كاك مومتاز حه‌یده‌ری هه‌زار جار پیرۆزه

هه‌ولێر

هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكین، كه‌ مومتاز حه‌یده‌ری گه‌وره‌ترین خزمه‌تی به‌ ئه‌رشیفكردنی كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه‌ كردووه‌. وه‌ك سۆفییه‌ك زاهیدانه‌ له‌ خانه‌قای كتێبدا ئادابی مه‌عریفه‌ و خزمه‌تكردنی بواری ڕۆشنبێری به‌جێهێناوه‌. وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی دڵسۆز هه‌میشه‌ له‌ سه‌نگه‌ری وشه‌دا قوربانی به‌ ژیان و كاتی ئاساییی خۆی داوه‌. وه‌ختێك له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌یری سه‌ر و سیمای مومتاز حه‌یده‌ری ده‌كه‌یت هه‌ست ده‌كه‌یت ڕه‌نگی ڕووپه‌له‌كانی كتێبی گرتووه‌. هه‌ركێ باسی مومتاز حه‌یده‌ری بكات، كتێبی بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌‌. كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه‌ و پاراستنیان له‌ ڕۆژه‌ سه‌خت و دژواره‌كان هه‌روا ئاسان نییه‌. ڕۆژانێك لێره‌ به‌هۆی ده‌سته‌ڵاتی داپڵۆسێنه‌ری به‌عس ته‌نیا به‌هۆی كتێبێك له‌باره‌ی شۆرش و خه‌باتی كورد، خوێنه‌ر ڕاپێچی زیندان و په‌تی سێداره‌ ده‌كرا. له‌وان ڕۆژان كاك مومتاز وه‌ك پاراستنی ئازیزانی كتێبه‌كانی خۆی پاراست و ژیان و گیانی خۆی خسته‌ مه‌ترسی.

به‌ڵێ، به‌ڕاستی كاك مومتاز شایانی هه‌موو ڕێز و سوپاسێكه‌. به‌م ته‌مه‌نه‌شه‌وه‌، كه‌ به‌ره‌و نه‌وت ساڵی هه‌نگاو ده‌نێ، هێشتا بۆ خۆشه‌ویستیی كتێب ده‌ڵێی خوێنه‌رێكی بیست ساڵییه‌ و شه‌و و ڕۆژ ژوان له‌گه‌ڵ كتێب ده‌به‌ستێت. له‌ كتێبخانه‌ هه‌مه‌ڕه‌نگه‌كه‌ی ڕۆژانه‌ كتێبه‌كانی بۆن ده‌كات و چێژ له‌ بینینیان وه‌رده‌گرێت.
ئێمه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر به‌ بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی كتێبخانه‌ نوێیه‌كه‌ی پیرۆزباییه‌كی گه‌رمی لێ ده‌كه‌ین و هیوادارین له‌ هه‌ولێر و كوردستان نموونه‌ی كه‌سانی وه‌ك مومتاز حه‌یده‌ری هه‌ر زۆر بێت.