د. کەیفی ئەحمەد کتێبێکی دەربارەی (هونەری گێڕانەوە) بڵاوکردەوە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

نووسەر د. کەیفی ئەحمەد نوێترین کتێبی خۆی بەناوی “هونەری گێڕانەوە لە ڕۆمان و داستانی کوردیدا” بڵاوکردەوە. ئەو کتێبە لە ٢٥٠ لاپەڕەی قەبارە گەورە پێکهاتووە.

د. کەیفی ئەحمەد، دەربارەی کتێبە تازەکەی بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی ڕاگەیاند: ئەو کتێبە لە ٢٥٠ لاپەڕەی قەبارە گەورە پێکهاتووە. ناوەڕۆکی کتێبەکە پێنج لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لەخۆی دەگرێت، سێیانیان لەسەر رۆمانە و دووانیان لەسەر داستانە، لەگەڵ گوتارێک لەسەر رۆمان. لێکۆڵینەوەی یەکەم کە لەسەر رۆمانە بەناوی بتیادی وەسف لە رۆمانی هێلانەی حوسێن عارفدا، لێرەدا بەشێوەیەکی ئەکادیمی و دوورودرێژ باسی ئەو وەسفە جوانانەمان کردووە کە لە رۆمانی هێلانەدا حوسێن عارف بەکاری هێناوە. لێکۆڵینەوەی دووەم بەناوی ریالیزم لە رۆمانی هەڵکشان بەرەو لوتکە، ئەوە رۆمانێکە کە زیاتر سوودی لە واقیع بینیوە، ئەو واقیعەی کە لەنێو شاری کەرکوک دیارە، لەو گەڕەک و کارەکتەر و شوێنانە دەکات کە بەشێوەیەکی واقیعی باسی لێوە دەکات.
دەشڵێت: لێکۆڵینەوەی سێیەم کە لەسەر داستان کردوومانە، یەکەمیان بەناوی رەنگدانەوەی باوکسالاری لە داستانی سەیدەوان، دیارە داستانی سەیدەوان یەکێکە لە داستانە جوانە فۆلکلۆرییەکانی کورد، هەروەها یەکێکە لە تڕاژیدیایەکان، کە دەتوانین بە تڕاژیدیایەکی زۆر جوان دایبنێین کە بەپێی بنەماکانی ئەرستۆیی هەموو بنەماکانی تڕاژیدیای تێدا بەرهەم دێت، ئەو داستانە زیاتر باسی دەسەڵاتی باوک دەکات، ئێمە لەو رۆمانەدا تەنیا قسەمان لەسەر ئەو روانگەیەدا کردووە، ئەو باوکسالارییەی کە عەزیزە کوێر دەرهەق بە ماڵ و کوڕ و کچ و عەشیرەتەکەی بەکاری دێنێت.