د.حەسەن یوسف بیرێژی: ڕۆماننووس دەیەوێ لەڕێی بگێڕەوەوە گوزارشت لە جیهانبینیی خۆی لەنێو دەقدا بكات

دیمانە: هێمن خەلیل

دكتۆر حەسەن بیرێژی نامەی ماستەرەكەی بە ناونیشانی (ڕەهەندی كۆمەڵایەتی لە ڕۆمانەكانی عەتا نەهایی) دا، هەروەها تێزی دكتۆراكەی (ڕۆڵی بگێڕەوە لە ڕۆمانەكانی حسام بەرزنجی)دا، كە لە كۆلێژی زمانی زانكۆی سەلاحەدین ساڵی 2020 بە دەستی هێناوە، تایبەت بە بە بەشێكی تێزی دكتۆراكەی دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد .

لەسەرەتا لە (د.حەسەن)مان پرسی ڕۆڵی بگێڕەوە لە گواستنەوەی جیهانبینی نووسەردا چییە؟ لە وەڵامدا گوتی:”ئەركی سەرەكیی بگێڕەوە گواستنەوەی جیهانبینیی نووسەرە بۆ نێو دەق و لەڕێی ئەویشەوە بۆ خوێنەر. بەمەش ڕۆماننووس دەیەوێ لەڕێی بگێڕەوەوە گوزارشت لە جیهانبینیی خۆی لەنێو دەقدا بكات و پووختەی بۆچوونەكانی سەبارەت بە كێشە و ئاریشەۆكانی خۆی و كۆمەڵگەكەی لە ڕێگەی بگێڕەوەیەكەوە بگوازێتەوە نێو دەقەكەی و لەوێشەوە پێشكەش بە خوێنەرانی بكات. هەندێ جاریش ئەم جیهانە خوازەییە هەموو بەشەكانی ئەم كەرەستەیە پەسەند ناكات، بیری ڕۆماننووسەكە لەسەر زاری بگێڕەوەوە دەردەكەوێ، بەمەش جۆرێك لەگێڕانەوەی چڕكراوە پێكدێت كە بەشێوەیەكی ڕێژەیی بگێڕەوە جیا دەكاتەوە لەوەی، كە دەیگێڕێتەوە و بگێڕەوە دەبێتە دەمامكێك بۆ ڕۆماننووس. بیری سیاسی و ڕەخنەی كۆمەڵایەتی و باری دەروونی و ئاستی بژێوی و ڕۆشنبیری خودی ڕۆماننووس و تاكەكانی كۆمەڵگا، بەشێكی گرنگ و سەرەكی جیهانبینی و ئایدیۆلۆژیای ڕۆمان پێكدێنن، بۆیە كاتێ نووسەر مەبەستی بێت ئایدیۆلۆژیا و جیهانبینیی خۆی لە دەقێكدا دەرببڕێ، سرووشتییە كە پەنا بۆ كارەكتەرێكی نێو دەقەكەی ببات، سەرەكی بێت یان لاوەكی، تا وەكوو بیكاتە هەڵگری ئایدیۆلۆژیا و جیهانبینیی خۆی.”
لە پرسیارێكی تردا لە دكتۆرمان پرسی ڕۆڵی بگێڕەوەی هەمووشتزان لە گواستنەوەی جیهانبینیی ڕۆماننووسدا چییە؟ لە وەڵامدا دەڵێ‌:”بۆ ئەوەی بگێڕەوە بەئازادی لێدوان لەبارەی كارەكتەرەكانەوە بدات و زانیاری زیاتر لەبارەی دیوی دەرەوە و ناوەوەیان بزانێت، نووسەر ڕوانگەی هەمووشتزان بەكاردێنێت، چوونكە ئەم بگێڕەوەیە دەسەڵاتێكی بێ سنوری هەیە و هیچی لێ شاراوە نییە. بەگوێرەی ئەم ڕوانگەیە، بگێڕەوە دەرەكییە وەسفی ئەوە دەكات كە دەیبینێ و ڕووداو، و كارەكتەرەكان بەشێوەیەكی بێلایەنانە پیشكەش دەكات و توانایەكی بێ سنووری هەیە لە ئاشكراكردنی بیری شاراوەی كارەكتەرەكاندا، بۆ ئەم مەبەستەش بگێڕەوەی هەمووشتزان لە گێڕانەوەكەیدا پەنا دەباتە بەر جێناوی (ئەو)ی كەسی سێیەمی تاك. ئەم جۆرە بگێڕەوەیەش پێی دەگوترێ (بگێڕەوەی دەرەكی)، بگێڕەوەی دەرەكیش یەكێك نییە لە كارەكتەرەكانی چیرۆكەكە و نابێتە كارەكتەر تێیدا و شوێنی لە دەرەوەی ڕووداوەكانە، نەك دەرەوەی ڕۆمان، وەك هەندێ بەهەڵە مەزەندەیان كردووە، دەسەڵاتی هەمووشتزانی هەیە، سەر بەستانە دەتوانێت لەبارەی ڕووداو، و كارەكتەرەكانەوە لێدوان بدات.”
سەبارەت بە ڕۆڵی بگێڕەوە لە گواستنەوەی جیهانبینیی كارەكتەرەكاندا دكتۆر حەسەن ڕای وایە:”یەكێك لەو توخمە گرنگانەی ڕۆمان پێكدەهێنن كارەكتەرە، كە تەواوی توخم و تەكنیكەكانی تر لە خزمەت دەرخستنی جیهانبینی و هەڵوێستەكانی ئەودان، ئەم دەقە گێڕدراوەیەش جۆرەكانی پەیوەندی نێوان كارەكتەر و بگێڕەوە لەخۆدەگرێت،بگێڕەوەش ڕۆڵی هەیە لە دەرخستنی جیهانبینیی كارەكتەردا، بە هەردوو جۆری (سەرەكی و لاوەكی)یەوە لەنێو دەقی ڕۆماندا. ڕۆماننووس بە دوو شێواز كارەكتەرەكانی پێشكەش دەكات، كە خۆی لە (ڕاگەیاندن) و (نمایشكردن)دا دەبینێتەوە. لە شێوازی (ڕاگەیاندن)دا ڕۆماننووس پشت بە بگێڕەوەی هەمووشتزان دەبەستێ و جێناوی كەسی سێیەم بەكاردەهێنێ. هەروەها لەڕێگەی ئەم بگێڕەوەیەوە هەموو لایەنەكانی كارەكتەر بەخوێنەر دەناسێنێت. لە شێوازی نمایشكردنیشدا بگێڕەوە دەسەڵاتی كەمترە و جێناوی (من) كەسی یەكەم تاڕادەیەكی بەرچاو دەردەكەوێت و زەق دەكرێتەوە،بەمەش بگێڕەوەكە هەمان شتزانە، ئەوەی كارەكتەر دەیزانێت و دەریدەبڕێت ئەمیش هەر ئەوەندە دەزانێت، بۆیە ڕیگە بەكارەكتەرەكان دەدرێت خۆیان نمایش بكەن و جیهانبینی خۆیان پێشكەش بكەن.بەم شێوەیە ڕۆماننووس، كارەكتەر بەخوێنەر دەناسێنێت و بۆ قەناعەت پێكردن و تێكەڵكردنی هەست و سۆزی خوێنەر لەگەڵ كارەكتەرەكانی نێو ڕۆمانەكەیدا، هەوڵ دەدات وێنەی كارەكتەرەكانیان پێ ئاشنا بكات و لەڕێی بگێڕەوەوە سەرجەم توخم و هونەرەكان بەكاردێنێ، تاوەكو یارمەتیدەر بن لە وێنەكێشان و دەرخستنی جیهانبینییان، ئەمەش لەڕێی دەرخستنی ڕەهەندەكانی كۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی و دەروونی و ڕۆشنبیری كارەكتەرەكانەوە دەردەكەوێت.”
لە پرسیارێكی تر لەو مامۆستایەمان پرسی ڕۆڵی بگێڕەوەی هەمووشتزان لە گواستنەوەی جیهانبینیی كارەكتەری سەرەكیدا چییە؟ لە وەڵامدا گوتی:”نووسەر لەڕێی ئەم بگێڕەوەیەوە وێنەی كارەكتەرەكانی لە دەرەوە دەكێشێ و ڕاڤەی هەست و سۆز و بیروباوەڕ و پاڵنەرەكانی دەكات و بەدواداچوون بۆ هەندێ هەڵسوكەوتی دەكات و هەندێكیان شیدەكاتەوە، زۆر جار بەبێ پێچ و پەنا و بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا ڕای خۆیمان دەداتێ. كەواتە ئەم بگێڕەوەیە هەموو ئەو لایەنانەی كارەكتەری سەرەكی، كە خۆی مەبەستییەتی،بەتایبەتیش جیهانبینیی، لەڕێی تەكنیكەكانی دیالۆك و مۆنۆلۆگ و … هتد، بۆ خوێنەری ئاشكرا دەكات.”
تایبەت بە ڕۆڵی بگێڕەوەی هەمانشتزان لەگواستنەوەی جیهانبینی كارەكتەرە لاوەكییەكاندا دكتۆر دەڵێ‌:”ڕۆماننووس لەڕێی بگێڕەوەی هەمانشتزان، هەر تەنیا جیهانبینیی خۆی و كارەكتەری سەرەكی لەنێو دەقدا ناخاتەڕوو، بەڵكوو دەرخستنی جیهانبینیی كارەكتەرە لاوەكییەكانیش لایەنێكی دیكەی ئەم پرۆسەیە، كە نووسەر بەبگێڕەوەی هەمانشتزانی سپاردووە. بگێڕەوە جیهانبینیی كارەكتەری لاوەكی لەپاڵ كارەكتەری سەرەكیدا بەپێی ڕێژەی بەشدارییەكەی لەنێو دەقدا ئاشكرادەكات. هەموو دەقێكی گێڕدراوەش پێویستی بەكارەكتەری لاوەكی هەیە، بۆ ئەوەی زیاتر جیهانبینیی نووسەر دەربخات، كە بەشێك لەو جیهانبینییەی بەسەر ئەم كارەكتەرانەدا دابەشكردووە، ئەمەش لە پەیوەندی و ململانێی نێوان كارەكتەرە لاوەكییەكان و كارەكتەری سەرەكیدا باشتر دەردەكەوێ. ئامانجی بگێڕەوە لە گواستنەوەی جیهانبینیی كارەكتەرە لاوەكییەكاندا ئەوەیە، كە بۆچوونی ئەم كارەكتەرانە سەبارەت بە ڕووداوەكان و كارەكتەری سەرەكی بەخوێنەر بگەیەنێ، چوونكە كارەكتەرە لاوەكییەكان ڕۆڵی گرنگ لە ڕوونكردنەوەی چیرۆكدا دەبینن و خوێنەر بۆ شوێنەپەنهانەكانی چیرۆكەكە دەبەن، هەروەها چنینی ڕووداوەكان بەرەو پێش دەبەن، بەشێوەیەك بەڕوونی تیشك دەخەنە سەر كارەكتەرە سەرەكییەكان. بەگوێرەی ڕوانگەی بگێڕەوەش،شێوازەكانی گێڕانەوەی ڕووداو و هەڵسوكەوتی كارەكتەرەكان جیاواز بەدەردەكەوێت. هەروەها ڕۆماننووس بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی بەبگێڕەوەكەی دەدات، ئامادەبوون و دەستتێوەردانی خۆی لەنێو دەقەكەدا دیاری دەكات. لەبگێڕەوەی هەمانشتزاندا نووسەر دەسەڵاتی سنووردارە و ڕێ بەكارەكتەرەكان دەدات خۆیان نمایش بكەن.”