دانا لهتیف شوانی ـ هەولێر
زاراوەی ئایدۆلۆژیا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٧٩٦ لەلایەن دۆستۆت دی تریسی بەکارهێنرا. سەر بە گروپی بیرمەندانی فەرەنسی سەردەمی ڕۆشنگەری بووە. ئهو بیرمەندانهی له پشت شۆڕشی فەرەنسییهوه بوون بریتیین له لامارک زانای بایۆلۆژی، لاپلاس زانای بیركاری، لاڤازیەر کیمیاگهر. بە پەیڕەوکردنی میتۆدی ئهزموونی لە تێگەیشتن و کاریگەری بوون بە فەلسەفەی ڕۆشنگەریدا، شوێنکەوتووی بزووتنەوەیەک بوو کە بیری فەلسەفی بە نیشانەی ساوایی مرۆڤ دەزانی و باوەڕێکی بەهێزی بە مەعریفەی ئەزموونی هەبوو.
ئەم دەستەواژەیە لە چوارچێوەی زانینی نوێ بۆ تێگەیشتن و دەربڕینی “ڕەگ و ڕیشەی ئایدیاكان” دامەزراوە، بەڵام دەگوترا ماناکەی بریتییە لە کۆمەڵە بیرکردنەوە و بەها و ئایدیایهك کە پەیوەندییان بە کۆمەڵگا و مێژووەوە هەیە و لەلایەن کەسێک یان گروپێکی دیاریکراوەوە پاڵپشتی لێ دهكرێت. ئایدۆلۆژیا لای مارکسیستە سەرەتاییەکان، سەرەتا هۆشیارییەکی درۆینە و شێواوی چینێکی دیاریکراو بوو سەبارەت بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، مانای نەرێنییەکەی کەم بووەوە. پاشان مانایهكی کۆمەڵناسی و بێلایەنی دۆزیەوە کە پێی دەگوترا ئەو کۆمەڵە بیر و بیرۆکەیەی کە مرۆڤەکان سەبارەت بە کۆمەڵگا هەیانە.
ڕەگی زانستی ئایدۆلۆژیا سەرەتا لەلایەن ناپلیۆن بۆناپارتەوە گۆڕدرا، دواتر مارکس مانایەکی تەواو نوێی پێبەخشی. نووسەرانی ئەم دەستەواژەیە، دەیانویست بە پشتبەستن بە زانستی تازە دامەزراوهكهیان، واتە زانینی بیرکردنەوەکان، عەقڵی مرۆڤ لە بیركردنهوه پێشوەختەییەکان خاڵی بکەنەوە، بەڵام ئەمە لەگەڵ دەسەڵاتی خۆسەپێنانەی ناپلیۆن ناکۆک بوو. بۆیە ناپلیۆن کە بە هاوکاری ئەم بیرمەندە ڕۆشنگەرانە هاتە سەر کار، دوای شکستی ڕووسیا و لاوازبوونی بناغەکانی دەسەڵاتەکەی، هەوڵیدا دژایەتی ئەم گرووپە بکات. ئەم وەسفەی وەک سووکایەتیکردن بەو کەسانە بەکارهێناوە کە وابەستەی توێژینهوهی ئایدیاكانن و پیاوی پراکتیکی نیین. ئەم گرووپەی بە ئایدیۆلۆژیست ناوبرد.
لای مارکس ئایدۆلۆژیا وەک بیرکردنەوەیەک وایه کە لە پهیوهست به ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و سیاسیی چینی دەسەڵاتدار بۆ پاساودانی بارودۆخی ههنوكهیی، بوونی ههیه. ئەو ئایدۆلۆژیای بە بیرێکی درۆ زانیوه. ئەم بیرە درۆینەیه کۆمەڵێک ئایدیا و باوەڕ و قەناعەت لەخۆدەگرێت کە ئاراستەیەکی دیاریکراو بە کردەی کۆمەڵایەتی دەبەخشن. هەرچەندە لە بهكارهێنانهكهی مارکسدا، ئایدۆلۆژیا مانایەکی نەرێنی هەبوو، بەڵام دواتر مانای ئەرێنیشی بهخۆیهوه گرت. لە سەدەی نۆزدەوە تا ئێستاش، ئایدۆلۆژیا بە مانای بیروباوەڕ و بیرکردنەوە و بەهاکان بەکاردەهێنرێت کە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و سیاسی بەڕێوەدەبەن، بەڵام جگە لەم تێڕوانینانە، پێناسەی تری ئایدۆلۆژیا لە مێژووی شارستانیەتی ڕۆژئاوادا خراوەتەڕوو. هەندێک له پێناسە باوەکان، دهتوانین تێگهیشتنهكانیان بهم چهشنه پوخت بكهینهوه:
- پرۆسەی بەرهەمهێنانی مانا و نیشانە و بەها لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا.
- کۆمەڵێک بیرکردنەوەی تایبەت بە گروپێک یان چینێکی دیاریکراو.
- ئەو فیکرانەی کە یارمەتیدەرن بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵاتی سیاسیی حوکمڕان.
- ئەو پەیوەندییانەی کە بە بەردەوامی به لارێدا بردراون.
- فۆرمەکانی بیرکردنەوە کە پاڵنەری بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتیەکانن.
- تێکەڵبوونی گووتار و دەسەڵات
- کۆمەڵێک بیروباوەڕی کرداری ئاراستەکراو.
- ئەو پرۆسەیەی کە ژیانی کۆمەڵایەتی دەبێتە واقیعێکی سروشتی.
كۆمهڵناسهكان پێیانوایه ئایدۆلۆژیاکان دوو جۆرن: ئایدۆلۆژیای تاك و ئایدۆلۆژیای گرووپی. ئایدۆلۆژیای تاك بە واتای ئەو ئایدۆلۆژیایانە دێت کە ئاراستەی ئەو جۆرە مرۆڤە دەکەن نەک گرووپ و چینێکی دیاریکراو. و بە پێچەوانەوه ئایدۆلۆژیای گرووپی بانگهشهی سهربهخۆیی و ڕزگاری و پێشکەوتنی گرووپێکی دیاریکراو دەکەن. هەر یەکێک لەو ئایدۆلۆژیانە لەسەر تێڕوانینێکی تایبەت بۆ مرۆڤ دامەزراون. ئایدۆلۆژیای مرۆڤدۆستی، باوەڕی بە سروشت و شتێکی هاوبەش لە نێوان هەموو مرۆڤەکاندا هەیە. هەمان ویژدانی سروشتی توانای بانگکردن و موخاتەبکردن و جوڵە بە مرۆڤ دەبەخشێت. ئایدۆلۆژیای گرووپی پێیوایە هۆشیاری و ویژدانی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری هۆکارە ژینگەیی و کولتوورییەکان دروست دەبێت. مرۆڤی ڕەها بەبێ گوێدانە هۆکارە مێژووییە یان کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان، نە زیرەکی و ویژدان و دەسەڵاتی بانگەواز و موخاتەبکردنی نییە. فەلسەفەی نەتەوەیی و نیشتیمانی تێڕوانینێکی وایان بۆ مرۆڤ هەیە. سەرچاوەی ئەم فەلسەفانە بەرژەوەندی چینایەتی یان هەستی نەتەوەیی و ڕەگەزی و کولتووری نەتەوەییە. سهبارهت به تایبەتمەندیەکانی ئایدۆلۆژیا، كۆمهڵناسهكان لهسهر ئهوه كۆكن كه گرنگترینیان بریتیین له:
- ئایدۆلۆژیا لەسەر بنەمای جیهانبینی دامەزراوە. جیهانبینی بریتییە لە بۆچوون سەبارەت بە جیهان وەک خۆی و بۆچوونە سەبارەت بە مرۆڤ وەک ئەوەی پێویستە.
- ڕوونکردنەوەی ئایدۆلۆژیای هەمەلایەنە و دامەزراندنی یاسای دروست بۆ مرۆڤ، كارێكی زهحمهته، کە بەرژەوەندییە تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتییهكانی خۆی دەزانێت.
- ئایدۆلۆژیا پێویستی بە بناغەی فەلسەفی هەیە. بنەمای فەلسەفی، بناغەکانی ئایدۆلۆژیا، عەقڵانی و ڕەوا دەکات.
4- ئایدۆلۆژیا بۆ قبوڵکردنه نەک سەپاندن. بەپێی خاڵی سێیەم، ئایدۆلۆژیا لەسەر بنەمای فهلسهفیی دامەزراوە، بۆیە ئایدۆلۆژیا بە زەبری هێز بەدەست نایەت. ڕەنگە مرۆڤ ناچار بکرێت پابەند بێت بە شتێکەوە، بەڵام ئایدۆلۆژیا پابەند نابێت.
5- ئایدۆلۆژیا بەرنامەیەکی گشتگیرە کە تایبەت نییە بە مەرجی کات و شوێنی دیاریکراو . واتە وا نییە هەموو مرۆڤێک لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی شوێنكات پێویستی بە ئایدۆلۆژیای جیاواز هەبێت. بێگومان ئەم حوکمە بۆ ئایدۆلۆژیای فەلسەفی دەگونجێت کە لەسەر بنەمای بنەڕەتی و ئەکسیۆمی بنەڕەتی یان ئایدیۆلۆژیای ئایینی کە لەسەر بنەمای وەحی و پێشبینی دامەزراو بێت، بەڵام ئایدۆلۆژیای زانستی کە لەسەر بنەمای جیهانبینییەکی زانستی ناجێگیرە، سوود لەم جۆرە پێدراوه نابینێت.
6- جیا لەوەی مرۆڤ لە بارودۆخە جیاوازەکاندا پێویستی بە فرە ئایدۆلۆژیا نییە، خودی ئایدۆلۆژیا لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵگادا ناگۆڕێت.
7- مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە ئایدۆلۆژیا هەیە و پێشکەوتنی زانست نەک پێویستی بۆ ئایدۆلۆژیا لەناو نابات، بەڵکو زیاتریشی دەکات.
دەتوانین بڵێین ئەو بۆچوونانەی کە ئایدۆلۆژیا بە پاساوی بارودۆخی ههنوكهیی دەزانن یان سنووردارکردنی بۆ گرووپێکی دیاریکراو، نادروستن. سەدەی نۆزدە چەندین بزووتنەوەی ئایدیۆلۆژی هەبوو. هەوڵی مارکس بۆ خستنەڕووی ئایدۆلۆژیایەکی زانستی و هەوڵی ئۆگست کۆنت بۆ چەسپاندنی هەڵوێستەکانی “ئاینی مرۆڤایەتی” نموونەی ئەم حاڵەتانەن، بەڵام ئەم بازاڕ گەرمییەی ئایدیۆلۆژیا لە ڕۆژئاوادا زۆری نەخایاند و وردە وردە ئایدۆلۆژیا لە گۆڕەپانی بیری سیاسیی ڕۆژئاوادا کەمتر دەرکەوت و تەنانەت چرپەی کۆتایی ئایدیۆلۆژیش دەبیسترا و تیۆرێک بە هەمان ناونیشانەوەش دروست بوو .