یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

لە شاری سلێمانی كۆڕێك بە نێونیشانی هەستی نەتەوەیی و توێژگرتنی لە هزردا بەڕێوەچوو

دوێنێ، بەئامادەبوونی د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەند و ڕۆژنامەنووسان و چین و توێژە جیاجیاكان، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی لە بارەگەی گۆڤاری هەردەم كۆڕێكی گفتوگۆئامێزی بۆ هونەرمەند و نووسەر (حەمەڕەشید هەرەس) بەنێونیشانی (هەستی نەتەوەیی و توێژگرتنی لە هزردا) سازكرد.

سەرەتای كۆڕەكە بە خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد، دواتر كۆڕگێڕ بەدرێژیی باسی لە هەستی نەتەوەیی و توێژگرتنی لە هزردا كرد و گوتی هەلومەرجی هیچ نەتەوەیەك کتومت لە هەلومەرجی نەتەوەیەکی تر ناچێت، جیاوازی لە کولتوور و تاقیکردنەوە و، تەنانەت لە پێناسەی هەر نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی تر جیاوازە، جا ئەگەر ئەو جیاوازییانە لە ڕۆژگارەکاندا بێت،بەڵام ئێمە لێرەدا دەتوانین هەموو نەتەوەکان لە یەك ئامانجدا کۆبکرێنەوە، ئەویش بە بەرەنگاربوونەوەی هەر نەتەوەیەکە دژی بێگانە لەسەر خاکی نەتەوەکەی خۆی.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا دوژمنانی کورد زۆر دەمێکە منەتی ئەوەیانە هەستی نەتەوەیی لە ناخی کورددا ڕیشەکێش بکەن.
لە كۆتایی گوتەکانیشیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئەمڕۆ هەلومەرجی کوردستان بە گشتی لەوە دەرچووە لەسەر تەخت و چواردەور ساتوسەوداو دانوستاندنی لەسەر بکرێت، ئیتر لەوە دەرچووە دەستکەوت و ماف لە دوژمن وەرگرێت. ئەگەر بە خۆمان بزانین ئێستا و ئایندەمان بە دەست خۆمانە، ئەمڕۆ زلهێزەکان هەمووی بەرەو یەك تەوەر دەچن و ناچارن ددان بە مافەكانی كورد دابنێن،
لە كۆتایی كۆڕەكەشدا بە چەندین ڕاو سەرنج و پرسیار كۆڕەكە زەنگینتر كراو سوپاسنامەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەكۆڕگێڕ درا.