بۆچوونی ئەلێف شەفەق لەبارەی پرسی كورد لە توركیا

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەلێف شەفەق، بەیەكێك لە رۆماننوسە هەرە دیار و بەناوبانگەكانی توركیا و جیهان ناوی دەركردووە، لە نووسین و رۆمانەكانیدا بەردەوام داكۆكی لە مافی مرۆڤ و ئافرەت و ئازادی تاك كردووە، بۆیە لەبارەی پرسی كوردیش لە توركیا، بۆچوونی ئەو رۆماننوسە ئەرێنییە و دەڵێت قسەكردن بە زمانی كوردی، مافێكی سرووشتییە و عەیبە باسی بكەین.

لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ به شی ( سی ئین ئین )ی توركی، شەفەق چەند ساڵێك بەر لە ئێستا،، باسی لە پرسی كورد كرد و دەڵێت كاری زۆرم لەسەر كردووە، چوونكە ئەگەر لە توركیا بژیت و مێشكی خۆت بە پرسی كوردەوە خەریك نەكەیت، ئایە مومكینە بتوانیت مێشكی خۆت بە دیموكراتییەوە خەریك بكەیت.
شەفەق دەڵێت: ”مافی كلتوورەكان لەلای من زۆر گرنگە، من لە توركیا بوومە دەزانم كە ئەو مافە چەند گرنگە، دەبێت رێگە بدرێت كورد بەزمانی دایك بخوێنێت، یان ئەو دایك و باوكانەی دەچنە گرتووخانە بۆ سەردانی رۆڵەكانیان دەبێت بەزمانی خۆیان بدوێن ئەمە باسكردنی شتێك زۆر بێزاركەرە،
چوونكە هەر خۆی دەبێت وابێت و ئەمە سروشتییە دەبێت هەر كلتوورە و بەزمانی خۆی بدوێت. لەگەڵ ئەوەدام كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت، چوونكە زمانی كوردی زمانی ملیۆنان مرۆڤە. هەر وڵاتانیش بەم شێوەیە درێژەیان بەپێكەوەژیان داوە، بۆ نموونە لە بەریتانیا و ئیسپانیا چەندین زمان بوونی هەیە، كاتێك دەچمە بەریتانیا تابلۆكان بە دوو زمان نووسراوە، بۆیە ئەگەر باسی ئەو شتانە نەكەین، فشارەكان زیاتر دەبن.“
بەبۆچوونی شەفەق، كوردێكی توركیا، لەگەڵ كوردێكی عێڕاق یان سووریا خاڵی هاوبەشیان ئەوەندەی توركێكی ئیستانبۆڵ نییە، بۆیە گرنگە ئەو پێكەوەژیانە بپارێزن، چوونكە كورد و تورك وەكوو نینۆك و گۆشت وان لەیەكتری نابنەوە.
پێشتریش ئەو نووسەرە چەندین نووسینی لەبارەی پرسی كوردەوە نووسیوە، هەر بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥، لەگەڵ ئەوەبوو كە كورد وەكوو پارت بچێتە پەرلەمان و ئەوكات لە وتارێكدا كە لە (فینانشیال تایمز) بڵاوی كردبووە، لەگەڵ ئەوە بوو كە هەدەپە وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە، چوونكە ئەگەر هەدەپە بەربەستی هەڵبژاردن نەشكێنێت، بەومانایە دێت كە خوێنی زیاتر لەم وڵاتەدا دەرژێت، بۆیە بۆ دیموكراتی توركیا گرنگە كورد وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە.
شەفەق، سەردەمانێك پشتگیری لە ئاكەپە دەكرد، یەكێك لە هۆكارەكانیش ئەوەبوو، كە ئاكەپە لە كورد نزیك ببووەوە و پرسی كوردی هێنابووە بەرباس و شەفەق، یەكێك بوو لەوانەی دەیگوت، گرنگە مافی كورد لە توركیا پێشێل نەكرێت و وەكوو هاووڵاتییەكی تورك لە دەستووردا پێناسە بكرێت و داكۆكی دەكرد، كە پێویستە دان بەزمان و كلتووری كورددا بنرێت لە توركیا.
بەڵام دوای ئەوەی لە پشتگیركردنی ئاكەپە دووركەوتەوە و ئەمجارەیان لە نووسینەكانیدا رەخنەی لێیان گرت، یەكێك لە رۆژنامەكان لێیان پرسی، بۆچی هەڵوێستت بەرامبەر بە ئاكەپە گۆڕا؟ شەفەق لە وەڵامدا گوتی: ”ئاكەپە گۆڕاوە نەك من، پێشتر بۆیە پشتگیریم لێی دەكرد، چوونكە پرسی كوردی هێنابووە بەرباس و هەروەها چەندین هەنگاوی بۆ مافی مرۆڤ و ئافرەت هاوێشت، كە لەوانە دووركەوتووە، منیش لێی دووركەوتمەوە.“
شەفەق، وتارێكی درێژی لەبارەی خوێندن بەزمانی كوردی نووسیوە و لە ماڵپەری (خەبەر تورك) بڵاوی كردووە و لەوێدا داوا لە توركیا دەكات، دان بە زمانی كوردی بنێن، وەكوو چۆن دان بەزمانی توركی نراوە و قەدەغەكردنی زمانی كوردی بە عەیبەیەكی گەورە دادەنێت لە توركیا.