نووسەران، تێکستەکان لە کوێوە دەهێنن؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕۆمانێکی مستەفا خەلیفەم خوێندەوە بەناونیشانی “قەپێلک” لەو ڕۆمانەدا ئەم نووسەرە سوورییە، باس لە دۆخی زیندان دەکات لە سوریا و گەلێک دیمەنی ترسناک و تۆقێنەری نووسیوەتەوە. زۆرجار هێندە خەمباری دەکردم نەمدەتوانی تا چەند کاتژمێرێک لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بەردەوام بم. خەلیفە ئەم ترس و تۆقاندنەی نێو زیندانەکانی سوریای بە شێوەی ڕۆمان نووسیوە و هەندێک لە شارەزایانی ئەدەبی سوری ئەوەش دەخەنەڕوو کە ئەم ڕۆمانە واقییە و نووسەر بە کەڵکوەرگرتن لە ژیانی خۆی نووسیویەتی، بەڵام من ئەوکات پێموابوو گەلێک زیادەڕەوی لە باسکردنی زیندانەکاندا کردووە. بەڵام ساڵێک دواتر کە بیرەوەریی هەندێک لەو پێشمەرگەکانی کوردستانم لە زیندانەکانی بەعسدا خوێندەوە و خۆیشم لە نزیکەوە بەشێک لە دۆست و ناسیاوانم باسی ئەو زیندانانەیان بۆ کردم بۆم دەرکەوت ئەو ئەشکەنجە و ئازارانەی لە دڕەندەترین شێوە چەشتوویانە ئەوەی خەلیفە نووسیویەتی دەشێ زۆر کەمتری باس کردبێت، ئەوەی لە واقیعدا ڕوو دەدات دەشێ گەلێک سامناکتر و ترسناکتر بێت، بەڵام وشە نەتوانێت بینووسێتەوە و ئەو هێزەی نییە کە تەواوی ئەو ئازارانە هەڵبگرێت.

لێرەوە دەتوانین بپەڕینەوە بۆ پرسیاری ئەوەی نووسەران تێکستەکان لە کوێوە دەهێنن و ئیلهام لە چ شتێک وەردەگرن؟ ئەمەم زۆر لا پرسیار بووە و لە هەندێک لە نووسەرانی کوردیشم کردووە، بەڵام لەوانەوە وەڵامێکم دەست نەکەوت، کە لای من ببێتە جێگەی بڕوا، بەڵام کاتێک لە زۆر بەرهەمی نووسەران وردبوومەوە و هاوکات لە ڕێی گفتوگۆکانیانەوە ژیانی تایبەتی خۆشیان وردبوومەوە و هاوکات ئەو ئەزموونە کەمەی خۆشم لە دونیای ئەدەبیاتدا کەمێک کۆمەکی کردم، کە بە هەندێک ئەنجامی ورد و بڕواپێکەر بگەم.
یەکەم وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە ئەوەیە کە نووسەران بەرلەوەی تێکستەکان لە جێگەیەکی دەرەوەی خۆیانەوە بهێنن لە ناوەوەی خۆیانەوە تێکستەکان دەچنن. هەموو نووسەرێکی داهێنەر یەکەم کەرەستەی نووسینەکانی ژیانی خۆیەتی. بەڵام بێگومان بە ئەمە پرۆسەیەکی گەلێک وردە و هاوکات سەرنجی زۆری دەوێت، بەتایبەت ئەوەی کوێی ژیانی نووسەر دێتە نێو تێکستەوە. خاڵێکی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە زۆرجار نووسەران گەلێک دەستکورتن لەوەی ژیانی خۆیان بکەن بە تێکست. واتە ئەو مەعریفەیەی هەیانە کەمترە لەوەی ژیانی خۆیانی پێ دابڕێژن. بۆ سەرلماندنی ئەم قسەیە نموونەیەک دەهێنمەوە.
چەند ساڵێک لەمەوبەر لە گفتوگۆیەدا لەگەڵ چیرۆکنووسێکی کورددا کە خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی چیرۆک و ڕۆمانە ئەو پرسیارەی سەرەوەم لێ کرد و بەتایبەت لەسەر بیرۆکەی یەکێک لە چیرۆکەکانی بۆم دوا. کاتێک بیرۆکەکەی باس کرد و منیش چیرۆکەکەم خوێندبوویەوە ئەوەی لە بیرۆکەکەدا (مەبەستم ڕووداوە ڕاستەقینەکەیە کە چیرۆکەکەی لەبارەوە نووسیوە) هەبوو گەلێک سەرنجڕاکێشتر و گرنگتر و سەرسامکەرتر بوو، لەوکاتەدا نائاگایانە بە چیرۆکنووسەکەم گوت لە ئاستی ئەو ڕووداوەدا گەلێک بێ بەهرەی، ئەویش وەک جۆرێک لە تەوازع و دانپێدان بەو ڕاستییەدا سەری ڕەزامەندی بۆ لەقاندم.
مەبەستم لەم نموونەیە ئەوەیە کە زۆرجار ژیان زۆر سەختتر و قورستتر و ئەستەمترە، کە لە تێکستەکاندا وێنا دەکرێت. تێکستەکان چەند هەوڵ بدەن دڵڕەقییەکان پیشان بدەن هێشتا ناگەنە ئەوەی مرۆڤێک لە نێو سیستمێکی تۆتالیتاریدا بەدەست سەرانی دیکتاتۆرێکەوە گیرۆدەی دەبێت. کتێبەکان چەند زیادەڕەویش بکەن هێشتا ناتوانن ئەو ئازارانە پیشان بدەن، کە مرۆڤێک لە کاتی برسێتی، یان جەنگەکاندا، یان لەدەستدانی ئازیزێکیدا دەیچێژێت.
کاتێک زیاتر لە تێکستەکان ورد دەبینەوە و بەراوردی دەیکەنەوە بە خودی ژیان خۆی دەبینین زۆر کەمتریان تێدایە لەوەی لە ژیاندا ڕوو دەدات. بێگومان ئەم قسانە بۆ ئەوە نییە بڵێین کە کتێبەکان ناتوانن ژیان بنووسنەوە، نەخێر یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی نەمرکردنی ژیان تێکستەکانن، بەڵام سەختی و قورسی و ئاڵۆزی ژیان وا دەکات زۆرجار وشە دەرەقەتی ئەو سەختی و ئاڵۆزی و قورسیانە نەیەت و ئەو هێزەی نەبێت کە مرۆڤ لەئەزموونکردنی سەختییەکاندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
“گۆران”ی شاعیر دەمێک ساڵە لە دێڕە شیعرێکی گەلێک قەشەنگدا گووتوویەتی “هەرچەند دەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم/ بۆم ناخرێتە نێو چوارچێوەی هەڵبەستم”.

ھەواڵی زیاتر