ئارام كۆشكی – سلێمانی
یەکێک لەو خاڵانەی لای من جێگەی سەرسامییە نووسینی فیکریی و فەلسەفییە بە زمانێک ڕوون و قووڵ، بەشێوەیەک ئیمکانی تێگەیشتنی ئاسان بێت و دوور لە تەمومژ و ئاڵۆزی دەستکرد بێت. بێگومان ئاگاداری ئەوەم کە هەندێک بابەتی فیکریی و فەلسەفی هەڵگریی ئاڵۆزییەکی سروشتییە و ئەگەری سادەکردنەوەی سەختە، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەر نووسەرگەلێک کەوتووم ئاڵۆزییەک لە نووسینەکانیاندا هەیە، کە دەستکردە، بارکردنی وتار و لێکۆڵینەوەکانیانە بە چەمکی قەبەی ناپێویست.
بێگومان لای من ئاڵۆزنووسی کەمتر هونەری تێدایە تا سادەنووسی. ئەگەر ئاڵۆزنووسی، جارێک بەکارهێنانی هونەر بێت بۆ نووسین، لاموایە سادەنووسی، یان دروستترە بڵێم ڕووننووسی چەند هێندە هونەری تێدایە، چونکە نووسین بە زمانێکی قووڵ و ڕوون گەلێک سەختە و ماندووبوونی زۆری دەوێت، چونکە نزیکبوونەوەیە لە خاڵێک کە پێی دەوترێت سادەکردنەوە تا ئاستی هیچنەگوتن. بۆیە پاراستنی ئەم مەودایە، کە تەنها تاڵەموویەکیان بەینە، گەلێک سەختە.
یەکێک لەو بیرمەندانەی کە لەسەر ئەم ئاستە سادە و قووڵە کاری کردووە و وتاری فیکریی و فەلسەفی بە ڕوونی و قووڵی نووسیوە “پیتەر سینگەر”ە، کە لەم دواییانەدا نووسەر و وەرگێڕ “دڵشاد حامید دەروێش” کۆمەڵێک وتاری فەلسەفی کردووە بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 137 لاپەڕەدا بە چاپی گەیاندووە. ئەم کتێبە 23 وتاری لەخۆگرتووە، کە بەشی هەرە زۆریان لەدەوری پرسی ئاکار دەخولێنەوە و ئەم بیرمەندە لە هەوڵی ئەوەدایە، کە پرسی ئاکار لەم سەردەمەدا کە بەرەو ئەوە دەچێت فۆڕمی دیکە وەربگرێت ئەویش دێت لەسەر ئەو فۆڕمە نوێیانە کار دەکات و لەشێوەی وتاری کورت و پوختدا تیۆریزەیان دەکات تا هەموان توانای ئەوەیان هەبێت لە ماناکانی تێبگەن.
وتارەکانی ئەم کتێبە هەڵبژاردەیەکن لە کۆمەڵێک وتاری زۆری ئەم بیرمەندە و لێرەدا دەرفەت نییە لەسەر وردەکاری سەرجەم وتارەکان بدوێم، بەڵام ئەو وتارەی کە ناونیشانی کتێبەکەشی هەڵگرتووە لای من گەلێک سەرنجڕاکێش بوو، یان جۆرێک لە ڕاچڵەکاندن بوو، کە پرسێکی لە خۆگرتووە هەرگیز بیرم لێ نەکردووەتەوە، ئەویش پرسی گیاندەرچوونی “ماسی”یە ئەوکاتەی ڕاو دەکرێت و دادەنرێت تا دەمرێت.
ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر کاتێک لەگەڵ باوکم و مامم ڕاوەماسیم دەکرد، لاموابوو مردنی ماسییەکان ئاسانترین جۆری مردنە هەر ئەوەندەی لە ئاو دێنە دەرەوە دوای چەند چرکەیەک دەمرن. ئەمەم وەکو مردنێکی ئاسان ئەژمار دەکرد. بەڵام لاموابوو مردنی مەڕ و بزن و مانگا، کە لە کوشتارگەکاندا سەردەبڕدرێن و خوێنێکی زۆریان لەبەر دەڕوات، سەربڕینی ئەوان ئازارێکی زۆری هەیە، نەک ماسییەکان، کە هیچ خوێنێکیان لەبەر ناڕوات و تەنها بەشێوەیەکی هێمن گیان دەدەن. پیتەر سینگەر لەم وتارەدا ئەو بۆچوونەی پێچەوانەوە کردمەوە و سەرنجی خستمە سەر ئەوەی ماسییەکانیش ئازار دەچێژن و گرتنی ماسی و دانانی تا دەمرێت گەلێک ئازار بەخشە، ئەوان هاواری زۆر دەکەن، بەڵام ئێمە نایانبیستین و کەسمان بیرمان لێ نەکردووەتەوە. کاتێک گوتم گوتارەکانی ئەم کتێبە بەشی زۆریان لەسەر پرسی ئاکارە. ئاکار لەم کتێبەدا تەنها مەبەست لە ئاکارباشی نییە بەرامبەر مرۆڤەکان، بەڵکو بەرامبەر ئاژەڵ و باڵندە و ماسییەکانیش جۆرێک لە بەرپرسیارێتیمان هەیە، کە ئاکارمان داوامان لێ دەکات، یان ئەوانە بۆمان دەبێتە پێناسەی کەسێتیمان.
خاڵێک کە لەم وتارەدا پێداگریی لەسەر دەکرێت ئەوەیە دەکرێت لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەر بوونەوەرێکدا بەمەبەستی ڕاوکردن، یان کوشتنی، دەکرێت کەمێک کەمتر توندوتیژ بین، یان وەکو سینگەر دەڵێت “ئەڵتەرناتیڤی کەمتر توندوتیژ” بگرینە بەر. ئەمەش لەپێناو ئەوەیە کە دیوێکی مرۆیی بە ژیانمان بدەین، نەک ئەو دیوە چاوچنۆکییە بازرگانییە، کە تەنها لەبیر خۆیدا نەک ئەوانی تر.
ئەوەی لەم کتێبەی سینگەرەوە فێر دەبین ئەوەیە کەمتر توندوتیژ بین و مرۆییانە بیر بکەینەوە و هەڵسوکەوت لەگەڵ “ئەوانیتر”دا بکەین، ئیدی ئەو ئەوانیترە مرۆڤ بێت، یان ئاژەڵەکان، درەختەکان بن، یان شاخ و دەریاکان. ئەوەی بۆ من گرنگ بوو لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا ئەم وانە گرنگانەی ژیاندۆستیی بوو، ئیدی بۆم گرنگ نییە ئەم بیرمەندە چ پاشخانێکی ئایینی و نەتەوەیی هەیە. ئەوەی گرنگە ئەو کۆمەڵێک ئایدیای هیومانیستی هەیە، کە دەیەوێت خزمەتی مرۆڤایەتی بکات و ئەوانی دیکە لە کردە نامرۆییەکان ئاگادار بکاتەوە و منیش لەو ئایدیایانە بەهرەمەند بووم و هەموو خوێنەرانی دیکەش دەتوانن لێی بەهرەمەند بن.
دەستخۆشی بۆ مامۆستا دڵشاد و وەرگێڕانی ئەم وتارانە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بۆ چاپکردنی کتێبەکە.