میدیای کوردی و کێبڕکێی کۆنخوازی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

بنەمایەکی سەرەکی کاری میدیایی بوونی بەرنامە و ستراتیژ و ئایدۆلۆژیایەکە بۆ کارکردن، هەر میدیایەک خاڵی بێت لەم بنەمایانە میدیایەکە لە پانتاییەکی سەرگەرداندا دەخولێتەوە و هەر ڕۆژەی لە ئاوازێک دەخوێنێت بەبێ ئەوەی گرنگی بە بنەما ئیتیکی و نیشتمانییەکان بدات. میدیا ئەوکاتە میدیایەکی سەنگینە، کە بەپێی ستراتیژێکی تایبەت، کە خۆی باوەڕی پێیەتی کار بکات و کارمەندەکانیشی لەسەر ئەو ستراتیژە ڕابهێنێت. لە کۆندا و لە میدیای نووسراو و بینراو و بیستراودا سەنگینی زیاتر لەنێو میدیادا دەبینرا و پاڵەوانی کارتۆنی نەدەهاتنە سەر شاشە و لە ڕادیۆکانەوە دەنگیان بڵند نەبوو و لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکاندا وێنەیان بڵاو نەدەکرایەوە، بەڵام ئەم سەنگینییە لە ئێستای سۆشیال میدیادا کەمتر و کەمتر بووەتەوە، زۆرێک لە کەناڵە میدیاییەکانیش پەیام و سەنگینی خۆیان لەدەستداوە و بوونەتە سۆشیال میدیا بەو مانایەی کە بەرنامە و ستراتیژی کارکردنیان لەلایەن ئەوانی دیکەوە ئاراستە دەکرێت، نەک ئەو بەرنامە و ستراتیژەی کە پێویستە کەناڵێکی میدیایی لەسەری بڕوات، کە من بۆ جیاکردنەوەی لە سۆشیال میدیا بە “میدیای ڕەسەن” ناوی دەبەم.

خاڵی بەهێز و جیاکەرەوەی میدیای ڕەسەن و سۆشیال میدیا ئەوەی کە میدیای ڕەسەن بەپێی بەرنامە و ستراتیژێکی دیاریکراو بەڕێوە دەچێت و دەیەوێت “بینەر/بیسەر/ خوێنەر” ئاراستە بکات. بەڵام سۆشیال میدیا بەپێچەوانەوە زۆرجار بینەر و بیسەر و خوێنەر ئاراستەی دەکەن (بێگومان باس لە ڕووکارە گشتییەکەی دەکەم)، بەو مانایەی کە بنەمای سەرەکی لە سۆشیال میدیادا “ڤیووە/ بینینـە”. واتە مەرجی سەرکەوتنی هەر سۆشیال میدیایەک زۆری ژمارەی بینەرە بۆیە زۆرجار بەرپرسانی ئەو کەناڵە سۆشیال میدیایانە واز لە ئامانجەکانی خۆیان دێنن و لەبری بڵاوکردنەوەی فیکرێکی نوێ و ڕۆشنگەرانە دەست بە چاوپێکەوتن و برەودان دەکەن بە فیکریی کۆنخوازی و چاوپێکەوتن و ڕاپۆرت لەسەر فیگەرە کۆنخواز و پاڵەوانە کارتۆنییەکان تەنها لەبەر ئەوەی خاوەن بینەرن.
لە دوو مانگی ڕابردوودا کە بە سەرنجەوە شەش کەناڵی میدیای کوردیم خستبووە ژێر چاودێرییەوە لە هەر شەش کەناڵەکەوە کە شەش کە دیاترین کەناڵە کوردییەکانن، کاتێک لە بەشێک لە بەرنامەکانیان ورد دەبوومەوە لە زۆرباردا لە پەیام و ستراتیژی کارکردن لایان دەدا و زۆرجاریش دەبوونە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو فیکرانەی کە دژ بە ئامانجی کەناڵەکە بوو و هەموویان لەو شەش مانگەدا کۆمەڵێک فیگۆری نێو سۆشیال میدیایان هێنایە سەر شاشە کە هیچ خاڵێک لەگەڵ بەرنامەی کاری ئەو میدیایانەدا یەکی نەدەگرتەوە.
لەم هەنگاوەوە ئەم میدیایانە لە “میدیای ڕەسەن” دادەماڵران و ڕۆڵی “سۆشیال میدیا”یان دەبینی، کە ئەمە هەڵەی گەورەیە بۆ هەر کەناڵێکی میدیایی کە دەستبەرداری ئامانج و پەیامەکانی ببێت و دوای حەزی بینەر و بیسەر و خوێنەرانی بکەوێت و پاڵوانی کارتۆنی و فیگۆرە کۆنحوازەکان زەق بکاتەوە.
میدیای ڕاستەقینە ئاراستەکەری ئەوانی دیکەیە، ئەوە میدیای فەیکە، کە ئەوانی دیکە ئاراستەی دەکەن و هەر ڕۆژەی لەسەر ئاوازێک سەما دەکات و هەر ڕۆژە و بە ئاراستەیەکدا دەخولێتەوە. بۆیە کاتێک بە سەرنجەوە سەیری ئەو کەناڵە میدیایانەم دەکرد، کە بەشێکیان هێزی ڕۆشنگەر و نوێخوازیان لەپشتەوە بوو، بەڵام هەستم بەوە دەکرد، کە لەپێناو بینەردا خەریکی بڵاوکردنەوەی پەیامی کۆنخوازی و دژە ڕۆشنگەریین، کە ئەمە دژ بوو بەو پەیام و ئامانجانەی بۆی دامەزرابوون.
بێگومان من دژی ئەوەم کە کەناڵە میدیاییەکان ڕای جیاوازیان تێدا نەبێت، بەڵکو گرنگە هەموو کەناڵێک ئەگەرچی بە ئاراستە و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراویشدا بڕوات، بەڵام پێویستە ڕای جیاوازی تێدا دەربکەوێت و ئەمەش دەبێتە هۆی سەنگینی زیاتری ئەو میدیایە، بەڵام پەرەدان بەو فیگۆرانەی بیری کۆنخوازی بڵاو دەکەنەوە و شایستەی ئەوە نین لە میدیاوە وتە و حوکمە نالۆژییەکانیان بڵاو بکرێتەوە، چونکە لێرەدا پەیامی میدیا ون دەبێت. کارکردن لە میدیادا بەبێ بوونی پرەنسیپ و ستراتیژی تایبەت لەبری ئەوەی لەنێو کۆمەڵگەدا کارکردی ئەرێنی بەجێبهێڵێت، ئاسەواری نەرێنی لە هەموو بوارەکاندا بەجێ دەهێڵێت.
لێرەوەیە کە زۆرجار نیگەرانم لە بەشێکی زۆر لە میدیای کوردی و لەسەر ئەم هەڵوێستە نامیدیایانەیە کە زۆرجار بەشێک لە نووسەران و ڕۆشنبیران بایکۆتی هەندێک لەو کەناڵە میدیاییانە دەکەن، بۆیە ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە کە پێویستمان بە بەخۆداچوونەوە و دانانی ستراتیژ و ئامانجی نوێ هەیە بۆ کاری میدیایی، تا دوور بکەوینەوە لە پەرەدان بە بیری کۆنخوازی و زەقکردنەوەی ڕۆڵی پاڵەوانە کارتۆنییەکان و پەراوێزخستنی پاڵەوانە ڕاستەقینەکانی پێشخستنی کۆمەڵگە.

ھەواڵی زیاتر