ئایا پێشانگاکانی کتێب کاریگەریی ئەرێنیان هەیە؟

ئارام كۆشكی – سلێمانی

یەکێک لەو پرسیارانە هەمیشە لە کاتێ کردنەوەی پێشانگاکانی کتێبدا دەبێتە باسوخواست ئەو پرسیارەیە، کە ئایا پێشانگاکانی کتێب کاریگەریی ئەرێنیان لەسەر پرۆسەی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە و بووژاندنەوەی ژێرخانی مەعریفی هەیە؟ یان چ کاریگەرییەکیان لەسەر ژێرخانی کۆمەڵگە هەیە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە داتا و ئاماری دروست و توێژینەوە و وردبوونەوە هەیە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پێشانگاکان کتێب. بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەمانە بەردەست نین. بۆیە ئەوەی هەیە دەکرێت لێرەدا بیخەینەڕوو ئەو سەرنجانەن کە بەشێوەیەکی گشتی دەیخەینەڕوو.

لە ماوەی ڕابردوودا لە شاری هەولێر خولی 16 هەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب کرایەوە. پێشانگەکە بە بەشداری 300 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە چەندین وڵاتی جیاجیاوە بەشدارییان تێدا کرد و بۆ ماوەی 11 ڕۆژ بەردەوام بوو و خۆشبەختانە زۆری ژمارەی سەردانکەرانی جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردن بوو.
یەکێک لەو خاڵانەی ئەم پێشانگایانە لای من بە درەوشاوەیی دەهێڵێتەوە ئەوەیە کە لەم سەردەمی تەکنەلۆژیا و هەیمەنەی سۆشیامیدیایەدا بیری تاکەکانی دەخەنەوە کە کتێب هێشتا متمانەپێکراوترین سەرچاوەکانی دەستگەیشتنە بە مەعریفە. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە سازدانی کەرنەڤاڵی لەم شێوەیە نیشانەی زیندووێتی هەر گەل و نەتەوەیەکە و دەریدەخات کە ئەو گەلە بەرەو هەنگاوی زانست و پێگەیشتن و گەشەسەندن دەڕوات. ئەمە بێجگە لەوەی کە کردنەوەی پێشانگەی کتێب لە ڕووی گەشتیاریی و بازرگانییەوە جوڵەیەکی گرنگ دەخاتە نێو ئەو ناوچانە و بە هەزاران سەردانیکەر نیشانەی ئەوەیە، کە جوڵەکە تەنها یەک بوار ناگرێتەوە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر سێکتەرەکانی دیکەش دەبێت.
ئەگەر ئەمانەی سەرەوە لێکەوتە ئەرێنییەکانی سەرخانی پێشانگەی کتێب بێت، ئەوا لێکەوتەکانی ژێرخانی ئەم جۆرە لە پێشانگایانەی کتێب گەلێک زیاتر و سوودمەندترە. کاتێک لە پێشانگایەکی وەکو ئەوەی ئەمساڵدا یەک ملیۆن و نیو کتێب نمایش دەکرێت و لانی کەم یەک لە چواری ئەم کتێبانە دەچێتە لای خوێنەر، کەواتە نزیکەی 400 هەزار کتێب گەیشتووتە لای نووسەران و ڕۆشنبیران و خوێنەران، بۆیە لەم ژمارەیە بێگومان بەشێکی زۆریان کاریگەریی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی تاکەکان و ئەو ڕشتانە دادەنێن، کە فێرخوازان سەرچاوەیان لەبارەیەوە کڕیوە.
کاتێک باس لە وشیاریی دەکەم مەبەستم لە وشیارییەکی گشتییە، کە دەشێ کاریگەریی لەسەرە هەموو لایەنەکانی ژیان هەبێت لە مامەڵەکردنی تاکەوە لەگەڵ ژینگە تا هونەری ژیانسازی، یان وشیارییەک کە ڕۆڵی هەبێت لەوەی تاکەکان بەرەو ژیانێکی ئارەزوومەندانە ئاڕاستە بکات. بێگومان هەر تەنها ئەم خاڵە دەبێتە یەکێک لە دەستکەوتە ئەرێنییەکانی ئەم جۆرە لە پێشانگەی کتێب. ئەمە بێجگە لەوەی ئەم پێشانگایانەی کتێب کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە و دروستکردن و زۆرکردنی خوێنەر هەیە، چونکە لە زۆرێک لە پێشانگاکانی کتێبدا چ لە هەولێر، یان لە سلێمانی ڕێکەوتی ئەو جۆرە کەسانەم کردووە، کە بۆ یەکەمجار ئەم پێشانگایانەی کتێب بووەتە هاندەریان بۆ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە دەست بە خوێندنەوە بکەن. بێگومان ئەمەش دەستکەوتێکی تری ئەرێنی ئەم جۆرە پێشانگایانەیە. هەربۆیە بەردەوامی ئەم جۆرە پێشانگایانە هەنگاو بە هەنگاو لە پرۆسەی بە کولتووکردنی خوێندنەوە و وشیاربوونەوەی تاکەکان نزیکمان دەکاتەوە.
یەکێک لەو خاڵە نەرێنیانەی زۆرجار گوێم لێی دەبێت لەم جۆرە پێشانگایانەدا ئەو دەنگە نووزەڵانەیە کە پێیانوایە ئەم جۆرە پێشانگایانە هیچ کاریگەرییان لەسەر خوێنەر نییە، بەڵام ئەم بۆچوونە قسەی ئەو کەسانەیە کە خۆیان ناخوێننەوە و ئاگاداریی ئەوە نین ئێستا لەم سەردەمی جەنجاڵییەدا کەسانێکی زۆر هەن کە تامەزرۆی دەستگەیشتنن بە مەعریفە و دەیانەوێت ئەمڕۆیان وەکو دوێنێ و ئەمساڵیان وەکو پار نەبێت، چونکە تەنها خوێندنەوە ئەو هێزەی هەیە کە مرۆڤ هەموو ڕۆژێک هەست بە نوێبوونەوە بکات.