكە، ئەدەب تێدەپەڕێنێ. كەواتە پرسیارەكە دەچێتە نێو توانای سوبێكتەوە، ئەدەب لەو هێز و توانایانە پێكهاتووە كە لەسەرووی ئەو شتانەوەیە، كە پشتی پێدەبەستین. سوبێكتی داهێنەر دەتوانێ تەنیا بێ، نەك پەڕگیر. تەنیایی توانایەكی بنەرەتییە لە داهێناندا، بەڵام پەرگیری تووندوتیژی دەخاتەوە، سوبێكتی داهێنەر بۆ تەواوكردنی گفتوگۆی بەرفرەوان لەگەڵ مەیلی تەنیایی دەمێنێتەوە، بەڵام لەگەڵ هێزی پەڕگیری هەڵناكات؟!
خوێندنەوە لە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد چیدی راڤەكردنێكی نوێ نییە بۆ دەروونی خوێنەر، بەڵكوو دیدێكی نوێیە بۆ جیهانبینی. وەك چۆن سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد تەنها فیكری نوێی بەرهەم نەهێناوە، بەڵكوو بوو1نیادی خودی بیركردنەوەی گۆڕیووە. واتە لەبری سرووشتی نیشانەكان و چۆنیەتی راڤەكردن، نیشانەكانی گۆڕیووە. هەڵبەتە راڤەكردن یەكەمی نییە، چونكە تێگەیشتن راڤەكردن بەڕێوەی دەبات، هەموو بابەتێ بابەتەكانی راڤەكردنی یەكەمە، بەمجۆرەش ناتوانین بەبێ خوێندنەوە و تێگەیشتن، راڤەكردن دابمەزرێنین، راڤەكردن تەنها لەسەر راڤەكردنی پێشتر نەبێ دانامەزرێ، ئەوەی ئەو دوو راڤەكردنەش بە یەكەوە دەبەستێتەوە پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیاو زمانە. شیعری بێ شیعرییەت، گێڕانەوەی بێ خەیاڵ، وەك ماست، پەنیری، شیری، بێ چەوری، قاوەی بێ كافایین، جگەرەی بێ نیكۆتین.. لە خوێندنەوە و تێگەیشتن و راڤەكردن دوورمان دەخەنەوە. هەموو ئەوانەش لە دنیای پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد ناوی ئەو بەرهەمهێنراوانەن كە دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە و هەموو راڤەكردنێ، هەموو چێژێ لە خۆیاندا ون دەكەن، تەنها ناوەكەیان نەبێ! ئەوەش فێڵێكی ناهۆشیارانە نییە بەڵكو هۆشیارانەیە، شاراوە نییە، بەڵكوو كەشفكراوە، فریودانی تەكنۆلۆژیا و فریودانی زمانەكانە.

ئێستای تەكنۆلۆژیا و سروتی گەڕانەوە
نیتشە دەڵێ ژیان لە خۆشیی رسكاوە، بەڵام گەمژەكان هەموو لقەكانی ژەهراوی دەكەن. ئەگەر (خۆشی) تەرجەمەی (دیالۆگ) بكەین، دەتوانین بڵێین دیالۆگ تەواو لەگەڵ هەموو ئەو ژەهراویبوونە دژ دەكەوێتەوە، دیالۆگ تەواو لەگەڵ هەموو سەپاندنێ دژ دەكەوێتەوە.. كەواتە پەیوەندیی نێوان سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد و ئەدەب وهونەر، ئەگەر سەپاندنی تێدا نەبێت ناوازەیی تەكنۆلۆژیا و ناوازەیی داهێنانی ئەدەبی و هونەرییەكان لەكەدار ناكات.
ئەگەرچی پاڵنەری داهێنان دیاریكراو نییە، بەڵام كردەی داهێنان لەبارەی داهێنانەوە گۆڕان و سەیرورە و بەردەوامییە، بۆیە زمان دەتوانێ لەگەڵ سەردەمی پاش حەقیقەت و تەكنۆلۆژیای نوێدا دیالۆگ درووست بكات. دەمەوێ بڵێم پارێزگاریكردن لە داهێنان بە دڵنیاییەوە لە غەریزەی عەشقی سوبێكت و دیالۆگەوە سەرچاوە دەگرێ، بەڵام ئاشكراكردنی ئەو غەریزەیە و ئاراستەكردنی دیالۆگ، بۆ ئامانج و مەبەستی دیاریكراو جۆرێك لە شەڕانگێزی دەنێتەوە، ئەوەش بەشێكی گەورەی ترسی داهێنەرانە. ئەوە قسەیەكی سوسێرمان لە بارەی زمانەوە بیر دەخاتەوە كە دەڵێ: بابەتێك تەنیا بە لابردنی ئەویدی دەبێت بەو شتەی كە هەیە.
تەكنۆلۆژیا و زمان، بەردەوام یاری شت بزركردن و دۆزینەوە دەكەن، سوبێكت بەردەوام لە ژیاندا خەریكی ئەو گەمە منداڵانەیە.. كەواتە داهێنان و فەزای گریمانەیی بریتییە لە سەرچاوەی دڵدانەوە. شتە ونبووەكان هۆكاری دڵەڕاوكێن و دۆزینەوەیان چێژ بەخشە.
هەرگیز دڵنیابوونەوە قسەكردن نییە، لەبارەی رەسەنایەتی و گەڕانەوە بۆ ئەسڵێكی كۆن و رووداوی یەكەم و كەلەپور و یادەوەری نەتەوە.. هەمیشە سوبێكتی سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، دەبێ بڕوای بە دیالۆگ و جیاوازی و فەزای گریمانكراو هەبێ، نابێ چەمكی رەسەنایەتی بەرانبەر چەمكی داهێنان بكاتەوە، چوونكە ئەو شێوە فریودانە هەر تەنها هەڵاتن نییە لە كۆمەڵگای نمایش، هەڵاتنە لە ژیان و داهێنانەكانی سەردەم! ئەو شێوە فریودانە لەنێو میدیایی كوردی چوارچێوەیەكی فانتازی بۆ خۆی داگیر كردووە! بەڵام لە رێگای راڤەكردن و خۆناسینەوە نا، بەڵكو وەك سروتی گەڕانەوە و ئامادەكردنەوەی رووداوە سەرەتایی و دامەزراوە ئایینییەكان، وەك ئەوەی كۆمەڵگای كوردی بە یەك رۆژ لە دایك بووبێت و یەك رەنگ و دەنگی هەبێت.
بیركردنەوە لەبارەی رەسەنایەتی گوزارشت لە شاردنەوەی هیچ نەگوتن بەرانبەر ئەمڕۆی تەكنۆلۆژیا و زمان دەكات، بە دیوەكەی دیكەش سۆزی گەڕانەوە بۆ رابردوو وەك بابەت دەگەیەنێت! بیركردنەوە لەبارەی رەسەنایەتی باوەڕهێنانێكی پۆپۆلیستانەیە بۆ مەسرەفی رۆژانە، وەك ئەوەی كایەی مێژوو كایەیەك بێ، خەونە سیاسییەكانی ئەمڕۆی لەسەر بوونیاد بنرێتەوە.
پرسیاری زیرەكیی دەستكرد و رەسەنایەتی پرسیاری پێداویستی ئەمڕۆی داهێنان و زمان و پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیایە. ئایا لە ئێستادا تەكنۆلۆژیا پرسی سەردەمی هەڵگرتووە یان سۆزی گەڕانەوە بۆ رابردوو؟ داهێنەران بۆ دەربڕینی جیانبینی سەردەم پشت بە زانست و تەكنەلۆژیا دەبەستن یان سروتی گەڕانەوە بۆ بنەماكانی رابردوو؟!

هەولێر 25/5/2024