منداڵی خەڵك

جه‌لال ئال ئه‌حمه‌د وه‌رگێڕانی: خالید فاتیحی

بەشی یەكەم

باشە دەمتوانی چی بكەم؟ مێردەكەم ئامادە نەبوو بە منداڵەوە ڕامبگرێ‌. منداڵەكە هی خۆی نەبوو، ئی مێردە كۆنەكەم بوو، كە تەڵاقی دابووم‌، ئەویش حازر نەبوو منداڵەكە بەرێتەوە لای خۆی. ئەگەر كەسێكی دیكە لە جێگای من بایە چی دەكرد؟ باشە، منیش دەمویست بژیم. ئەگەر ئەو مێردەشم تەڵاقی دابام چیم كردبایە؟ ناچار بووم هەرچۆنێك بێ منداڵەكه‌ له‌كۆڵ خۆم بكه‌مه‌وه‌.

ژنێكی ده‌ستوپێ سپی وەك من، بێجگە لەوە هیچ شتێكی دیكەی بەبیردا نەدەهات. نە هیچ شوێنێك شارەزابووم، نەڕێگا چارەیەكیشم شك دەبردو نە هیچ جێگایەكیشم پێدەزانی. دەمزانی دەكرێ‌ منداڵەكە بەریە دایەنگە یان بەكاولگەیەكی دیكەی بسپێری، بەڵام لەكوێ‌ منداڵی منیان وەردەگرت؟ چۆن پێموابا، كە ڕاگیرم ناكەن، ئابڕووم نابەن‌و هەزار ناو و ناتۆرە لە خۆم‌و لە منداڵەكەم نانێن؟ لەكوێ‌؟ نەمدەویست ئاوای لێ بێ.
هەر ئێوارەی ئەو ڕۆژە كە كارەكەم تەواو كردو گەڕامەوە ماڵێ، ئەوەی كردبووم بۆ دایكم و جیرانەكانم گێڕایەوە، نازانم كامەیان بوو گوتی: (باشە نەتدەتوانی منداڵەكەت ببەیە دایەنگە، یان بیبەیتە خانەی هەتیوان و…) نازانم كوێی دیكەشی گوت. بەڵام دەستبەجێ دایكم پێیگوت: ( پێت وابوو ڕێگەیان دەدا؟ ها!) من سەرە ڕای ئەوەی بیرم لەوە كردبووەوە، بەڵام كاتێك ئەو ژنەی دراوسێمان ئەوەی گوت، دووبارە دڵم داخورپا بە خۆمم گوت: (باشە ئافرەت، تۆ ڕۆیشتی تا ڕێگات نەدەن؟) دووبارە بەدایكمم گوت : ( خۆزگە وام كردبایە.)
بەڵام نەشارەزابووم. دڵنیا نەبووم كە ڕێگام دەدەن. ئەو كاتیش درەنگ ببوو. بەقسەی ئەو ژنە بە ئەندازەی دنیایەك خەم بەسەر دڵمدا باری. هەموو شیرین زمانی منداڵەكەم وەبیر هاتەوە. ئیتر نەمتوانی ددان بە خۆمدا بگرم، لەبەرچاوی دەرو جیرانەكان زووڕ زووڕ دەستمكرد بەگریان.
بەڵام چەند ناخۆش بوو، گوێم لێبوو یەكێكیان لە بن لێوانەوە گوتی: (دەش گری! شەرمێش ناكا…)
هەمیسان دایكم بە هانامەوە هات، زۆر دڵی دامەوە، ڕاستیشی دەكرد من هەڕەتی جوانیمە بۆ دەبێ بۆ منداڵێك ئەو هەموو خەمەی بخۆم؟ ئەویش لە كاتێكدا مێردەكەم بە منداڵەوە منی نەوێ‌؟ ئێستاش زۆرم بە به‌رەوە ماوە، كە سێ چوار منداڵم ببن! ڕاستە نۆبەرەم بوو، نەدەبوو ئەوكارەم كردبا، بەڵام دەڵێی چی كار لە كار ترازاوە.
ئیدی ئێستا بیركردنەوەی ناوێ‌. من نەمدەویست هەستم و ئەوكارەی بكەم، ئەوە مێردەكەم بوو پێداگری دەكرد ڕاستیشی دەكرد، نەیدەویست جاشكی نێرە كەرێكی دیكە لەسەر سفرەو خوانی خۆی ببینێ. بۆخۆیشم كاتێك لێكم دەدایەوە، دەمگوت هەقیەتی، ئایا منیش ئامادەبووم، منداڵی مێردەكەم وەك منداڵی خۆم خۆشبوێ‌ و ئەوان بەسەر باری ژیانی خۆم نەزانم؟ ئەوان لەسەر سفرەی مێردەكەم بەزیاد نەزانم؟ باشە، ئەویش هەروا، ئەویش هەقی بوو كە نەتوانێ‌ منداڵی من، منداڵی من نا، منداڵی نێرەكەرێكی دیكە، خۆی گوتەنی لەسەر سفرەی خۆی ببینێ‌.
لە هەمان یەك دوو ڕۆژی هەوەڵێ‌، كە چوومە ماڵەكەی باس هەرباسی منداڵەكە بوو. شەوی دوایی زۆرقسەمان كرد، نەك ئەوەی من زۆرم قسە كردبێ، هەمیسان دەربارەی منداڵەكە قسەی كردو منیش گوێم ڕاگرت، سەرەنجام گوتم: (باشە دەڵێی چی بكەم) هیچی نەگوت، ماوەیەك بیری كردەوە و پاشان گوتی: ( نازانم چی بكەی، هەرچۆنێك پێت باشە وابكە، نامەوێ‌ جاشكی نێرەكەرێكی دیكە لە سەر خوانی خۆم ببینم.) ڕێگاچارەیەكی بۆدانەنام. ئەو شەوە لەگەڵم نە نووست، یانی لێم تووڕەببوو! شەوی سێیەمی ژیانمان پێكەوە بووین، لێم تووڕەببوو. بۆخۆم دەمزانی دەیەوێ‌ لێم تووڕەبێ، بۆ ئەوەی كاری منداڵەكە زووتر تێك پەڕێنم بەیانیش كە لە دەرگای ماڵ وەدەر كەوت گوتی: (نیوەڕۆیە كە هاتمەوە نامەوێ‌ ئەو منداڵەی ببینم. ها!) دوا قسه‌ی خۆی له‌ مستێ نابووم، دەزانی ئێستا هەرچی بیری لێ‌ دەكەمەوە ناتوانم تێبگەم، چۆن دڵم هات بەڵام ئیدی بەدەست خۆم نەبوو. چارشێوەكەم بەسەرمدادا، دەستی منداڵەكەم گرت و هەردوای مێردەكەم لەماڵ وەدەر كەوتم.
منداڵەكەم سێ ساڵانەبوو. بۆخۆی زۆر جوان دەڕۆیشت. خراپەكەی لەوەدابوو، سێ ساڵ تەمەنی خۆم لەسەر دانابوو. هەموو كوێرەوەریەكانی تەواوببوون. هەموو شەونخونییەكانی تێپەڕیبوون. تازە سەرەتای حەسانەوەم بوو، بەڵام ناچار بووم دەبوو كارەكە ئەنجام بدەم.
تا پەنای وێستگەی ماشێنەكان پێ بەپێی ڕۆیشتم. پێڵاوی دەپێ كردبوو، جلكە جوانەكانیشم دەبەر كردبوو یەك كۆت و شەرواڵێكی شینی چكۆڵە، هەر ئەو دواییە مێردە كۆنەكەم بۆی كڕیبوو. كاتێك جلەكانم دەبەركرد، ئەو بیرە بە مێشكمدا هات كە ( ژنێ‌ بۆ جلكە نوێیەكانی دەبەر دەكەی؟ بەڵام دڵم نەهات. دەمتوانی چی بكەم؟ چاوی مێردەكەم كوێربێ، ئەگەر دووبارە منداڵم بوو، با بڕوا جلك و بەرگی بۆ بكڕێ‌! جلكەكانیم دەبەر كرد، سەرم شانەكرد، زۆر جوان ببوو. دەستم گرتبوو، بە دەستەكەی دیكەم چارشێوی نوێژەكەم لە دەوری كەمەرم هاڵاندبوو، وردە وردە هەنگاوم دەنا، ئیتر پێویستی نەدەكرد جنێوی پێبدەم، تا تووندتر بڕوات. دواجار بوو كە دەستم دەگرت و بە كۆڵاندا، لەگەڵ خۆم دەمبرد دووسێ جاران ویستی كێكی بۆ بكڕم، گوتم: (لە پێشدا سواری ماشێن دەبین، دوایەش كێكت بۆ دەكڕم…)
لە بیرمە ئەو ڕۆژەش وەك ڕۆژانی دیكە، بەردەوام پرسیاری دەكرد. ئەسپێك لاقی لە قوڵكەی جۆگە ئاوێك كەوتبوو، خەڵك دەورەیان دابوو زۆر هەوڵیدا بڵندی بكەم تابزانێ‌ چ باسە بەرزمكردەوە ئەسپەكە لاقێكی ڕووشا بوو، خوێنی لێدەهات كاتێك هێنامە خوار گوتی: (دایە دەستی بڤە بووە!) گوتم: ( ئەدی ڕۆڵە گیان، بە قسەی دایكی نەكردووە، بۆیە دەستی بڤە بووە.)
تا گەیشتینە وێستگەی ماشێنەكان ئارام ئارام دەڕۆیشتم. زۆر زوو بوو ماشێن كەم بوون. نزیكەی نیو كاتژمێر لە وێستگە مامەوە تا ماشێنێك په‌یدابوو. منداڵەكەشم ڕا نەدەوەستا، هێندەی پرسیار دەكرد بێزار ببووم. دوو سێ جاران گوتی: (دایە ئەوە بۆ ماسێن نایە؟ ئەگەر وایە با بسین كێكی بكلین) منیش دووبارە گوتم ئێستا دێت. پێشم گوت كاتێك سواری ماشێن بووین كێكت بۆ دەكڕم.

ھەواڵی زیاتر